وانەی نۆیەمی ڕێنووسی کوردی: نەبزوێنەکان (3)

بەشی فەرهەنگ- لە وانەی نۆیەمی ڕێنووسی کوردیدا بەردەوام دەبین لە باسی نەبزوێنەکان و لەم وانەیەدا باسی تایبەت بە پیتی  "ئ" دەکەین.

کوردپرێس:

لە وانە پێشووەکاندا پاش جیاکردنەوەی بزوێن و نەبزوێن هەوڵمان دابوو پیتە گرینگ و جێ‌باسەکانی ئەلفبێی کوردی بەگوێرەی بزوێن و نەبزوێن شی بکەینەوە و ئێستاش دەگەینە باسی پیتی نەبزوێنی "ئ".

لە زمانی کوردیدا پێچەوانەی عەرەبی و فارسی پیتی "آ" نیە. کۆی ئەو وشانەی بە پیتی "آ" دەست پێدەکەن لە کوردیدا بەم شێوەیە دەنووسرێن: "ئا".

بە گشتی پاش دەرکەوتنی "ئ" لە سەرەتای وشەوە پێویستە دەنگێک بە دوایدا بێت. هەر بۆیە پیتی دووهەم بێگومان بزوێن یان دەنگدار دەبێت. چەند نموونەیێک لەو وشانەی بە "ئ" دەست پێدەکەن:

"ئا" وەکوو: ئارۆ، ئاو، ئاوات،ئاسک، ئامیان

"ئە" ئەنجامە، ئەنقەست، ئەمەگ، ئەشکەوت، ئەوین

"ئێ" وەکوو: ئێجگاری، ئێوارە، ئێسک، ئێرەیی، ئێمە

"ئی" وەکوو: ئینسان، ئینکار، ئیگە، ئیجازە، ئیشکەڕۆ

"ئۆ" وەکوو: ئۆقرە، ئۆخەی، ئۆخژن، ئۆغر

"ئو" وەکوو: ئوستاد، ئونیشک (کرە- ڕۆنێک کە لە کەرە دروست دەکرێت)، ئومێد

هەروەها لە زمانی کوردیدا پیتی بێدەنگی "ا" نیە وەک ئەوەی لە فارسی و عەرەبیدا دەکەوێتە سەرەتای وشەوە. بۆیە ئەو وشانەی بە "ا" بێدەنگ دەست پێدەکەن لە کوردیدا بە "ئ" دەنووسرێن.

وەکوو: امید= ئومێد امین= ئەمین ایران= ئێران

تێبینی1: هەندێک لە زمانەوانان پێیان وایە لە فارسی و عەرەبیشدا پیتی سەرەتا لەم وشانەی بە نموونە هێنرایەوە هەمان پیتی "ئ" واتا هەمزەیە و لە نووسیندا دەرناکەوێت ئەگینا هیچ وشەیێک نیە کە بە دەنگ یان بزوێن دەست پێبکات. بۆیە ئەگەر ئەم بۆچوونە وەک بۆچوونێکی زانستی قبووڵ بکەین بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ڕێنووسی کوردی لەو بارەیەوە خاڵی نادیار ناهێڵێتەوە و کۆی ئەو شتەی بەزاردا دێت و لە وشەدا هەیە دەیخاتە ڕوو.

تێبینی2: پیتی "ئ" وەک وتمان بێدەنگە و هەرگیز لە ناوەڕاستی بڕگەدا نایەت بەڵکوو یان لە سەرتای وشە و بڕگەوە دێت یان پیتی سێهەمی وشە و بڕگە دەبێت. بەڵام لە زمانی کوردیدا بەردەوام لە سەرەتای وشە و بڕگەوە دێت و ئەو وشانەی کە "ئ" تێیاندا دەکەوێتە ناوەڕاستەوە، وشەی زمانی عەرەبین کە بە قەرز لەو زمانەوە وەرگیراون و ڕیشەی کوردییان نیە. بۆ نموونە: مەئجوور

ڕاهێنان

ئەڕۆی ئۆغر؟ ئەڕۆی ئۆغر؟ نەزەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟

حەیام، عەقڵم، دڵ و دینم هەدەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟ (گۆران)

News Code 1279

Your Comment

You are replying to: .
captcha