پێویستە ئەمریکا لەباری سیاسییەوە کوردەکان بە فەرمی بناسێت

بەشی سووریا- نوێنەری پارتی یەکێتیی دیموکراتیک لە باڵکان، دەڵێت: پێویستە ئەمریکا لەباری سیاسییەوە کوردەکانی سووریا بە فەرمی بناسێت.

دکتۆر «ئیبراهیم موسلیم» نوێنەری پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لە باڵکان و ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی ئەو حزبە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە سیاسەتەکانی ڕووسیا لەئاست کوردستانی سووریا و وتی: ڕووسیا هیچ کات سیاسەت و ڕۆڵێکی ئەرێنیی چ لە ئاست سووریا و چ لە ئاست کوردەکانی سووریا نەگرتە بەر. ڕووسیا تەنها بۆ بەرژەوەندیی و مەسڵەحەتی خۆی هاتۆتە سووریا و بەرژەوەندیی نیشتمانیی سووریای لە خزمەتی خۆی داناوە و گرووپە جیاوازەکان بەپێی خواستی خۆی ڕووبەڕووی یەکتر دەکاتەوە.

ناوبراو وتیشی: لە پرسی هاوکاری کردن لەگەڵ تورکیاش لەدوای بەرژەوەندیی خۆیدایە و بەنیازە ئەنقەر لە واشنتن و ناتۆ دوور بخاتەوە و هەروەها کە ڕووداوە مێژووییەکان دەیسەلمێنن لەپرسی یۆنانییەکان و ئەرمنییەکانیشدا کەڵکی لەم بابەتە وەرگرت.

نوێنەری پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لە باڵکان ئاماژەشی دا بە سیاسەتەکانی ئەمریکا لەئاست کوردی سووریا و ڕایگەیاند: هەموو وڵاتان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان هاتوونەتە سووریا و ئەمریکاش جیاواز نییە لەم بابەتە. ڕۆڵی ترەمپ لە هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی و داگیر کردنی ئەم ناوچانە دەورێکی زۆر نەرێنی بوو و ترەمپ خەیانەتی لە کوردی سووریا کرد کە وەکوو هاوپەیمانی وڵاتەکەی دەهاتنە ئەژمار.

دکتۆر ئیبراهیم موسلیم وەبیری هێنایەوە: تورکیا هیچ کات بەبێ گڵۆپی سەوزی زلهێزە جیهانییەکان بوێریی ئەوەی نییە هێرش بکاتە سەر کوردستانی سووریا و ناوچەکانی تر و پێشتتریش بەبێ ڕەزامەندیی بەریتانیا و فەڕەنسا دەستی بۆ پاوانخوازی نەدەبرد.

ناوبراو ئەوەشی وت کە جۆ بایدن بوونی سیاسی کوردەکان بە فەرمی بناسێت و وەبیری هێنایەوە: ئێمە هیوادارین بە سیاسەتەکانی بایدن کورد بگاتە دۆخێکی باشتر.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: دەوترێت بایدن لەگەڵ پرسی کورد ئاشنایە و لە نزیکەوە دەرد و ڕەنجی کوردەکانی دیوە. پێویستە ئەمریکا جگەلە پشتگیری کردنی کورد لە شەڕی داعش و تیرۆریزم لە سووریا، لەباری سیاسیشەوە کوردەکان بە فەرمی بناسێت.

نوێنەری پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لە باڵکان لەبارەی ململانێی نێوان هێزە سیاسییەکانی کورد بەتایبەت پەکەکە و پارتی و کاریگەریی ئەو ناکۆکییە لەسەر کوردستانی سووریا دەڵێت: خاکی کوردەکان بە درێژایی مێژوو لەلایەن دەسەڵاتەکانەوە دابەش کراوە بەڵام کورد لەبارەی نەتەوەییەوە هەر یەکن و پێویستە لەبارەی بابەتە جیاوازەکان یەکگرتوو بن.

ناوبراو وتیشی: ژمارەیێک لە گرووپەکان لەژێر کاریگەریی حکوومەتی تورکیادان و سیاسەتی ئەو وڵاتە پەیڕەو دەکەن. لەحاڵێکدا تورکیا تەنها دوژمنی کور لە تورکیا و سووریا نییە بەڵکوو بەگشتی دژی کورد و کوردستانە.

ئەم سیاسەتوانە کوردە وەبیری هێنایەوە: پەکەکە بیانووە، هێرشی تورکیا بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەبۆنەی شەڕ لەگەڵ هەموو کورد و پاوانخوازییە و نموونەی ئەم دوژمنایەتییە، دژایەتی کردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بوو لەلایەن تورکیاوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1112

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha