هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر لە زاری ئەمریکییەکانەوە

بەشی جیهان- بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا لە هەولێر هێرشە مووشەکییەکەی شەوی دووشەمەی سەر هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان بە شۆک و چاوەڕواننەکراوە دەزانن و دەڵێن دڵنیا نین لەوە کێ بەرپرسیارە لەو هێرشە.

کوردپرێس:

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بنکەی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە دەوروبەری ئەو فڕۆکەخانەیە کە زیاتر هێزی ئەمریکیی تێدایە شەوی دووشەمە کرایە ئامانجی چەند ڕۆکێتێک و لەو هێرشەدا بەڵێندەرێکی سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانان گیانی لە دەست دا و چەند بەڵێندەرێکی دیکەش لەگەڵ سەربازێکی ئەمریکی بریندار بوون.

ماڵپەڕی دیفنس وانی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی لەبارەی ئەو هێرشە مووشەکییەوە ئامادە کردووە و تێیدا بۆچوونی فەرماندە و سەربازە ئەمریکییەکان لەوبارەیەوە دەخاتە ڕوو.

هێزە ئەمریکییەکان هێرشی هەفتەی ڕابردووی سەر هەولێر بە شۆکێک و شتێکی چاوەڕواننەکراو دەزانن و دەڵێن دەرفەتێکی کەمیان بۆ پارێزگاری کردن لە خۆیان لەو هێرشەدا هەبوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ڕۆکێتەکان لانی کەم دوو سەنگەری ئەمریکییەکانی سووتاند و 20 سەربازی ئەو دوو سەنگەرە لە دۆخێکدا کە بە دۆخێکی "قرپ" وەسف دەکرێت دەرفەتی بەرگری کردنیان لە خۆیان نەبووە.

هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە چەند کەس لە هێزەکان بریندار بوون و ژمارەیێکیان پێویستیان بە نەشتەرگەری بووە و بەڵێندەرێکی سەربە سوپای ئەمریکاش گیانی خۆی لە دەست داوە.

براندی ترێگەر یەک لە فەرماندەکانی لیوای پیادەی 256ی هێزی لویزیانا کە تەنها دوو هەفتەیە بۆ بنکە سەربازییە پێکراوەکەی هەولێر هاتوون، لەبارەی هێرشەکەی شەوی دووشەمەی سەر هەولێر بە گۆڤاری دیفنێس وانیان وتووە هەموو شتێک زۆر بە خێرایی ڕووی دا.

بەگوێرەی نووسراوی ئەو گۆڤارە، هێرشەکە نیگەرانیی زۆری لێکەوتۆتەوە چوونکە هەرێمی کوردستان هەمیشە ناوچەیێکی پارێزراو لە هێرشەکان کەوتۆتە بەر چاو و گرینگتر ئەوەیە کە هێرشەکە لە نێو سنووری هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکردووە و مەسەلەی تۆکمەنەبوونی دۆخی ئەمنی بەتایبەت لە شوێنی جێگریبوونی هێزە بیانییەکان ئاشکرا دەکات.

سکات دزۆرمەکس فەرماندەی لیوای 256ی هێزی لویزیانا لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەوە دەڵێت هێرشی لەو شێوەیە بۆ سەر هەولێر شتێکی نائاسیییە. پێشتر شتی لەو شێوەیە لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان نەبینراوە.

سەرباری ئەوەی گرووپێک بە ناوی سەرایا ئەولیا ئەلدەم بەرپرسیارێتیی هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرتووە بەڵام دیفنێس وان لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە نووسیویەتی دڵنیا نەبوونەتەوە کە کێ یان چ گرووپێک ئەو هێرشەی ئەنجام داوە.

News Code 1100

Your Comment

You are replying to: .
captcha