ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی راگه‌یه‌نراوێکی بڵاو کرده‌وه‌
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دوای کۆبوونەوەی خۆی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و  جەختی لەسەر هەڵوێستی حزبه‌که‌ لەبارەی سیستەمی ناناوەندێتی کارگێڕی کردەوە.

کوردپرێس دەقی راگەیەنراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بڵاو دەکاتەوە:

ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەسەرۆکایەتی هاوسەرۆکان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی بەساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستپێکرد.

سەرەتا هاوسەرۆکان هەڵسەنگاندنێکی وورد و بابەتیانەیان لەبارەی دۆخی سیاسی و ئابوری و هەمەلایەنەی کوردستان و عێراق پێشکەش کرد.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و جێگیری یەکێتی کردەوە لەبارەی پرسەکانی:

1. سیستەمی نا ناوەندێتی کارگێڕی و دارایی (لامەرکەزی) لەچوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا.

2. پشتیوانی کردنی تیمی دانوستاندنی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی ئیتیحادی، هاوکات فراکسیۆنی یەکێتی لە پارلەمانی عێراق راسپارد کە هاوکار و پشتیوانی تیمەکە بێت.

3. چاک کردنی دۆخی گوزەران و ژیانی خەڵکی کوردستان. لەم بارەیەوە رێککەوتن لەچوارچێوەی دەستووری عێراق بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021دا، بەپێویست زانرا.

4. تەئکید کردنەوە لەسەر پێویستی جێبەجێ کردنی ئەرکە دەستووری و نیشتمانیەکانی حکوومەتی ئیتیحادی و حکوومەتی هەرێم لە پاراستنی سەروەری وڵات و رێگرتن لە پێشێلکارییەکانی سنوورەکان، کە پێچەوانەی یاسا نێودەۆلەتییەکان و پرەنسیپی (دراوسێیەتیی باش)ن.

5. سەرکۆنەی هەموو جۆرە گرتن و زیندانی کردنێکی لەسەر بیروڕای ئازاد و چالاکی سیاسی و مەدەنی کرد بەتایبەت لەدەڤەری بادینان، بۆیە داوای ئازاد کردنی بەپەلەی سەرجەم گیراوان دەکات لە رۆژنامەنووسان، چالاکانی مەدەنی، کادرانی یەکێتی و حزبەکانی تر.

بەشێکی تری کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی تایبەت بوو بەکاروبارەکانی حزب و راپۆرتی کۆمسیۆنەکان. لەم بارەیەشەوە راسپاردەی پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113