تەگبیرێکی سیاسی ڕێگری دەکات لە پێکدادانی نێوان پەکەکە و پارتی

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا دەڵێت: حزبە بەشداربووەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردستانی سووریادا لەژێر کاریگەریی پەکەکە نین و سیاسەتیان سەربەخۆیە.

«فەرهاد تەلۆ» سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە جووڵە نوێکانی سوپای تورکیا لە گارە و ململانێی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەسەر شەنگال و وتی: هەموو حزبە کوردییەکان چ ئەوانەی بەشدارن لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و چ ئەوانەی لە ئەنجومەنی نییشتمانیی کوردی سووریان، هەموو دەبێت بەرپرسیار بن لە دۆخەکەدا. ئەمڕۆکە لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەوە هەندێک حزبە بەشداربووەکانی ئیدارەی خۆسەر تۆمەتبار دەکرێن بە سەربە پەکەکە بوون؛ لەحاڵێکدا کە ئەنەکەسە بەبێ ئیزنی پارتی هیچ بڕیارێک نادات.

ناوبراو درێژەی دا: ئێمە وەکوو پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا خۆمان بە پارتێکی کوردستانی دەزانین و پشتگیری لە هەموو حزبێکی کوردی دەکەین. بەڵام بەم شێوەیە نییە کە لەژێر کاریگەریی حزبێکدا بین چوونکە ئیدارەی خۆسەر بەبەشداریی هەموو حزبە کوردییەکانی ناوچەکە پێکهاتووە.

سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا لەبارەی ململانێی نێوان پەکەکە و پارتی وتی: سەرەڕای ئەوەی کە لەنێوانیاندا ناکۆکیی هەیە بەڵام هەردوو لایەنەکە بەرپرسن لە دووری گرتن لە پێکدادان.

فەرهاد تەلۆ لەبارەی پرسی شەنگال وتی: ئێمە وەکوو حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (PYNK) لە بەیاننامەیێکدا ڕامانگەیاندووە لە ململانێکانی نێوان پەکەکە و پارتیدا لایەنگری هیچ یەکیان نین و بڕوامان وایە حزبە کوردییەکان دەبێت هەڵویستێکی یەکگرتوویان لەسەر پرسی کورد هەبێت چوونکە ماکۆکییەکان کاریگەرییان لەسەر دانوستانی نێوان لایەنەکاندا هەیە.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ڕاستە کە ناکۆکی هەیە بەڵام ئیرا دەیێکی بەهێزیش بۆ یەکگرتن دەبینرێت و هەمووان دەیانەوێت پڕۆژەکەی ژەنراڵ مەزڵووم کۆبانی بگاتە ئەنجام.

فەرهاد تەلۆ دەشڵێت: ئەمڕۆکە ژمارەیێک لە حزبە کوردییەکان لە کۆنگرەی نیشتمانیی کوردیدا بەشدارن کە ڕۆڵێکی ئەرێنییان هەیە لە یەکگرتنی لایەنەکان و سەردانی حزبە جیاجیاکان لە کوردستانی سووریا و عێراق دەکەن و بەدوای ڕێگاچارەیێکدان بۆ چارەسەریی ململانێکان.

ناوبراو وتیشی: دوژمنانی گەلی کورد لە ناوچەکەدا خوازیاری ئەوەن کە خەڵک و حزبە کوردیەکانی ناوچەکە پێکەوە ناکۆک بن و پێویستە حزبە کوردییەکان لەمبارەوە وشیار بن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1107

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha