جەهانگیری: دیاردەی کۆڵبەری جێی نیگەرانییە و تاوتوێی چارەکردنی ئەو بابەتە دەکەین

بەشی کوردستان- جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند دیاردەی کۆڵبەری بابەتێکی جێی نیگەرانی و ئەسەفە و دەوڵەت هەوڵ دەدات ئەو بابەتە چارە بکات و کاری یەکخستن و چاکسازی لەو بارەیەوە ئەنجام بدات.

کوردپرێس:

ڕۆژی شەمە 2ی ڕەشەمەی 1399 ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێک گەیشتە پارێزگای کوردستان و لە فڕۆکەخانەی سنە لە لایەن مورادنیا پارێزگاری کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا.

جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران لە وتارێکدا ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد و یەک لەوانەش مەسەلەی کۆڵبەر و کۆڵبەری لە سنوورەکانی کوردستان بوو.

جەهانگیری لەو بارەیەوە نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند سەرباری ئەوە یاسای یەکخستن و کاری چاکسازی بۆ دیاردەی کۆڵبەری لە ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران پەسەند کراوە بەڵام تا ئەم کاتەش دەبینین کۆڵبەری وەک خۆی ماوەتەوە بۆیە ئەمڕۆ لە کوردستان تاوتوێی ئەو بابەتە دەکەین بۆ ئەوەی بزانین کێشەکە لە کوێدایە.

ناوبراو دووپاتی کردەوە دیاردەی کۆڵبەری بابەتێکی جێی نیگەرانی و ئەسەفە و هەوڵ دەدەن ئەو بابەتە لە ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران چارەسەر بکەن.

جەهانگیری ئاماژەی بە چەند پڕۆژەیێکی تەرخانکراو بۆ کوردستان کرد کە لە بواری پترۆکیمیا و کارخانەی تەگەر و لە کەرتی گەشتیاری و ئاوەدانکردنەوە بۆ پارێزگای کوردستان ئامادە کراوە.

شایانی باسە سەردانەکەی جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران بۆ پارێزگای کوردستان بە مەبەستی کردنەوە و بەسەرکردنەوەی چەند پڕۆژەیێکی ئاوەدانکردنەوە ئەنجام دراوە.

News Code 1097

Your Comment

You are replying to: .
captcha