دوورنواڕی سیاسەتی جۆبایدەن بەرامبەر دۆزی کورد

بەشی جیهان- دوکتور بێن پریست لەبارەی هەڵوێستی ئیدارەی بایدەن سەبارەت بە مەسەلە کوردییەکان بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی وتووە: من لەو بڕوایەدام کە پەلکێش کردنی کوردەکان بەرەو سەربەخۆییی زیاتر گرفتارییێکی خراپە و کەمتر پشتگیریی فەرمی لە ئیدارەی بایدەن لەو بابەتە دەکرێت.

کوردپرێس:

زۆربەی سرەکردە کوردەکانی عێراق و سووریا پێشوازییان کرد لە سەرکەوتنی جۆبایدەن وەک سەرۆککۆماری ئەمریکا چوونکە پێیان وایە کە ناوبراو مامەڵەی باشتر لەگەڵ کاروباری کوردەکان دەکات. ژمارەیێک لەمیدیا ئەمریکییەکانیش باسی ئەوەیان کردووە کە خودی جۆبایدەن دۆستێکی باشترە بۆ کورد ئەوەش بەراورد بە سەرۆکەکانی پێشووتری ئەمریکا.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بۆ تاوتوێ کردنی ئەو بابەتە گفتوگۆیێکی لەگەڵ دوکتور بێن پریست مامۆستای زانکۆی ئیندیانانی ئەمریکا کردووە کە هاوکات توێژەری کاروباری کوردییشە.

ئایا جۆبایدەن دۆستێکی باشترە بۆ کورد؟

دوکتور بێن پریست لە بارەی ئەولەویاتی ئیدارەی بایدەن و سیاسەتی گشتیی ناوبراو لەبارەی دۆزی کورد بە کوردپرێسی وت: ڕاستە کە ئێستاش ئیدارەی بایدەن لە سەرەتای ڕێگا و کاروباری خۆیدایە بەڵام بە دڵنیایییەوە دەکرێت بڵێین کە ئیدارەی بایدەن درێژەدەری ڕگای دەوڵەتەکەی ئۆبامایە. من وای بە باشتر دەزانم کە جۆ بایدەن بە ئۆبامای دووهەم بانگ بکەم. بەڵام تا ئەم کاتەش هیچ نیشانەیێک نیە کە بیسەلمێنێت جۆبایدەن نیازی بێت عێراق یان هەرێمی کوردستان بخاتە ئەولەویاتی کاری خۆیەوە. هەر وەک لە پڕۆسەی گۆڕینی دەوڵەتێک بۆ دەوڵەتێکی دیکە لە ئەمریکا باوە کاربەدەستانی ئیدارەی بایدەن سەرقاڵی تاوتوێ کردنی چەندین مامەڵەن کە دەوڵەتی ترەمپ ئەنجامی داوە. لەبارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەکرێت باسی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 35 بە ئیمارات و ئەگەر فرۆشتنی ئەو فڕۆکەیە بە سعوودیە و ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و پێگەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە چەند نموونەیێکی ئەو بابەتانە بزانین. من بەگومانم لەوەی کە تەرکیزی ئیدارەی بایدەن لە سەر ئەوە بێت شەریکەکانی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناچار بکات بەرپرسیارێتیی هەندێک تەوەری ناحەزی وەک شەڕی یەمەن و کوژرانی جەماڵ خاشقچی بە پیلانی محەمەد بن سەلمان و شتی دیکە بگرنە ئەستۆ.

ناوبراو زیادی کرد: بە دڵنیایییەوە دەست پێکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کارتێکەر دەبێت لە سەر شێوازی مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ ناوچە کوردنشینەکان. پێ دەچێت ئەو مەسەلەیە بۆ ماوەیێک نەکەوێتە یەکەمایەتیی کارەکانی ئەمریکاوە بەڵام بەرنامەی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ماوەیێکی زۆر پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە سەر مێز بوو.

دوکتور بێن پریست ئاماژەی بە کەمڕەنگ بوونەوەی شەڕی دژبەداعش کرد و هۆکارەکەش ئەوەیە داعش شکستی هێناوە. ناوبراو لەبارەی شوێندانەریی ئەو مەسەلەیە لە سەر هاوپەیمانێتیی نێوان ئەمریکا و کورد دەڵێت: لە لایێکی دیکەوە من لەم دوایییەدا لەگەڵ چەند کەسێکی دۆست و بنەماڵەکان کە پێوەندییان بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە نیە قسەم کرد و ئەوان لەبارەی دوایین جار کە سەبارەت بە داعش هەواڵێکیان بینیبێت دەڵێت لانی کەم یەک ساڵ پێش ئێستا بووە. لە ڕوانگەی زۆربەی ئەمریکییەکانەوە داعش زۆر دەمێکە شکستی هێناوە. بەڵام لە بەرامبەردا دەتوانم بە سەردانکردنی چەند ماڵپەڕێکی کوردی هەواڵەکانی شەری دژبە داعش لە کەرکووک و دیکەی شوێنەکان بدۆزمەوە. بەشێک لە ئیدارەی بایدەن لەبارەی چەند پرسێکەوە کە بە بۆچوونی ئێمە جێی سەرنجن نەخوازەڵا لەم کاتەدا کە بە هۆی مەسەلەی وەک کۆرۆناوە کە بەشێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکەی ئەمریکایە بێدەنگی یان پشتگوێ خستنیان گرتۆتە بەر.

