ڕێدۆزە ئەمنییەکەی حکوومەتی ئێستای هەرێم مەترسیی جیددی دروست دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دکتۆر غالب محەمەد ئەو نوێنەرەی پەرلەمانی عێراق کە لە سلێمانی بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر، لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا دەڵێت هۆکاری ئەو هێرش کردنە دەم ڕاستیی من بووە لە ئاشکرا کردنی دۆسیەی گەندەڵییە ئابوورییەکان لە هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی کە بەرژەوەندیی حزبی لەبەرچاو بگرێت و جەختیش دەکاتەوە ڕێدۆزە ئەمنییەکەی حکوومەتی ئێستای هەرێم بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی  مەترسیی جیددی دروست دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی هەینی 26ی فێبریڤێری نووسینگەی غالب محەمەد نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و لە ڕەخنەگران و نەیارانی حکوومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان، بڵاوی کردەوە کە ناوبراو لە شاری سلێمانی و لە بەرامبەر ماڵەکەیدا هێرشی کراوەتەسەر و بەهۆی برینداربوونی سەر و ملیەوە بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گواستراوەتەوە و خراوەتە ژێر چارەسەر.

ئەو هێرش کردنە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و ژمارەیێک حزب و ڕەوتە سیاسییەکان و نوێنەرانی کوردی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان داوای ناساندنی هێرشبەرەکانیان کرد.

غالب محەمەد نوێنەری پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ کوردپرێس لەباری هێرشی کەسانی نەناسراو و شۆناسیان بە کوردپرێسی وت: پێش مانگێک ئێمە لە لایەن موخابەراتی عێراقەوە ئاگاردا کراینەوە کە ئەیانەوێت شتێکی وا ڕووبدات، ئێمەش لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادار کردەوە، پاش ئەوە پێمانیان گوت ئەگەر دەتانەوێت هێزتان بۆ دەنێرین و من گوتن من هێزم ناوێت و ناکرێت ئەو کۆڵانانەی سلێمانی دابخرێت لەبەر ئەوەی کە من خۆم بپارێزم؛ گوتیان بە هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی ڕادەسپێرین کە بتانپارێزن. ئێمەش گوتمان ئەمە شتێکی باشە بەس تەنسیق هەبێت کە هەرچی بوو ئاگادارمان بکەن. ئیتر ئەم بابەتە ڕۆیشت تا چوومە بەغدا و هاتمەوە ئیتر زانیبوویان کەسم لەگەڵ نییە و هاتمەوە لەبەر دەرگا سەعات 6 و 35 خولەک لەناو سەیارە بووم لەپشتەوە هێرشیان کردە سەرم چەند چەقۆیان لەسەرم دا.

ناوبراو لەبارەی هێرشبەراەکان و هۆکاری هێرشەکەیان هەروەها وتی: لە ڕاستیدا نازانم بڵێم کێییە، بەڵام من لەسەر هەرچی پ1رسی فاسدی لە هەرێمی کوردستان قسەم کردووە. بۆ نموونە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان ئاسایشەکانی ئێرە قسەم کردووە کە ئەو بابەتەمان بۆ بکەنەوە بەباشی؛ کە بزانین کێیە و کێی لەپشتە و چییە مەوزووعەکە.

ناوبراو لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی هێرشەکەوە وتی:تا ئێستا هیچ ئەنجامێکمان پێ ڕانەگەیێندراوە ئێمە ڕەسمەکەمان پێیان داوە و خۆیان ناوی ئەو کەسەشیان دۆزیوەتەوە و بەڵام تا ئێستا نەگیراوە کە ئەمەش پێم سەیرە.

غالب محەمەد لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەنجامدەری هێرشەکە دەناسێت یان نا وتی: نا. من نایناسم و نازانم کێیە و هیچ کێشەیێکیشم لەگەڵ کەسدا نییە. من مامۆستا بووم و دکتۆرام هەبووە لە نەوت و سەرۆکی لیژنەی پیشەسازیی وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بووم و هەروەها ئەندامی پەرلەمانم و زۆر قسە لەسەر پرسی گەندەڵی و فەساد دەکەم لە پەرلەمان. ئەوەی پەیوەندیی هەبێت بەم شتانەوە هەیە ئەگینا هیچ شتێکی شەخسی نییە.

نوێنەرەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەو هێرشە میدیاییە کراوەتە سەر ئەو و کەسایەتییە سیاسییەکانی ڕەخنەگری حکوومەت و داهاتوو و ئاقاری دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان وتی: بەڕای من کابینەی 9 کابینەیێکی زۆر زۆر خراپە و کابینەیێکی ئەمنییە و سەرۆکی کابینەکە کاتی خۆی مەسئوولی دەزگایێکی ئەمنی بووە ئێستاش واتێگەیشتووە کە لەو دەزگا ئەمنییەدایە و نازانێت ئێستا لە حکوومەتدایە و حکوومەت لە مەجمووعەیێک بەش پێکهاتووە یەکێک لەوانە پێوەندییە یەکێکی دیکەی ئیحترام کردنی خەڵکە و خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ئازادیی دەربڕین دەبێت فەراوان بکرێت و هەروەها دیموکراسیەت. بەڵام کەسانێک ئێستا لە حکوومەتن بەشێکی زۆریان یا پاراستنن یان لە دەزگا ئەمنییەکانن و ئەمانەش ناتوانن حکوومەتداری بکەن ئەگەر وابڕوات دەبێتە حکوومەتێکی پۆلیسیی تەواو و ئەمەش خەتەرە لەسەر دیموکراسیەتی مەنتەقە و دیموکراسیەتی ئێمە. ئەمەش بۆ دەوڵەتەکانی چواردەورمان خەتەرە چوون هەر کێشە و نائارامیێک لە مەنتەقەدا دروست ببێت کاریگەریی دەبێت لەسەر دراوسێکانمان و هەموو دراوسێکانمان کوردن واتا بەشێکی زۆر کورد کە لە دەوڵەتانی تردان بەڵام حدوودەکانمان هەمووی کوردن. ئێمە داواکارین هەموو لایەنەکان بێنە سەر خەت بۆ ئەوەی کە حکوومتێکی دیموکراسی بێت کە داوای مافی خەڵک بکات و هەوڵ بۆ ئازادی بدات و وەزعی مادیی خەڵک باش بکات و دوور بکەوێتەوە لە پرسی ئەمنی و ئەو شتانەوە ئەمڕۆ لەسەر من بوو لەوە دەچێت بەیانی لە شوێنێکی دیکە ڕووبدات کە ئەمەش خەتەرە و لەسەر ئەمنیەتی سلێمانی کاریگەرە.

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی دەستگیر کردن و زیندان کردنی ژمارەیێک لە چالاکوانانی سیاسی و ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگری لە ناوچەی بادینان داوە غالب محەمەد لەبارەی ئەوە کە وەکوو پەرلەمانتار لە پەرلەمانی عێراق و وەکوو پەرلەمانتارانی ڕەخنەگر چیتان کردووە کە دەنگی ناڕەزایەتیی بگەیەنن بە میدیاکان کە بڵاوی بکەنەوە ڕایگەیاند: هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ئێمە نووسراومان کردبوو و من خۆم ڕەخنەکانی ناڕازیانم بردە ناو پەرلەمان و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیمان لە ناو مەجلیسی پەرلەماندا کرد و داوای لیژنەی تەحقیقیمان کرد و بە سەفارەتی ئەمریکا و بە سەفارەتەکانی دیکەمان وت و هەموو سەفارەتەکانمان ئاگادار کردەوە و هەروەها داواکارییەکانمان بۆ لیژنەی مافی مرۆڤ لە عێراق ناردووە و ئیشی زۆر لەمبارەوە کراوە.

نوێنەرەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لە وتەی کۆتایی خۆیدا بۆ کوردپرێسی وت: ئەوەی لای من گرنگە ئەوەیە کە هێزە ئەمنییەکان بتوانن هێرشبەرەکە و کەسی پشتی ئەو کەسەمان بۆ دیاری بکەن. چوونکە من هیچ کێشەیێکی شەخسیم لەگەڵ کەسدا نییە و ئەم مەسەلە مەسەلەیێکی سیاسییە و مەسەلەیێکە کە من دیفاعم لە مافی خەڵک کردووە و کەشفی فەسادم کردووە، ئەم حکوومەتەش دەڵێت من دەمەوێت ئیسڵاح بکەم کە وایە من مەلەفم بۆیان کەشف کردووە کە ئیسڵاحی بکەن نەک ئەوەی بێن و چەقۆم لێبدن.

News Code 1220

Your Comment

You are replying to: .
captcha