حەق نەبوو پارتی پێشوازی لە بکوژی ڕۆڵەکانی کورد بکات

بەشی سووریا- ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (p.d.k.s) لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وت: حەق نەبوو بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەو کەسانە بکەن کە هاووڵاتییانی کوردی سووریا کۆمەڵکوژ دەکەن چوونکە ئەو پێشوازی کردنە شەرعەیتدان بوو بە تاوانەکانی ئەوان.

کوردپرێس:

گەلۆ عیسا ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (p.d.k.s) لەبارەی سەردانی نەسر حەریری سەرۆکی هاوپەیمانیی دژبەرانی سووری بۆ هەولێر و دیدارکردنی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆکی ئەو پارتە بە کوردپرێسی وت: هەرێمی کوردستان لای هەموو کوردێک خاوەنی پێگە و بەهایێکی زۆرە و چاوی هیوای کوردی لە ناوچەکە لە سەر هەرێمە بەڵام نەدەبوو بەرپرسانی هەرێم و بەتایبەت بەڕێز بارزانی پێشوازییان لە بکوژی کوردەکان بکردایە کە ئەم جارە بە بەرگی دبڵۆماتکاری هاتبوونە هەرێم.

ناوبراو گوتیشی: ئەو کەسە و لیژنەی یاریدەدەری بکوژی "ئەڤرین خەلەف" و "بارین کۆبانێ" و هەزاران ژن و پیاو و منداڵی بێتاوانی دیکەن کە لە کوردستانی سووریا و لە هەموو سووریا بە دەستی ئەوان تەفروتوونا بوون. ئەوانە تیرۆریستن و پێشوازی کردنی فەرمی لەوان شەرعیەتدانە بە تاوانەکانیان کە دژی خەڵکی کورد کردوویانە.

گەلۆ عیسا زیادی کرد: "خۆزگە ئەوە ڕووی نەدابا و پێشوازی لەو تیرۆریستانە نەکرابا. ئەو ڕەفتارە شەرمە بۆ کورد چوونکە ئەوانە بەشێکن لە گرووپە تیرۆریستییەکان کە تورکیا پشتگیرییان دەکات و بە پشتگیریی تورکیا خەڵکی کورد کۆمەڵکوژ دەکەن و ئەمڕۆکە کورد لە جلوبەرگی دبڵۆماتکاریدا پێشوازییان لێدەکات.

شایانی باسە ئەمڕۆ چوارشەمە 3ی ئازاری 2021 نەسر حەریری سەرۆکی هاوپەیمانیی دژبەرانی سووریا بە یاوریی شاندێک بۆ دیدار لەگەڵ حیزب و لایەنە کوردییەکانی سووریا سەر بە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی سووریا (ENKS) سەردانی هەولێری کرد.

News Code 1205

Your Comment

You are replying to: .
captcha