دوکتور بێن پریست ئاماژەی بە هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و گوتی: سەرباری هەموو ئەمانە خواست بۆ چوونەدەرەوە لە خاکی عێراق و ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکان باسێکی دیکەیە و لە ئەرزی واقیعی سیاسی و سەربازی باسی تایبەت بەخۆی هەیە. من تەسەور ناکەم تاکە کەس بم کە بەرامبەر بە دووپات بوونەوەی ڕووداوەکانی 2011 بێخەم بم کە لەو ساڵەدا کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق بۆشاییی ئەمنیی گەورەی دروست کرد و لە ئەنجامدا کەوتنی مووسڵ و داگیرکرانی بەدەستی جیهادییە فاشیستەکانی لێکەوتەوە.

ناوبراو لەارەی جووڵاندنی هێزە ئەمریکییەکان لە چەند بنکەیێکی سەربازیی عێراق بەرەو هەرێمی کوردستان و تۆکمەکردنی بارەگا سەربازییەکانی ئەو ناوچە کوردییە دەڵێت: سەرباری ئەوەی ئەمریکا بنکەی سەربازیی نوێی لە عێراق دروست نەکردووە بەڵام تۆکمەکردنی بارەگا سەربازییەکانی دەست پێکرد و وا دەردەکەوێت کە لانی کەم لە ئێستادا ئەوان زیاتر کار بۆ ئەوە دەکەن کە هێزی زیاتر لە ناتۆ بخەنە جێگای هێزە ئەمریکییەکان. من هەوڵم داوە کە لەو تێبگەم لەو بنکە سەربازییانە چی ڕوو دەدەن. دوو هەفتە لەوەو پێش ئەوان لە کۆنفڕانسێکدا لە هەولێر گوتیان بنکەی سەربازیی نوێ دروست نەکراوە بەڵکوو بنکە سەربازییەکانیان تۆکمەتر کردووە.

مامۆستای زانکۆی ئیندیانا لەبارەی پشتگیری کردنی ئیدارەی بایدەن لە دامەزراندنی کیانی سەربەخۆ لە عێراق و یان خود سەربەخۆییی کوردەکانی عێراق لە سەردەمی کارکردنی ناوبراو لە دەوڵەتی باراک ئۆباما بە کوردپرێسی وت: لەبارەی دوبارەی داڕشتنەوەی سنوورەکانەوە من لەو قەناعەتەدا نیم کە دوبارە کارێکی جیدی لە دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا ببینین. ئەو کاتەی جۆبایدەن لە 2006دا گوتی: "ئێمە لە حەیاتی خۆماندا کوردستانی سەربەخۆ دەبینین" ناوبراو جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا بوو. شتێکی وەک نوکتە و گاڵتە دروست کرابوو کە هەر کاتێک بایدەن بڵێت شتێکی لە مێشکدایە ڕاست پێچەوانەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکایە. ئەو مەسەلەیە بۆتە هۆی ئەوەی کاراکتەری کاریکاتۆری "مام جۆ پیری مێهرەبان" دروست بکرێت. من لەو بڕوایەدام کە جۆبایدەن وەک سەرۆککۆماری ئەمریکا لە وتە فەرمییەکانی خۆیدا موحافزەکارانە کار دەکات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە کارکردن لە سەر مەسەلەی کورد لە یەکەمایەتییەکانی بایدەندا نیە و دەشڵێت: بە گشتی من پێم وایە ئیدارەی بایدەن زیاتر سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندیی ڕێککەوتنی ئیبراهیم و تەعامولی دوبارە لەگەڵ ئێران و ڕێککەوتنی ئەتۆمی و بەرەنگاربوونەوەی جیهادییە فاشیستەکان و کشان بەرەو تەواوکردنی پشتگیری لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزە نیابییەکانی سعوودیە و ئێران بێت.

دوکتور بێن پریست لەبارەی شێوازی مامەڵەکردنی باشتری بایدەن لەگەڵ کورد بە کوردپرێسی وت: لەبارەی ئەوەی کە ئایا جۆبایدەن سەرۆککۆمارێکی باشترە بۆ کورد من لەو بڕوایەدا نیم کە ناوبراو پاڵپشتێکی باشتر بۆ کورد بێت.

کزبوونی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان

مامۆستاکەی زانکۆی ئیندیانای دۆخی گشتیی ئێستای هەرێمی کوردستان –بە سەرنجدان بە قەیرانی دارایی و خۆپیشاندانی ناڕەزاییی هاووڵاتییان- بە قەیراناوی دەزانێت و دەڵێت: لە ڕوانگەی منەوە دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریی هەرێمی کوردستان زیاتر وەک تۆپەڵە بەفرێکە. چوونکە قەیرانەکانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت. ئەو قەیرانانە بە قەیرانی داراییی ساڵی 2014وە دەستی پێکرد و بە شکستهێنانی ڕیفراندۆمی 2017 بە دەستپێشخەریی بارزانی، قەیرانی جیهانیی کۆرۆنا و هەروەها دابەزینی نرخی نەوت درێژەی پەیدا کرد. ئەگەرچی من لە بواری ئیدارەی نێوخۆییدا کوردستان بە سەرکەوتووتر لە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دەزانم بەڵام هەلومەرجی ئێستا، کارتێکەریی گەندەڵیی فراوان لەو ناوچەیە زەق دەکاتەوە.

زۆربەی کوردەکان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک ماوەیێکی زۆرە لە شێوازی حکومڕانی و سیاسەت کردن و زاڵ بوونی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان بێهیوا بوون. قەیرانە پەیتا پەیتا ئابوورییەکان ئەو نابەرابەرییە زەقتر دەکاتەوە. بەو حاڵەشەوە بە بڕوای من هەڵوێستی گشتیی کورد ئەوەیە کە دۆخی ئێستایان بە نەبەدڵی قبووڵ کردووە. کەسانێک هەن کە ئێستا سەری خۆیان داخستووە و خۆیان داوەتە دەستی چارەنووس. ژمارەیێکی زۆرتر هەر دەترسێن لەوەی کە لەبارەی سیاسەتەوە قسەش بکەن و ئەگەر لەو بارەیەوە قسەیان لەگەڵ بکەیت لێت دەڕەنجێن. بەڵام ژمارەیێکی کەم لە کەسانی دیکەش هەن کە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە نازناوەوە دەردەکەون و لە قسەی تاڵ و جنێو فەزێحەت باسی شوێندانەریی سەرکردە کوردەکان لە سەر ژیانی کورد دەکەن.

لامەرکەزییەت لە سلێمانی

توێژەری کاروباری کوردی لەبارەی هەوڵەکانی ژمارەیێک لە گرووپ و لایەنە سیاسییەکان بۆ چەسپاندنی سیستەمی لامەرکەزی لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی دەڵێت: داواکارییەکان بۆ چەسپاندنی لامەرکەزییەت بەتایبەتی لە سلێمانی لێکەوتەی شوێندانەریی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیییە کە ئەیلوولی 2017 کرا و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لەو ڕێگایەوە مەبەستیەتی هەرێمی کوردستان تەمێ بکات و پێگەی لاوازتر بکات.

دابەزینی 5 لە سەدی پشکی نەوتیی هەرێمی کوردستان شوێندانەریی قورسی لە سەر سیستەمی ناسەقامگیری ئێستای هەرێم هەیە. لەگەڵ مەسەلەی پشکی هەرێم لە بودجە پێویستە باسی پەکەکە لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی پارتی و یەکێتی باس بکرێت و ئەو مەسەلەیەش گرینگە کە هەستی کوردایەتی وەک گرینگترین قوەت لە نێو خۆی پارتی ئێستا لە کەم تینترین حاڵەتی خۆیدایە. من گومانم لەوەدا نیە کە یەکێتی چیی لە دەست هاتبێت بۆ خۆ نزیک کردنەوە لە بەغدا کردوویەتی.

مەترسیی زیادبوونی هێزی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان

بێن پریست هەڵکشانی ئوپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانووی هەبوونی پەکەکە بە هەوڵی تورکیا بۆ پەرەپێدانی خاک و ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆی دەزانێت و دەڵێت: ئەوەی تورکیا لە 2003وە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان کردوویەتی بەشێکە لە ستراتێژیی ئەردۆغان بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام و ڕێگری کردن لە دامەزرانی مەتەرێزێکی ئەمن بۆ میلیشیاکان. ئەو کارانە هەروەهاش جێبەجێ کردنی بەشێک لە نوسخەی دەسەڵاتی سەختی تورکیایە کە لە لایەن ئەو وڵاتەوە لە باڵکان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەو دەکرێت و ئەحمەد داوود ئوغڵو بۆ وەسف کردنی دەستەواژەی ئەڵمانیاییی lebensraum بە مانای کەشی هەناسەدان بەکار دەهێنێت. کارڵ هاوشۆفر لە سەرەتاکانی سەدەی 19 ئەو دەستەواژەیەی دانا. بەڵام من لەو بڕوایەدام کە لەو ڕووەوە کە ئەردۆغان و پارتی دەسەڵاتداری ئاکەپە لە ستراتێژیی خۆی سەبارەی مەسەلە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بە نیۆعوسمانی دەناسرێن پەیڕەوی هەمان عەقڵییەت دەکەن. ئەوان لە عێراق و سووریا گوشاری سەربازی و ئابووری بەکار دەهێنن و مەبەستیان ئەوەیە ڕێگری بکەن لە بنج کوتانی پەکەکە و هەبوونیان لەو ناوچانە بۆ مەشق کردن بە هێزەکان و پلان داڕشتن بۆ هێرش کردنە سەر تورکیا.

News Code 1265

Your Comment

You are replying to: .
captcha