لە شەڕی سووریادا 12 هەزار منداڵ بوونەتە قوربانی

بەشی سوویا- لەماوەی 10 ساڵ شەڕی ناوخۆیی لە سووریا 12 هەزار منداڵ لەو وڵاتە کوژراو بریندار بوونە و 6 ملیۆن منداڵیش پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە کاریگەرییەکانی شەڕی ناوخۆی سووریا، بەتایبەت لەسەر منداڵان و دەڵێت نزیکەی 90٪ی منداڵانی سووریا پێویستییان بە یارمەتیی مرۆییە.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی یونسێفی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان تیشکی خستەسەر بارودۆخی خراپی سووریا و رایگەیاند: "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئەوەی ئاشتی لە سووریا بەدەست بهێندرێت".

یونسێف ئاماژە بەوە دەکات، دەیەیێک لە شەڕ و پێکدادان کاریگەری گەورەی لەسەر خێزان و منداڵانی سووریا هەبووە:

یەکەم: نرخی خۆراک 230٪ بەرزبووەتەوە.

دووەم: زیاتر لە نیو ملیۆن منداڵی خوار تەمەن 5 ساڵ لە سووریا گەشەیان خراپە، ئەوەش بەهۆی بەدخۆراکییەوە.

سێیەم: نزیکەی 2.45 ملیۆن منداڵ لە سووریا و 750 هەزار منداڵی سووریا لە وڵاتانی دراوسێی سووریا ناخوێنن و 40٪یش لەوان کچن.

چوارەم: لە نێوان ساڵانی 2011 تاوەکو 2020 نزیکەی 12 هەزار منداڵ کوژراون یان برینداربوون، زیاتر لە 5700 منداڵ راهێنانیان پێکراوە و کراونەتە چەکدار کە منداڵی تەمەن 7 ساڵانیان تێدا بووە، زیاتر لە 1300 ناوەندی پەروەردەیی و تەندروستی و کەسایەتی ئەو دوو بوارە هێرشیان کراوەتەسەر.

پێنجەم: تووندوتیژی و تراوما کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر منداڵان هەبووە. ژمارەی ئەو منداڵانەش لە ساڵی 2020دا تووشی خەمۆکی بوون بەراورد بە 2019 دوو بەرامبەر بووە.

یونسێف لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا دەڵێت، بارودۆخی "باکووری سووریا" زۆر خراپە. هێشتا ملیۆنان منداڵ لە "باکووری رۆژئاوا"ی سووریا ئاوارەن و ژمارەیێک خێزان لەو ناوچەیەدا 7 جار ئاوارەبوون، ئەوەش بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت.

ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان هەروەها دەنووسێت، 27 هەزار و 500 منداڵ لە کەمپی هۆل لە کوردستانی سووریا و کەمپ و سەنتەرەکانی دیکەی راگرتنی خەڵک لە ناوچەکانی دیکەی "باکووری رۆژهەڵاتی سووریا"دا ژیانێکی زەحمەتیان هەیە. بەمدواییەش تووندوتیژی لە کامپی هۆل زیادبووە و ئەوەش ژیانی خەڵکی ئەوێی خستووەتە مەترسییەوە؛ هەربۆیەش ئاژانسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان دۆزینەوەی چارەسەرێکی ماوەدرێژ بۆ خەڵکی ناو ئەو کامپانە بە پێویست دەزانێت.

یونسێف دەڵێت، نزیکەی 83٪ی پەنابەرانی سووریا لە وڵاتانی دراوسێی سووریادان و لە ساڵی 2012یشەوە ژمارەی منداڵانی کۆچبەر و پەنابەرە سوورییەکان لەو وڵاتانە گەیشتووەتە 2.5 ملیۆن کەس و ئەوەش گوشاری لەسەر کۆمەڵگەکانی ئەو وڵاتانە دروست کردووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1286

Your Comment

You are replying to: .
captcha