کوردی سووریا ناتوانێت پشت بە ئەمریکا ببەستێت

بەشی جیهان- ئاڵدار خەلیل دەڵێت هیوای بە گۆڕانکارییەکانی ئیدارەی بایدەن و چاک بوونەوەی پێوەندیی نێوان ئەمریکا و کوردەکانی سووریا هەیە بەڵام کورد ناتوانێت زۆر پشت بە ئەمریکا ببەستێت.

کوردپرێس:

ئاڵدار خەلیل ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی کوردیی دەسەڵاتداری یەکێتیی دیموکراتیکی سووریا (PYD) شێوازی مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ کوردی سووریا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ بە شێوازێکی خراپ دەزانێت و هیوای ئەوەی خواستووە کە ئیدارەی بایدەن ستراتێژییەتێکی جیاواز لەبارەی کوردەکانی سووریاوە بگرێتە بەر.

بەو حاڵەشەوە ئاڵدار خەلیل بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسای وتووە: "ئێمە ناتوانین پشت بە ئەوان ببەستین.

ئەو بەرپرسە کوردەی سووریا دۆخی کوردەکانی سووریا بەراورد بە ڕابردوو بە دۆخێکی باش دەزانێت بەڵام دارین خەلیفە شرۆڤەکاری کاروباری سووریا جەختی کردەوە دەسەڵات گرتنی کوردەکان بەتایبەت دەسەڵات گرتنی هێزەکانی سووریایدیموکرات لە هەندێک ناوچەی باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا بە هۆی پشتگیرییەکانی ئەمریکاوە بووە.

ئەو شرۆڤەکارە لەبارەی چارەنووسی ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی سووریا دەڵێت: ئەو مەسەلەیە بەستراوە بەو باسانەوە کە لە واشەنتن لەبارەی بەردەوام بوونی مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان یان کشانەوەیان لەو وڵاتە.

ئەو چاودێرەی کاروباری کوردەکان هۆشداریی ئەوەشی داوە ئەگەر هێزە ئەمریکییەکان لە باکووری سووریا بکشێنەوە کوردەکان دەکەونە بەر مەترسیی پەلامار بەتایبەتی لەلایەن تورکیاوە.

دارین خەلیفە لەبارەی داهاتووی مانەوەی ئەمریکا لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا دەڵێت: سەرباری ئەوەی ئەمریکییەکان ناتوانن بۆ هەمیشە لەو ناوچەیە بمێننەوە بەڵام ئیدارەی بایدەن حەز ناکات دەستبەجێ بکشێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بە هەوڵدانی کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندی بۆ دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێک لەبارەی ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانەوە دەڵێت: یەک چارەسەر ئەوەیە کە ئاستێک لە دەسەڵاتی لامەرکەزی لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا جێبەجێ بکرێت.

ئاڵدار خەلیلیش یەک لە کێشەکانی کورد بەوە دەزانێت کە دەیان هەزار ئەندام یان کەسی سەر بە داعش لە کەمپەکانی ژێردەسەڵاتی کوردەکان ماونەتەوە و دەشڵێت وڵاتانی بیانی نە ئامادەن ئەو داعشانە بگەڕێننەوە وڵاتی خۆیان و نە لە بواری بەڕێوەبردنی دادگا بۆ دادگایی کردنیان یارمەتیی کوردەکانیش دەدەن.

News Code 1264

Your Comment

You are replying to: .
captcha