پرسی سەرەکیی ئەمڕۆ لە کوردستانی سووریا یەکگرتنە/ PYD ئاگر لە نووسینگەکانمان بەردەدا

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتیکی کوردستانی سووریا دەڵێت: باشتر وایە ڕەوتە کوردییەکان چیدی بیر لە دانووستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا نەکەنەوە و کاتی خۆیان بە فیڕۆ نەدەن.

«شەلال گەدۆ» سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتیکی کوردستانی سووریا و ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە لە ئێستادا گەورەترین گرفتەکانی بەردەم کوردستانی سووریا چییە، ڕایگەیاند: گرینگتری پرسی ئەمڕۆی کوردستانی سووریا پرسی گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکانە. هەموو کوردەکان چاویان لەم دانوستانەیە و ئێمە وەکوو ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) لەم بارەوە جیدین چوونکە خاڵی هاوبەشمان زۆرترە لە ناکۆکییەکانمان.

ناوبراو درێژەی دا: بوونی ئەمریکا لە دانووستاندەکاندا زۆر گرینگە چوونکە ئەم وڵاتە ڕۆڵی گەرەنتیکەری دانووستانەکانی هەیە و ئێمە شایەتحاڵی ئەوەین کە لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە ئەمریکا و نەبوونی تیمی چاوڕێری ئەو وڵاتە، گفتوگۆکان ڕاگیرابوون.

شەلال گەدۆ وتیشی: لەم ماوەدا کە گفتوگۆکان ڕاگیرابوون پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) هەڵمەتەکانی ڕابردووی دووپات کردەوە گڕی لە هەموو نووسینگەکانمان لە کوردستانی سووریا بەردا و مامۆستایان و چالاکوانانی سیاسی و هاووڵاتیانی کوردیان دەستگیر کرد. پێشتریش لەسەر دووپات نەبوونی ئەم ڕەفتار و هەڵمەتانە ڕێککەوتن کرابوو بەڵام پەیەدە پێبەندی هیچیان نەبوو.

سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتیکی کوردستانی سووریا و ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) وەبیری هێنایەوە: پەنجا ساڵە کە کورد دانوستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا دەکات بەڵام ئەنجامی نەبووە، ئەمڕۆیش دانووستانەکان هیچ ئەنجامێکیان نابێت چوونکە کاربەدەستی سووریا وڵاتانی دیکەن و حکوومەتی ناوەندیی خاوەنی بڕیار نییە.

شەلال گەدۆ جەختی کردەوە: باشتر وایە ڕەوتە کوردییەکان چیدی بیر لە دانووستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا نەکەنەوە و کاتی خۆیان بە فیڕۆ نەدەن چوونکە هیچ ئەنجامێکی نابێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1299

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha