ئەگەری کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا

باشی جیهان- ژمارەیێک لە بەرپرسانی ئەمریکا باسی پێداچوونەوە بە مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا و لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی ئەو وڵاتە دەکەن و فەرماندەیێکی باڵای سوپای ئەمریکا دەڵێت پڕۆژەی پێداچوونەوەکە لەلایەن ئیدارەی بایدەنەوە پەسەند کراوە.

کوردپرێس:

سەرباری ئەوەی کوردەکانی سووریا بە پشتگیریی سەربازیی ئەمریکا توانیویانە کۆنتڕۆڵی بەشێک لە خاکی سووریا بکەن و ئیدارەی خۆسەر پێکبهێنن بەڵام هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریکا بیرەوەیی تاڵی لە مێشکی کوردەکاندا دروست کردووە. ئیدارەی پێشووی کۆشکی سپی بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لە بەرامبەر هێرشی تورکیا و میلیشیاکانی سەربەو وڵاتە پشتی لە کورد کرد و ئەمریکا بە خەیانەت دەرحەق بە کورد تۆمەتبار کرا.

لە ئێستادا نزیکەی 900 هێزی ئەمریکی لە سووریا ماونەتەوە کە بە پێی نووسراوی لۆس ئانجلس تایمز زۆرینەیان لە کێڵگە نەوتییەکانی باکووری خۆرهەڵاتی سووریان و بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لەوەی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا و یان بە وتەی ئەمریکییەکان چەکدارانی داعش دەستیان بە کێڵگە نەوتییەکان بگات.

گۆڤارەکە لەبارەی ئەگەری کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان یان مانەوەیان لە سەردەمی ئیدارەی بایدەن قسەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی کردووە و نووسیویەتی: ئێستا لەوە دڵنیا نین کە جۆبایدەن پێبەندییەکانی بۆ مانەوەی ئەمریکا لە سووریا و پشتگیری کردنی کورد جێبەجێ دەکات یان خەیر.

بەگوێرەی لێدوانی ژمارەیێک لە بەرپرسانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، ئیدارەی بایدەن سەرقاڵە بە پێداچوونەوەی بابەتی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریایە و دوور نیە هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکان بکشێنەوە. ئەو بەرپرسانە ئەوەشیان وتووە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا یان هەمان پێنتاگۆن کار بۆ ئەوە دەکات ژمارەی هێزەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کەم بکاتەوە یان خود تەرکیز بکاتە سەر ئاسیا.

ژنەراڵ کنس مەکنزی فەرماندەیێکی باڵای سوپای ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پشتڕاستی دەکاتەوە کە پڕۆژەی پێداچوونەوەی مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا لە لایەن بایدەنەوە خراوەتە بەر دەست.

ناوبراو بە لۆس ئانجلس تایمزی وتووە هەمووان لەبارەی ئەوەی کە ئیدارەی بایدەن مەبەستیەتی چی بکات پرسیار لە من دەکەن. بە ڕای من دەوڵەتی نوێی ئەمریکا کار لە سەر ئەو بابەتە (کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا) دەکات و ئێمە چاوەڕوانی وەرگرتنی فەرمان و ڕێنماییەکانین.

ڕابرت فۆرد باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا سیاسەتی مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا –کە بەشێکی دەگەڕایەوە بۆ پشتگیری کردن لە کورد و شەڕی داعش- بە سیاسەتێکی ناکارامە دەزانێت و داوای کردووە هێزە ئەمریکییەکان لە سەردەمی بایدەندا لە سووریا بکشێنەوە.

بەو حاڵەشەوە ژمارەیێک لە بەرپرسانی ئەمریکی و لەوان ژنەراڵ مەکنزی لەبارەی لێکەوتە خراپەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی سووریا هۆشداریی داوە. بەرپرسانی ئەمریکا هۆشداریی ئەوە دەدەن کە ئەگەر ئەمریکییەکان بکشێنەوە هێزەکانی کورد و عەرەبی سووریا خاکێکی زۆرتر لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا لە دەست دەدەن و مانەوەیان کورت دەکرێتەوە بۆ ناوچەیێکی بچووک و هیچ چاریان نامێنێت جگە لەوەی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند سازش بکەن.

کەسانێکی وەک مەکنزی جەخت لەوەش دەکەنەوە بوونی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا و یارەتییە سەربازی و هەواڵگرییەکانیان بۆ کوردی سووریا لە شەڕی دژبەداعشدا پێویستە و ئەگەر هێزە ئەمریکییەکان لەو ناوچەیە بکشێنەوە بۆشاییی ئەمنی دروست دەبێت بەڵاک کەسانی وەک ڕابرت فۆرد بڕوایان وایە کە داعش توانای هێرش کردنی پێشووی نەماوە و ناتوانێت هێرش بکاتە سەر خاکی ئەمریکا.

لۆس ئانجلس تایمز ئاماژەی بە مەسەلەی نیشتجێ کردنی نزیکەی 70 هەزار ئەندامی داعش و بنەماڵەکانیان لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردی سووریا کردووە کە ئەگەر هێزە ئەمریکییەکان بکشێنەوە و کورد بکەوێتە ژێر هەڕەشەی تورکیا ئەوا ئەگەر زۆرە ئەو داعشانە لە کەمپەکان هەڵبێن.

ئیدارەی جۆبایدەن لە دەوڵەتەکەی خۆیدا پۆستی بە کەسانێک داوە کە پێوەندییان بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە و یەک لەوانەش برێت مەکگۆرگە نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی دژەداعش. میدیا ئەمریکییەکان، مەکگۆرگ بە نێژیارڤانی پێوەندیی نێوان ئەمریکا و کوردەکانی سووریا دەزانن. ژمارەیێک لە شرۆڤەکاران ئەو بابەتە بە قازانجی کوردەکان دەزانن و دەڵێن ئەگەری کەمە کە ئەمریکا بۆ جاری دووهەم خەیانەت لە کورد بکاتەوە و پشتی لێبکات.

فابریس باڵانشە شرۆڤەکاری کاروباری سووریا و کوردەکانیش لە دیمانەیێک لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس جەختی کردەوە کە جۆبایدەن حەز بەوە ناکات هێزەکانی بۆ هەمیشە لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی سووریا بمێننەوە بەڵام لە ناکاو و بە بێ بەرنامە ناکشێنەوە.

ناوبراو هۆشداریی ئەوەی داوە کە ئەگەر دەوڵەتی بایدەن کە وەک گەورەترین پاڵپشتی کوردەکان ناسراوە لە سووریا بکشێتەوە تورکیا جارێکی تر دەست دەکاتەوە بە هێرشی سەربازی و هەوڵ دەدات لە یەکەم دەرفەتدا شاری کۆبانێ لە کۆنتڕۆڵی کوردەکان دەربێنێت.

News Code 1308

Your Comment

You are replying to: .
captcha