سەرۆکی دەزگای دادی ئێران: پێویستە بازاڕچە مەرزییەکان کارا بکرێنەوە

بەشی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا- سەرۆکی دەزگای دادی ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئابووری و ئەمنی پێویستە بازاڕچە مەرزییەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران کارا بکرێنەوە.

کوردپرێس:

ڕۆژی پێنجشەمە 14ی ڕەشەمەی 1399 ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای دادی ئێران کە بە سەردانێک گەیشتبووە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە کارتێکەریی کاراکردنەوەی سنوورەکان لە سەر ئەمن و ئاسایشی ئابووریی وڵات کرد و ڕایگەیاند پێویستە بۆ ئاسایشی سەقامگیری باکووری ڕۆژئاوای ئێران بازاڕچە سنوورییەکان کارا بکرێنەوە.

سەرۆکی دەزگای دادی ئێران گوتیشی ئەمن و ئاسایش ئەو کاتە مانای دەبێت کە بەشێوەیێکی سەقامگیر دەستەبەر بکرێت بۆیە بۆ دابین کردنی بژێوی هاووڵاتییان و هەروەها دەستخستنی ئاسایشی ناوچەکە پێویستە سنوورەکان کارا بکرێنەوە.

ڕەئیسی زیادیشی کرد: ئەمن و ئاسایشی سەقامگیر بەستراوە بە مامەڵەکردنی ئیجابیی نێوان هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەکان بۆیە بەو مەبەستەش پێویستە هاوکاری و تەعامولی نێوانیان زیاد بکات.

سەرۆکی دەزگای دادی ئێران دووپاتی کردەوە کە دەستەبەرکردنی ئەمنی ناوچەکە بەستراوە بە دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییانەوە بۆیە پێشخستنی ئابووری هاووڵاتییان بابەتێکی گرینگە.

شایانی باسە ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای دادی ئێران سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە سەردانێک گەیشتبووە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا.

News Code 1216

Your Comment

You are replying to: .
captcha