«ENKS» بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکان مەرج دادەنێت

بەشی سووریا- نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وت: ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانی کوردی-کوردی مەرج دیاری دەکات و ئەوەش لە کاتێکدایە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردەکانی سووریا ئامادەییی خۆی بۆ ئەنجامدانی دانوستانی بێ مەرج دەربڕیوە.

کوردپرێس:

هۆشەنگ دەروێش نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە داهاتووی دانوستانی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریا کرد و ڕایگەیاند: ئێستاش قۆناغی نوێی دانوستانی نێوان لایەنە کوردییەکان دەستی پێنەکردووە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە دوو لایەنەکە پێشتر لە بارەی چەند تەوەرێکەوە گەشتوونەتە ڕێککەوتن.

ناوبراو گوتیشی: ژنەراڵ مەزڵووم کۆبانێ پێشتر ڕایگەیاندووە کە بەم زووانە دانووستانەکان دەست پێدەکاتەوە و دوو لایەنەکە هێشتا بە شێوەی فەرمی ڕایاننەگەیاندووە کە چ گاتێک دەست بە گفتوگۆکان دەکەنەوە.

ناوبراو زیادیشی کرد: یەکێتیی نیشتمانیی کوردەکانی سووریا لە بەیانێکدا ڕایگەیاند کە ئامادەی ئەنجامدانی دانوستانی بێمەرجە و ئەنەکەسەش تا ئێستا لەو بارەیەوە موقیفی خۆی ڕانەگەیاندووە بەڵام وا دەردەکەوێت لە میدیاکان گوێمان لێدەبێت کە گوایا نیازیانە مەرج بۆ دانوستان دیاری بکەن.

نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە لایەنەکان داواکارییەکانی خۆیان لە دانوستاندا بخەنە ڕوو نە ئەوەی لە میدیاکان باسی ئەو داواکارییانە بکەن.

ناوبراو گوتیشی: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ئامادەی ئەنجامدانی گفتوگۆیە بەڵام ئەنەکەیە لەو بارەیەوە بڕیاری نەداوە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەگەر لایەنەکان بۆچوونێکیان هەبێت پێویستە لە سەر مێزی دانوستان باسی بکەن وەک ئەوەی لێدوانی توندی شەخسی لە میدیاکان دەدەن و دەبێتە هۆی ساردبوونەوەی پێوەندییەکان.

هۆشەنگ دەروێش ئاشکراشی کرد: پێویستە گفتوگۆکان بەردەوام بن چوونکە بە قازانجی کوردەکانی سووریایە و هاووڵاتییانی کورد چاوەڕوانن ئەو دانوستانە بگاتە ئەنجام و ئێمە وەک حیزبەکان یەکێتیی نیشتمانیی کورد ئامادەی ئەنجامدانی دانوستانین.

News Code 1199

Your Comment

You are replying to: .
captcha