سیاستەڤانێکی کورد باسی گرینگایەتیی سەردانەکەی پاپا بۆ هەولێر دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سیاستەڤانێکی کورد پێیوایە هاتنی پاپا فرانسیس بۆ هەرێمی کوردستان کاردانەوەیێکی گەورەی جیهانی دەبێت، جارێکی دیکە دۆزی کورد دەچێتەوە سەر مینبەری میدیا جیهانییەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەممەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتڤانی کورد بە تەلەفیزیۆنی رووداوی راگەیاندووە: هاتنی پاپا فرانسیس بۆ هەرێمی کوردستان مانای ئەوەیە دەبێتە میوانی میللەتی کورد، مانای ئەوەیە جارێکی دیکە پرسی کورد و مافە رەواکانی کورد دەچێتەوە سەر سەکۆ و میدیا جیهانییەکان.

ئەو سیاسەتڤانە کوردە باس لەو دیدارە و ئامانجی سەردانەکەیان بۆ لای پاپا دەکات کە لە 25 ساڵی رابردوو ئەنجامیان داوەو دەڵێت: "بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا بە شێوەیەکی ئاشتییانە، وەکو شاندێک لە بەهاری ساڵی 1995 سەردانی بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکانمان لە نیویۆرک کرد و چاومان بە سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا کەوت، لە چوارچێوەی ئەو چالاکییانەش سەردانی پاپامان کرد".

بە گوتەی پێنجوێنی ئەوان چوار کەس بوون کە چاویان بە پاپا کەوتووە و دەڵێ: "عسمەت شەریف، عەبدولڕەحمان دووڕە، دلبخوین دارا و محەممەد ئەمین پێنجوێنی بەندە، نامەیەکمان نووسیبوو داوامان لێکرد لە رێگەی خۆیانەوە هەوڵ بدەن کێشەی کورد لە تورکیا بە ئاشتی چارەسەر بکرێت نەک بە شەڕ".

لە ئەنجامی قسەکاندا پاپا گوتی لە خودا دەپاڕێمەوە نوێژێکتان بۆ دەکەم و هیوادارم بە ئاشتی و ئارامی لە وڵاتی خۆتان بژین.

پێنجوێنی باسی ئەو سەردانەی ژنانی کورد بۆلای پاپا دەکات کە بە زمانی کوردی بەخێرهاتنی کردون و دەڵێت: "جارێکیش لە یادمە نازانم بە دیاریکراوی چ ساڵێک بوو، پێموابێت ساڵی 1996 بوو، ژنانی کورد چوونە لای پاپا، بە زمانی کوردی بەخێرهاتنی کردن و گوتی: "ئون خێرهاتن".

ئەو سیاستەڤانە کوردە پێیوایە هاتنی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان "نامەیێکی ئاشکرایە بۆ ئاشتی ناوچەکە، کە وڵاتی عێراق بە کوردستانیشەوە، ماوەیێکی زۆرە دووچاری شەڕێکی مەزهەبی و نێوخۆیی بووەتەوە، نامەکەش مانایێکی دیکە بە میللەتی عێراق ئیسلامەکانی عێراق بە هەردوو باڵەکەی بە شیعە و سوننەوە دەدات کە دەڵێ ئیبراهیم خەلیل لە ئوور لەدایک بووە، واتا ئەم وڵاتە نەک هەر هی ئیسلامە، بەڵکوو هی کریستیانەکانیشە و ئێمە مافمان بەسەر ئەو وڵاتەوە هەیە کە ناوی عێراقە بە کوردستانیشەوە، بۆیە هەوڵ دەدەین ئاشتی لەو وڵاتە دروست ببێت".

لەبارەی گوتارەکەی پاپا فرانسیس کە لە شاری ئوور پێشکەشی کرد، محەممەد ئەمین پێنجوێنی گوتی: "گوتارەکەی پاپا پەیامێکی ئاشتی بوو بۆ هەموو میللەتانی ناوچەکە، پەیامێک بوو بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی مەزهەبی کە لە ناوچەکەدا هەیە، پەیامێک بوو بۆ ئاشتی و تەبایی لەنێوانی ئایینەکان و مەزهەبەکانی کە لە ناوچەکەدا هەن. بە بڕوای من پەیامێکی سیاسیشی لە پشت بوو بۆ ناوچەکە بە تایبەتی بۆ عێراق و خەڵکی عێراق".

بە گوتەی پێنجوێنی پەیامە سیاسییەکەی بریتییە لەوەی "پێویستە بەرەیەک دژی تیژڕەو کە بەناوی ئایینەوە کار دەکەن، بەرەیەکی گەورە دروست ببێت لە نێوانی بەشێکی موسڵمانە شیعەکان، بەو پێیەی پاپا سیستانی هەڵبژارد و چوو بۆ نەجەف، واتە ئێمەی باوەڕدار و ئیمانداری میانڕەو دژی ئەوانەین کە بەناوی ئایینەوە تیژڕەوی و تیرۆر دەکەن".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1235

Your Comment

You are replying to: .
captcha