ڕۆحانی بۆ ئەمریکا: شەرم مەکەن بگەڕێنەوە بۆ یاسا

بەشی ئێران- سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکدا بە بەرپرسانی ئەمریکای ڕاگەیاند کە ئێران بەردەوام ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر هەموو لایەنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئیلتیزام بە ڕێککەوتنەکەوە بکەن ئێرانیش هەموو پێبەندییەکانی جێبەجێ دەکات بۆیە بە ئەمریکا دەڵێم شەرم مەکەن و بگەڕێنەوە بۆ یاسا.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشەمە 20ی ڕەشەمەی 1399 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکدا باسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کرد و بە بەرپرسانی ئیدارەی بایدەنی ڕاگەیاند کە پێویست ناکات شەرم بکەن باشتر وایە بگەڕێنەوە بۆ یاسا و سزاکانی سەر ئێران بوەستێنن.

ڕۆحانی لە لێدوانەکەیدا گوتیشی ئەگەر لایەنی ئەمریکی واز لە یاساشکێنی بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و پێبەندییەکانی جێبەجێ بکات ئەوا ئێرانیش دەستبەجێ پێبەندبوونەکەی دەست پێدەکاتەوە و بە تەواوی جێبەجێی دەکات.

سەرۆککۆماری ئێران زیادیشی کرد: پێویستە ئەمریکا لەوە تێبگات کە لە 20ی کانوونی دووهەمی 2021ەوە ئیدارەی نوێی بایدەن دەستی بە کار کردووە و هەر ڕۆژێک کە زیاتر تێدەپەڕێت یاساشکێنیی ئەمریکا زیاتر دەبێت.

ڕۆحانی ئاماژەی بە سزاکانی ئەمریکا دژی ئێران کرد و ڕایگەیاند: ئێمە سێ ساڵ شەڕی ئابووریمان تێپەڕاند و هەمووان بۆیان دەرکەوت کە ئێران لە ژێر گوشاردا چۆک بۆ دانوستان دانادات و گوشارەکانی ئەمریکا کاریگەر نەبوون بۆیە باشتر وایە ئەمریکا واز لە یاساشکێنی بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ یاسا و پێبەند بێت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

شایانی باسە تیمی بایدەن سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بانگەشەی زۆری بۆ مەسەلەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کرد و ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەڵام سەرباری تێپەڕبوونی زیاتر لە 2 مانگ تا ئەم کاتەش ئیدارەی بایدەن سزاکانی سەر ئێرانی هەڵنەوەشاندۆتەوە و داوای دانوستان لەگەڵ ئێران دەکات بەڵام ئێرانیش ئەو مەرجەی داناوە کە سەرەتا پێویستە ئەمریکا سزاکان هەڵبوەشێنێتەوە و بگەڕێتەوە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەو کات لە چوارچێوەی 5 کۆ یەک-دا دەتوانن قسە لەگەڵ یەکتر بکەن.

News Code 1271

Your Comment

You are replying to: .
captcha