ڕێبەری باڵای ئێران: پێویستە ئەمریکا لە عێراق و سووریا بکشێتەوە

بەشی ئێران- ێبەری باڵای ئێران لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا بەبۆنەی جەژنی مێعراجی پێغەمبەری ئیسلامەوە (د.خ) وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا چەندین تەوەری باس کرد کە یەکیان باسی دەسەڵاتی سیاسی و مەسەلەی بوونی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە بوو.

کوردپرێس:

ڕۆژی پێنجشەمە 21ی ڕەشەمەی 1399 بەرامبەر بە 11ی ئازاری 2021 هاوکات لەگەڵ 28ی مانگی ڕەجەبی 1442 کە وەک شەوی مێعراج ناسراوە ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران وتارێکی فەرمیی پێشکەش کرد و تێیدا وێڕای پیرۆزبایی کردنی جێژی مێعراجی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) چەندین تەوەری پەیوەست بە نێوخۆی ئێران و ناوچەکە باس کرد.

ڕێبەری باڵای ئێران لە وتارەکەیدا باسی ئەوەی کرد کە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە ئیلهام وەرگرتن لە عەقڵییەتی ئیسلامی و مەکتەبی پێغەمبەری ئیسلام(د.خ) دژی ستەم و نادادی هەستان و ئەو شۆڕشە لە ڕاستیدا نوێکردنەوەی تەوەری مەبعووس بوونی پێغەمبەرە لە سەردەمی نوێ.

ئایەتوڵڵا خامنەیی ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم لا و لەو لا دەبیسترێت کە گوایا ئێران لەگەڵ هەمووان ناکۆکە. بۆیە لەو بارەیەوە گوتی:" نەخێر قەت شتی وا نیە. قورئان بە ئێمەی فەرمووە کە دژایەتیی دوژمنانی ئیسلام بکەین نەک دژایەتیی ئەوانەی دینی جیا لە دینی ئیسلامیان هەیە. ئەمانە درۆ دەکەن و خۆیان نموونەی ئەو کەسانەن کە ڕاستییەکان دەشارنەوە و نموونەی بەرچاویشی شەریکە عەرەبەکەی ئەمریکایە (سعوودیە) کە ڕێگای ئاو و نان و دەرمانی لە یەمەنییە بێ بەرگرییەکان گرتووە و دەیانکوژێت ئەو کات ئەمریکا و ڕۆژئاوایییەکان باسی مافی مرۆڤ دەکەن. هەمووان ئاگادارن کە سعوودیە دژبەری خۆی چۆن گرت و بە مشار پارچە پارچەی کرد و ئێستاش باسی مافی مرۆڤ دەکەن."

ڕێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بە مەسەلەی چەکوچۆڵ و چەنەبەچەنەی نێودەوڵەتی لە سەر ئەو بابەتە کرد و گوتی ئەمریکا گەورەترین بەرهەمهێنەری چەکوچۆڵە و بەکاریشیان دەهێنێت. ئەمریکا تاکە وڵاتە کە چەکی ئەتۆمی بەکار هێناوە و جینۆسایدی پێکردووە. ئەو کات دێن ئیدعای ڕێگری کردن لە پەرەسەندنی چەک دەکەن.

ئایەتوڵڵا خامنەیی ئاماژەی بە ڕووداوەکانی ناوچەکە و سەرهەڵدانی داعش کرد و گوتی ئەمریکا خۆی دانی بەوەدا ناوە کە خۆی داعشی دروست کردووە ئەو کات دێت ئیدعای شەڕی داعشیش دەکات و دەڵێت پێویستە ئێران کۆتایی بە هەبوونی خۆی لە ناوچەکە بهێنێت. ئەوەش لە کاتێکدا ئەمە ناوچەی ئێمەیە و دراوسێکانی ئێمەی لێیە وبوونی ئێرانیش لە ناوچەکە بوونی سەربازی نییە. بە پێچەوانەوە ئەوان کە هیچ پێوەندییان بە خاکی ئەم ناوچەیەوە نیە لێرەن و چەکوچۆڵ و هێزی سەربازییان تێدا بەکار هێناوە.

ڕێبەری باڵای ئێران لە درێژەدا جەختی کردەوە کە پێویستە ئەمریکییەکان ناوچەکە چۆڵ بکەن و هێزی ئەمریکی لە عێراقیش و لە سووریاش بکشێتەوە چوونکە گەلی عێراق خۆیان داوای کشانەوەی ئەمریکایان کردووە.

News Code 1281

Your Comment

You are replying to: .
captcha