نوێنەرێکی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا: بۆ یەک جار گواستنەوەی ئەردۆغان لە کۆشکی کۆماری بۆ پەرلەمان 5 ملوێن لیر سەرف دەکرێت

بەشی تورکیا- نوێنەرێکی CHP لە پەرلەمانی تورکیا ڕەخنە لە دەستپژاویی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ تیمی پاراستنی خۆی و دروست کردنی کۆشکەکان دەگرێت و دەڵێت: هەر یەک جار کە ئەردۆغان لە کۆشکی سەرۆککۆماری بۆ پەرلەمان بگوازرێتەوە 5 ملوێن لیری تورکی بۆ پاراستنی سەرف دەکرێت.

کوردپرێس:

عەلی ماهیر باشاریر نوێنەری شاری مێرسین لە پەرلەمانی تورکیا لە پشکی جەهەپە ئاماژە بەو تێچووانە دەکات کە سەرفی لیژنەی پاراستن و تیمی پاسەوانی ئەردۆغان دەکرێت و لەو بارەیەوە دەڵێت: هەر یەک جار کە سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمارەوە بۆ پەرلەمان دەبرێت 5 ملوێن لیر سەرف دەکرێت.

تیمی پاسەوانیی ئەردۆغان لە ماوەی 7 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 161 ملوێن لیریان سەرفی پاراستنی ئەردۆغان کردووە. پەرلەمانیش و کۆشکی کۆمارییش هەردووکیان بە شێوەیێکی چڕ و توند پارێزگارییان لێدەکرێت بەڵام بەوەشەوە هەموو جارێک دەرکەوتنێکی ئەردۆغان لە کۆشکەوە تا پەرلەمان 5 ملوێنی بۆ سەرف دەکرێت و کۆی ئەم تێچووەش بە سەر هاووڵاتییاندا دەشکێتەوە.

بەگوێرەی نووسراوی ئاژانسی Mezopotamya، ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەردۆغان لە کۆشکێکدا دەژی هەزار و 100 ژووری تێدایە. لە مارماریس کۆشکی تایبەتی دروست کردووە. لە ئەخلاتیش سەرای تایبەتی هەیە. ئێستاش سەرقاڵە بە بیناکردنی کۆشکێک لە قێبریس. تۆ سەرۆککۆماری ئەم وڵاتەی یان خود تەلارسازیت؟ ئەوەی نەهامەتی بوو بە سەر ئەم وڵاتەتان هێنا. بە پارەی کێ لە قێبریس کۆشک بینا دەکەیت؟ قەرزی سۆمالی بە پارەی کێ خەرج کرا؟

News Code 130

Your Comment

You are replying to: .
captcha