دوورنواڕی ڕێککەوتنی کوردەکانی لەگەڵ دیمەشق/ داهاتووی هاوپەیمانیی کوردەکان و جۆ بایدن

بەشی جیهان- دکتۆر فابریس بالانشە بە کوردپرێسی وت کوردانی سووریا مەیلی ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا هەیە بەڵام لە ئێستادا لە چاو ڕابردوو خاڵێکی کەمتر لەو سازیانەدا لەگەڵ دیمەشق بەدەست دێنن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی قەیرانی سووریا هەر لە سەرەتاوە پرسی پێوەندیی کوردەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا بووە. کوردانی سووریا ناوەناوە مەیلی خۆیان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەش نیشان داوە بەڵام دانوستان لەگەڵ دیمەشق تا ئەم کاتەیش دەسکەوتێکی ئەوتۆی نەبووە.

دکتۆر فابریس بالانشە لەبارەی دانوستانی کوردەکان و حکوومەتی ناوەندیی سووریا بە ئاژانسی کوردپرێسی وت: کوردی سووریا شەوقێکی تایبەتیان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەش هەیە چوونکە تا زیاتر چاوەڕوان بن ئەگەری سازیان لەگەڵ دیمەش کەمتر دەبێتەوە. دیمەشق دەیهەوێت باکووری خۆرهەڵاتی سووریا جارێکی تر کونترۆڵ بکاتەوە و تەنها چاوپۆشی لەوانە بکات کە هاوکارییان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بووە. لە ئێستادا هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادەن و ئەمەش ڕێگری دەکات لە هەڵمەتەکانی دیمەشق بۆ کونترۆڵ کردنەوەی ئەو ناوچەیە کە لەژێر دەسەڵاتی کوردەکاندایە. بەمەیشەوە کوردەکان دەزانن کە ئەمریکا بۆ هەمیشە لەو شوێنەدا نامێنێتەوە. کورد خۆفی لەوە هەیە کە تێچووی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی نێوان ئێران و ئەمریکا ئەوان بیدەن.

ئەگەری هێرشی دووبارەی تورکیا بۆ سەر کوردانی سووریا

مامۆستای زانکۆی لیۆن 2ی فەرەنسا لەبارەی ئەگەری هێرش کردنەوەی تورکیا بۆسەر ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریا دەڵێت: تورکیا خولیای دەرکردنی کوردەکانی هەیە لە باکووری سووریا. ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکان بەردەوام لەژێر هەڕەشەی هێرشێکی دیکەی تورکیادایە.

پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سوپای سووریا و هێزە کوردییەکان

شرۆڤەکاری باڵای پرسەکانی سووریا لەبارەی شەڕە ناوەناوەکانی نێوان سوپای سووریا و هێزە کوردییەکان دەڵێت: شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە کوردییەکان و هێزەکانی سوپای سووریا بەبۆنەی ڕێگری کردن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بوو لە شەهبا. بۆیەش هزەکانی سووریای دیموکرات لەبەرامبەر ئەو هەڵمەتەدا ڕێگرییان لە جووڵەکانی سوپای سووریا کرد لە حەسەکە و قامیشلۆ.

دکتۆر بالانشە لەبارەی هۆکاری پێکدادانەکانیش دەڵێت: ئامانجی سوپای سووریا و ڕووسیا ئەوەیە کە هێزەکانی سووریا دیموکرات لەوە تێبگەن کە چە کەسێک دەسەڵاتی بەدەستۆیە تاکوو کوردەکان زیاتر پاڵ بە ئەمریکاوە نەدەن.

دوورنواڕی پشتگیریی جۆ بایدن لە کوردانی سووریا

مامۆستای زانکۆی لیۆن فەرەنسا لەبارەی داهاتووی هاوپەیمانیی کوردەکان و ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جۆ بایدن، دەڵێت: جۆ بایدن لەچاو دۆناڵد ترەمپ هەوڵی چاوەڕواننەکراوی کەمتر دەدات. بایدن بەشێوەی تاکەلایەنە بڕیاری کشانەوە لە سووریا نادات لەلایەکی دیکەشەوە جۆبایدن نایەوێت بۆ هەمیشە هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا بهێڵێتەوە. ناوبراو دەیهەوێت یارمەتیی کوردەکان بدات لە پێگەی هێزەوە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی سووریا بکەن و کارتێکی گوشاریان بەدەستەوە ببێت. جۆ بایدن دەیهەوێت هێزەکانی پاراستنی گەل پێوەندییان بە پەکەکە-وە نەمێنێت تاکوو تورکیا دڵنیا بکاتەوە. ئەمەش کێشەیە چوون بە بێ پەکەکە و بە پەکەکە-شەوە تورکیا نایەوێت لە سەر سنوورەکانیدا یەپەگە ببێت.

ناوبراو لەبارەی ئەگەری هێرشی دووبارەی تورکیا بۆسەر کوردەکان لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هۆشدار دەدات و دەڵێت: ئەگەر هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردی سووریا بکشێنەوە تورکیا هێرش دەکاتە سەر کوردەکان و شاری کۆبانی ئامانێکی بەردەستە بۆ ئەو هێرشە.

دکتۆر بالانشە بە کوردەکانی ڕادەسپێرێت بیر لە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیا بکەنەوە لەبری ئەمریکا و زیادی دەکات ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیا دەتوانێت قامیشلۆ بۆ کردەکان ڕزگار بکات و لەبەرامبەردا دەبێت ڕەقە و دەیرەزوور ڕادەستی سوپای سووریا بکەنەوە.

مامۆستاکەی زانکۆی لیۆن لەبارەی ئەگەری پاراستنی کوردەکان لەلایەن جۆ بایدنەوە هەمبەر هێرشی دیکەی تورکیا، ڕایگەیاند: پشتگیری کردن لە کوردەکان لەلایەن جۆ بایدنەوە سنوردار دەبێت. ئەمریکا تا ئەو کاتەی بەرزەوەندیی هەبێت پشتگیری لە کوردەکان دەکات. بەڵام بایدن نایەوێت تورکیا ناتۆ بەجێبهێڵێت. ناتوانین بەشێوەیێکی ورد بڵێین لە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆسەر کوردەکانی سووریا جۆ بایدن دژایەتیی دەکات. ئەمریکا لە ڕووداوی هێرشی تورکیا بۆسەر کوردەکان لە عەفرین و سەرێ کانیدا هیچ هەوڵێکی بۆ کوردەکان نەدا.

وەرگێڕان لە فارسییەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1324

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha