ژمارەیێک لە ڕەوتە کوردییەکانی سووریا بەها بە پرسی یەکگرتن نادەن

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا دەڵێت: کێشەی زۆر لەنێوان حزبە کوردییەکاندا هەیە کە پێشینەیێکی دێرینیان هەیە کە ڕێگای ئاشتی و یەکگرتنیان داخستووە.

«کۆفان کەنعۆ» سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە کۆنفرانسێکی نێوان حزب و لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستانی سووریا بۆ بیستنی دەنگە نەیارەکان و وتی: کۆبوونەوەکە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتێژیکەکانی کوردستانی سووریاوە بەڕێوە چوو و ئامانجی دانیشتنەکەیش بەشداریی هەموو حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی (PYNK) و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) و کەسایەتییە سەربەخۆکان بوو بۆ گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکانی کوردستانی سووریا.

ناوبراو درێژەی دا: حزبەکانی بەشداربوو لە حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد لەم دانیشتنەدا ئامادە بوون بەڵام هیچ حزبێک لە ئەنەکەسە بەشداریی لە گفتوگۆکاندا نەکرد.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا وتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا دەرکەوت کە کێشەی زۆر لەنێوان حزبە کوردییەکاندا هەیە کە پێشینەیێکی دێرینیان هەیە کە ڕێگای ئاشتی و یەکگرتنیان داخستووە.

کۆفان کەنعۆ لەبارەی ژمارەیێک بابەتی کۆبوونەوەکە وتی: ئاشکرایە کە دەبێت حزبە کوردییەکان ئاوڕ لە پڕۆسەی دانوستانی کوردی-کوردی بدەنەوە چوونکە دوژمنانی کورد لە ناوچەکەدا هەڵویستێکی هاوبەشیان هەیە بۆ دژایەتیی پێگەی کوردەکان.

ناوبراو جەختی کردەوە: دابەش کردنی ناوچە کوردستانییەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا جگە لە دژایەتیی کورد گۆشار خستنە سەر گەلی کوردیشی لێکەوتۆتەوە و هێزەکان مافی خەڵکیان پێشێل کردووە.

کۆفان کەنعۆ لەبارەی هۆکاری ئامادە نەبوونیئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە دانیشتنەکەدا وتی: ئەنەکەسە نەیویست لەم کۆبوونەوەدا بەشداری بکات چوونکە بڕیاری سیاسیی بەدەستەوە نییە و لە شوێنێکی دیکە فەرمان وەردەگرێت.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا وەبیری هێنایەوە: ئەمڕۆ پێویستە حزبەکان بەرژەوەندیی شەخشسی لەبەرچاو نەگرن و ستراتێژیێکی یەکپارچە بۆ وەدەست هێنانی بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد لە سووریا بگرنە پێش.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1169

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha