کوشتن و تۆقین لە کەمپی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی سووریا

بەشی جیهان- بەرپرسانی کوردی سووریا دەڵێن لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە لانی کەم 31 کەس لە کەمپی هۆڵ کوژراون کە ئەو کەمپە بنەماڵەکانی داعشی تێدا چاودێری دەکرێت.

کوردپرێس:

بەرپرسانی کوردی سووریا چەندین جار داوایان لە 50 وڵات کردووە کە نزیکە 70 هەزار هاووڵاتیی خۆیان وەربگرنەوە کە بە هۆی پێوەندی کردن بە داعشەوە لە باکووری سووریا و لە کامپەکان چاودێری دەکرێن. بەڵام تەنها ژمارەیێکی کەم لە وڵاتان چەند کەسێکیان وەرگرتۆتەوە.

لە هەمان کاتدا ڕاپۆرتی زۆر لەبارەی پەرەسەندنی توندوتیژی لە نێو کەمپەکان دەخرێتە بەردەست کە گوایا کەسانی سەربە شانەی نووستووی داعش ئەنجامی دەدەن.

دوکتور ئان سپکهارد مامۆستای زانکۆی جۆرج تاونی ئەمریکا و بەڕێوەبەری سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەفتەی ڕابردوود لەبارەی دۆخی ئێستای کەمپەکانی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا بە کوردپرێسی وتبوو: دۆخی ئەو کەمپانە زۆر مەترسیدارە.

ناوبراو لەبارەی داواکاریی کوردەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەندامانی داعش و بنەماڵەکانیان بۆ وڵاتی خۆیان وتبووی ژمارەیێک لە وڵاتان بە گشتی دژی ڕادەستکردنەوە و وەرگرتنەوەی ئەو کەسانەن و وەریانناگرنەوە.

جابر شێخ مستەفا بەرپرسێکی ئیدارەی خۆسەری کوردی و بەرپرسێکی کەمپی هۆڵ بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسای وتووە: لە سەرەتای ساڵی 2021ەوە لانی کەم 31 کەس بە هۆی توندوتیژیی نێو کەمپەکان گیانیان لە دەست داوە. شەش کەسیان بە شتی تیژ و ئەوانی دیکەشیان بە تەقەی تفەنگ کوژراون.

بەرپرسانی کوردی سووریا هۆشداریی ئەوەیان داوە کە ڕێژەی کوشتنەکان بەهۆی توندوتیژییەوە لەو کەمپانە لە مانگی ڕابردوودا دووهێندە زیادی کردووە.

بەپێی نووسراوی ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا تەنها لە کەمپی هۆڵ نزیکەی 62 هەزار کەس هەن کە زۆرینەیان هاووڵاتیی عێراقی و سوورین و ژمارەیێکی بەرچاویشیان هاووڵاتیی وڵاتانی ئەورووپی و دیکەی جیهانن.

پزیشکانی بێ سنووریش بە هۆکاری کوژرانی یەک لە ئەندامانی خۆی لە نێو کەمپەکە، چالاکییە مرۆڤدۆستانەکەی خۆی وەستاندووە.

نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند ڕێژەی حەشیمەتی نێو کەمپی هۆڵ زۆر زیاتر لەوەی لە کەمپەکەدا جێی دەبێتەوە و ژمارەی هێزە پارێزەرەکانی ئەو کەمپە لە 1500 کەسی ساڵی 2019 بۆ نزیکەی 400 کەس کەمی کردووە.

بەوەشەوە مەیل نەدانی وڵاتانی بیانی بۆ وەرگرتنەوەی ئەندامانی داعشی هاووڵاتیی ئەو وڵاتانە یەک لە گرینگترین نیگەرانییەکانی بەرپرسانی کوردی سووریایە.

دوکتور ئان سپکهارد لەبارەی پشتگیری کردنی هاوپەیمانیی دژەداعش لە کوردەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەندامانی داعشی سەربە وڵاتانی ئەورووپی بە کوردپرێسی وت: هاوپەیمانیی دژەداعش لەو بارەیەوە ناتوانێت بۆ بردنەدەرەوەی ئەندامانی داعش لە سووریا فەرمان بە وڵاتانی دیکە بکات.

مامۆستای زانکۆی جۆرج تاون جەختی لەوەش کردەوە کە یەکێتیی ئەورووپاش ناتوانێت گوشار بخاتە سەر ئەندامانی خۆی بۆ وەرگرتنەوەی ئەو ئەندامانەی داعش کە هاووڵاتیی ئەو وڵاتانەن.

ناوبراو دەششڵێت مل نەدانی وڵاتانی بیانی بە وەرگرتنەوەی ئەندامانی داعش داپەڕێکی تەکنیکییە بۆ دواخستنی ئەو پڕۆسەیە بەڵام جەختیشی کردەوە کە لە ئەنجامدا ئەو وڵاتانە ناچارن هاووڵاتییانی خۆیان وەربگرنەوە کە ئەندامی داعش بوون و لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا چاودێری دەکرێن.

News Code 1214

Your Comment

You are replying to: .
captcha