دوایەمین دۆخی بەرکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە و دۆسیەی دادگایی کردنی دابینکەرانی چەکی کیمیایی بۆ سەدام

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ڕەخنە لە حکوومەتی ناوەندیی عێراق دەگرێت کە پێبەندی حوکمی دادگا نەبوو بۆ قەرەبوو کردنەوەی قوربانیان و ناساندنی ئەو هێرشە وەکوو ژینۆساید و کۆمەڵکوژی.

لوقمان عەبدولقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە سی و سێهەمین ساڵۆگەڕی ئەو کیمیابارانەدا باس لە بارودۆخی خزمەتگوزاری پزیشکی و دابین کردنی پێداویستی پزیشکی بۆ بەرکەوتووان و دۆسیەی دادگایی کردنی دابینکەرانی چەکی کیمیایی بۆ سەدام شی دەکاتەوە و هەروەها باس لە سەردانی تیمێکی پزیشکی ئێران دەکات بۆ چارەسەر کردنی بریندارانی ئەو هێرشە کیمیاییە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە.

ئازاری بەرکەوتووان و بریندارانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە نەبوونی پێداویستیی پزیشکی

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە سەبارەت بە بارودۆخی بریندارانی کیمیاباران دەڵێت بەهۆی ئەوەی کە برینداران بەردەوام دەبێت چارەسەریان بۆ بەکار بێنن، پێویستیان بە چارەسەری بەردەوام هەیە و ڕۆژانە چۆن هەموو ئینسانێک پێویستی بە نان و خواردەمەنی و ئاو هەیە دەبێت سێ ژەمە ئەوانیش ئەو چارەسەرە بەکار بهێنن. ئێمە لەبواری پسپۆڕی تایبەت بە بریندارانی کیمیاباران تەجروبەیێکی ئەوتۆمان نەبووە بەو شێوە کە لە شوێنەکانی تر هەیە ئێمە لە سەرەتاداین و هێشتا پێویستیمان بە هاوکاریی هەیە بەتایبەتی بۆ دکتۆرەکان و خەستەخانەکان. بریندارەکان سەردان دەکەن و لەبەر ئەوەی کە هێشتا ئەو خەستەخانەیە تەجهیز نەکراوە و کەم و کوڕیی ماوە بۆیە نەتوانراوە هەموو ئازار و مەینەتییەکان چارە بکرێت. هێشتا لەو نەخۆشخانەیە دکتۆری چاو دانەنیشتووە، پێویستە کە وەزارەتی تەندروستیی زیاتر و زیاتر هاوکار بێت بۆ تەجهیز کردنی ئەو نەخۆشخانەیە و کەم کردنەوەی ئەرکی سەرشانی بەڕێوەبەرایەتیی و خزمەتی زیاتریش بە بریندارەکان بکات.

حکوومەتی عێراق ئامادە نەبووە قەرەبووی بەرکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە بکاتەوە و وەکوو کۆمەڵکوژی و ئەنفال دانی پێدا نانێت

لوقمان عەبدولقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەشڵێت: بەداخەوە دەبینین کە ئەمڕۆ حکوومەتی عێراقی هەڵدەسێت قەرەبووی کوێ دەکاتەوە کە سەدام داگیری کردووە قەرەبووی زیانلێکەوتووانی شوێنەکانی تر دەکاتەوە کە بە هەمان بڕیار و بە هەمان یاسا پەرلەمان بەڵام تا ئەمڕۆ بە عەمەلی هیچ هەنگاوێک هەڵنەگیراوە بۆ قەرەبوو کردنەوەی قوربانیانی هەڵەبجە و ئەنفال.

پرسی دادگایی ئەو کەس و کۆمپانیایانە که چەکی کیمیاییان بە سەدام دا و بەشداری ئەو تاوانە بوون

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەمبارەوە دەڵێت: ئەم کەیسانە بڕیاری کۆتایی دادگایان وەرگرتووە هەروەها بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان هەیە ئەو بڕیارەی کە دوجەیلی پێقەرەبوو کراوەتەوە هەمان بڕیار بۆ هەڵەبجە و ئەنفال هەیە بەڵام ئەوەی کە جێگەی نیگەرانییە تا ئەمڕۆ حکوومەتی عێراق بە یەک وشەیش ئیعتیزاری بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان نەهێناوەتەوە کە بپێی هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان حکوومەتی عێراق میراتگەری حکوومەتی پێشووە و دەبێت قەرەبووی هەڵبجە بکاتەوە ئیعتیزار بۆ هەڵەبجەییەکان بهێنێتەوە.

لوقمان عەبدولقادر زیاتر وتی: ئێمە لە کەیسی دادگایی کردنی سەدام و ڕەژیمی بەعش دەورێکی کاریگەرمان هەبوو وەکوو کۆمەڵەی قوربانیان. دواتر بڕیارەکانی دادگا جێبەجێ نەکرا ئێمە لە قۆناغی دووهەمیشدا گەڕاین بەدوای چەند پارێزەرێکی نێودەوڵەتی کە بتوانن ئەو کەسانەی کە هاوکار بوون و پشتیوانی سەدام بوون لە کاتی خۆی داوای قەرەبوویان لێبکەین.

