تورکیا قۆستنەوەی لە ئوپەراسیۆنی چیای گارە کردووە بۆ زیاتر سەرکوت‌کردنی HDP

بەشی جیهان- سەرباری ئەوەی ژمارەیێک لە چاودێران، ئوپەراسیۆنەکەی چیای گارە لە هەرێمی کوردستان بۆ دەربازکردنی سەربازە دیلەکانی تورکیا بە ئوپەراسیۆنێکی شکستخواردوو دەزانن بەڵام لەو بڕوایەدان کە ئەردۆغان قۆستنەوەی لەو مەسەلەیە کردووە بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆی و بۆ سەرکوت کردنی کوردەکان و گۆڕینی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر کوردەکان.

کوردپرێس:

سوپای تورکیا مانگی ڕابردوو ئوپەراسیۆنێکی سەربازیی دژی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دا و ئامانجی ئوپەراسیۆنەکەش دەربازکردنی 13 سەربازی بەدیل گیراوی تورکیا بوو. دیلە سەربازی و ئەمنییەکان لەو ئوپەراسیۆنەدا کوژران بەڵام تورکیا پەکەکەی بە بەرپرسی مردنی ئەوان زانی. بەو حاڵەشەوە پەکەکە ڕایگەیاند بۆردومان کردنی ئەو ناوچەیە لەلایەن پەکەکەوە بووە هۆی کوژرانە سەربازە دیلەکان.

ژمارەیێک لە چاودێرانی کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامانجی ئوپەراسیۆنی گارە دەربازکردنی سەربازە دیلەکانی تورکیا بوو بەڵام کوژرانی ئەو سەربازانە شکستێک بوو بۆ ئەردۆغان لەو ئوپەراسیۆنەدا. بەو حاڵەشەوە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەردۆغان ئەو ئوپەراسیۆنە شکستخواردووە بۆ سەرکوتکردنی پارتی کوردیخوازی دیموکراتیکی گەلان بەکار دەهێنێت و ڕەخنە لە سیاسەتی ئەمریکا دەگرێت کە پشتگیریی کوردی کردووە. ئەمریکا سەرەتا ڕایگەیاند دڵنیا نین لەوەی پەکەکە دەستی هەبێت لە کوشتنی سەربازە دیلەکانی تورکیا و ئەوەش ناڕەزاییی توندی تورکیای لێکەوتەوە و تەنانەت باڵوێزی ئەمریکا ئەنقەرە بانگهێشت کرا.

لەگەڵ ڕەخنەکەی تورکیا دژی ئەمریکا بەبۆنەی پشتگیری کردنی کوردەکانی سووریا، هێزی ئەمنیی تورکیا پاش ئوپەراسیۆنی گارە سەدان کەسیان لە ئەندامانی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا دەستبەسەر کرد.

بەو حاڵەشەوە ئێمیلی هاوسڤێرن شرۆڤەکاری باڵای کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنستیتۆ ستراتفۆر دەڵێت ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا لە ئوپەراسیۆنی چیای گارەدا خۆیان بە شکستخواردوو نازانن. هەڵمەتەکەیان بۆ سەرکوت کردنی پارتی دیموکراتیکی گەلان ستراتێژییێکی هەمیشەییی ئەوانە بۆ سەرخستنی ئاستی پشتگیریی نەتەوەخوازەکان لە دەوڵەتی ئێستا بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەک.

ناوبراو بە گۆڤاری عەرەب نیوزی وتووە ئەگەر پەکەکە بکەری کوشتنی سەربازە دیلەکان بێت ئەو مەسەلەیە دەتواتنێت ببێتە هۆی هەڵکشانی پشتگیریی ناوخۆیی لە تورکیا بۆ بەردەوامبوونی ئوپەراسیۆنی سەربازی دژی پەکەکە.

ئەو چاودێرەی کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بڕواشی وایە ئەردۆغان وەک قۆستنەوەیێک لە مەسەلەی کوژرانی سەربازە دیلەکان لە گارە بۆ هاوڕاکردنی ئیدارەی بایدەن لەگەڵ خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە کەڵک وەردەگرێت بەڵام پێ ناچێت ئەمریکا بەبۆنەی ئوپەراسیۆنێکی دژوار و مەرگبارەوە بیهەوێت شێوازی مامەڵەکردنی خۆی بەرامبەر تورکیا نەرمتر بکات. ناوبراو هۆشداریی ئەوەشی دا ئەگەر تورکیا پاش ئەم ئوپەراسیۆنە شکستخواردووە بیهەوێت ئوپەراسیۆنەکانی دژی پەکەکە بەرەو ناوچە باشوورییەکانی وەک شەنگال پەرە پێبدات کاردانەوەی دەوڵەتی عێراقی لێدەکەوێتەوە و کێشەکە ئەستەمتر دەبێت.

گۆنش مۆرات تزکۆر لە زانکۆی فلۆریدای ناوەندییشەوە ئوپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا دژی پەکەکە لە چیای گارە لە هەرێمی کوردستان بە ئوپەراسیۆنێکی شکستخواردوو دەزانێت و دەڵێت تورکیا ناتوانێت ئەو ئوپەراسیۆنە بۆ نەرم کردنی سیاسەتی ئێستای ئەمریکا بەرامبەر خۆی بەکار بهێنێت.

ئەو چاودێرە دەڵێت بەڵگەم بۆ ئەوەی دەڵێم ئوپەراسیۆنی گارە شکستخواردوو بووە ئەوەیە کە هەموو سەبازە دیلەکان کوژران و جەختیش دەکاتەوە کە یەک لە لێکەوتە خراپەکانی ئەو ئوپەراسیۆنە ناتوانیی ئەردۆغان لە بەکارهێنانی ئوپەراسیۆنەکە بۆ سیاسەتی نێوخۆی تورکیایە.

ناوبراو هۆکاری سەرکوتکردنی زیاتری پارتی دیموکراتیکی گەلان بەتایبەت پاش ئوپەراسیۆنەکەی گارە بەوە دەزانێت کە ئەردۆغان هەست بەوە دەکات پێویستی بەو پارتە کوردیخوازە نیە کە وەک نێوەندگیری نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا ببێت و دەڵێت ئەو مەسەلەیە دەتوانێت پارتی بزاڤی نەتەوەپەرەستی تورکیا وەک هاوپەیمانی ئەردۆغان ڕازی بکات و ئامانجێکی دیکەی ئەردۆغانیش لە درێژەدان بە سەرکوت کردنی هەدەپە ئەوەیەناکۆکی بخاتە نێوان ئەو پارتە کوردیخوازە و لایەنەکانی دیکەی ئوپۆزسیۆنی تورکیا.

محەمەد ساڵح شرۆڤەکارێکی کوردە و دەڵێت سەرکوتکردنی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە لایەن ئەردۆغانەوە ئەوەیە کە ئەردۆغان هەوڵ دەدات کارتێکەری بکاتە سەر ئەو ڕەخنانەی کە بە بۆنەی شکستی ئوپەراسیۆنی گارەوە لێی دەگیرێن.

ناوبراو دەڵێت ئەردۆغان بەردەوام دەبێت لە ئوپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان چوونکە ئوپەراسیۆنەکانی دەرەوەی تورکیا بە ڕێگاچارەیێک دەزانێت بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتیی تورکیا.

ئەو چاودێرە کوردە لە زانکۆی پێنسیلڤانیای ئەمریکا لەبارەی هەڵوێستی ئیدارەی بایدەن بەرامبەر سەرکوتکردنی سیاسەتوانە کوردەکانی تورکیا دەڵێت: بێدەنگ بوونی ئیدارەی بایدەن بەرامبەر سەرکوتکردنی کوردەکان پێمان دەڵێت مافی ئینسانی و دیموکراتیی کوردەکانی تورکیا بۆ ئیدارەی بایدەن کەمترین گرینگیی نیە.

News Code 1252

Your Comment

You are replying to: .
captcha