ناوبراو لەبارەی بەڕێوەچوونی دادگا لەسەر ئەم دۆسیە ڕایگەیاند: ئێمە هەوڵەکانمان بەردەوامە و نزیکەی حەت هەزار سکاڵا کراوە و نزیکەی حەوت هەزار وەکالەت دراوە بۆ پارێزەران. بەڕاستی ئەم کەیسە لەم بارودۆخەی کە دونیا پێوەی سەرقاڵە بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا و ئەو تیمە پارێزەرەی لە دەرەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان دێن بڕیار بوو لە 9ی 3 دانیشتنی ئەمجارە دەست پێبکات بەڵام لەبەر ئەوەی کە دواخراوە بۆ 20ی 6ی ئەمساڵ پشت بە خودای گەورە و پشت بە هەڵمەتی دڵسۆزان دەمانەوێت ئەوانەی کە بەشێکن لە تاوانەکە و ئەوانەی کە هەر بەڵگەیێکیان لەسەر بێت کە هاوکار بوون بۆ ڕەژیمی بەعس داوای قەرەبوویان لێبکەین و ئەمە حەقی خۆمانە چوونکە ئەگەر ئەوان نەبوونایەت سەدام نەیدەتوانی ئەو تاوانە گەورەیە بەرامبەر بە هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان بکات.

ڕۆڵ پزیشکانی ئێرانی لە کەم کردنەوەی ئازار و مەینەتیی بەرکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە

لەم ڕۆژانەدا گرووپێکی پزیشکی ئێرانی سەردانی هەڵەبجەیان کرد بۆ چاڕەسەریی پزیشکی و خزمەت بە بەرکەوتووەکان. لوقمان عەبدولقادر لەبارەی وردەکاریی و هاوکارییەکانی ئیران بۆ هەڵەبجەییەکان بۆ کوردپرێس وتی: بە هاتنی ئەو تیمە پزیشکییە بۆ پارێزگای هەڵەبجە، ئێمە وەکوو قوربانیانی پارێزگای هەڵەبجە بە قوەت و پێگە و شارەزایی دکتۆرەکانی ئێرانمان لە بەرچاوە. بە ڕاستی ئێمە هەر لەسەرەتای تاوانەکەوە تا ئەمڕۆ ئیستیفادەیێکی زۆر باشمان لە دکتۆرەکانی ئێران کردووە بەتایبەتی ئەو دکتۆرانەی کە پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کیمیاباران بوون. لەبەر ئەوەی کە وڵاتی ئێران بەر چەکی کیمیایی کەوتووە و دکتۆرەکانیان زیاتر لە هەموو شوێنەکانی تر زانیارییان هەیە و ڕووبەڕووی نەخۆشییەکان بوونەتەوە بۆیە ئێمە هاتنی ئەم تیمە بەرز و پیرۆز دەنرخێنین.

هەموو کارێک باشە و خرابەی هەیە ئەو خەڵکە کە بینراون ئێمە چاوەڕێی نەتیجە ئەکەین واتا ئەو دکتۆرانەی کە لێرە ئەو خەڵکەیان بینیوە ئەگەر وەڵامیان ئەوە بێت بریندارەکان پێویستیان بە چاندنی قەرنییەی چاو هەیە و پێویستیان بە چاندنی گلێنەی چاو هەیە و عیلاجیان پێویستە؛ ئەگەر لایەنێک خۆی بکات بە خاوەنی ئەو تێچووە و تێچووەکە بگرێتە ئەستۆ بەڕاستی جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشیە بەڵام ئەگەر هیچ لایەنێک خۆی نەکات بە خاوەنی ئەو کەیسە ئەو کاتە بریندارەکان بەڕاستی نیگەران دەبن.

ناوبراو زیاتر ڕایگەیاند: هەندێک لە بریندارەکان پێشتر بە حاڵی خۆیانیان نەزانیوە کە ئیستە دکتۆرەکە پێی گوتووە پێویستت بە چاندنی گلێنە هەیە لە ڕووی دەروونی و مەعنەوییەوە تێکشکاوە بۆیە ئەگەر کەس پشتگیرییان نەکات خراپتر تێکدەشکێن.

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە کۆتاییدا وتیشی: ئێمە گەشبینین و دائیم تەجروبەمان لە دکتۆرە ئێرانییەکان لێوەرگرتوون بەتایبەتی من خۆم گلێنەم بۆ چاندراوە و لەلایەن دکتۆرێکی ئێرانییەوە و خۆشبەختانە ئیستفادەیێکی باشم کردووە و بڕیاریشی داوە بۆ چاوەکەی دیکەشم چاندن بکات. نەک هەر من زۆربەی ئەو کەسانەی کە بینیونی چاوەڕێی نەتیجە دەکەین.

دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1323

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha