ھەڵەبجە سیمبۆلی نەتەوەیێک/ مەلا لوقمان پێنجوێنی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە ١٦/٣/١٩٨٨ شارێک بە چەکی کۆمەڵ کوژ خنکێندرا کە ئەم چەکە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەکانی مافی مرۆڤەوە قەدەغە کراوبوو، بەڵام ڕژێمی دیکتاتۆری عێراق بە بەرچاوی ھەموو جیھانەوە پێنج ھەزار خەڵکی مەدەنیی لە ژن و پیاو و منداڵ بە گازی خەردەل و کیمیایی خنکان و سووتاند.

دەقی یادداشتەکە:

ئەوەی شایەنی باسە لەو کارەساتەدا بە تەنھا کۆماری ئیسلامی ئیران لە ڕووی ڕاگەیاندن و مەیدانییەوە ئەو تاوانەی بە جیھان نیشان دا و ھاوکاری پێشکەش کردین، بەڵام بە ٢٢ دەوڵەتی عەرەبی ئیسلامی تەنھا بە یەک ووشەش باسیان لەو زوڵمە گەورەیە نەکرد کە عێراق بەرامبەر بە میللەتی کوردی کرد.

وڵاتانی بە ناو دیموکراسی خوازی ئەورووپا و ئەمریکا گوێی خۆیان لێ کەڕ کرد، ئەوەی جێگەی داخ و پرسیارە لەبری ساڕێژ کردنی برینەکانی ھەڵەبجە و کارەساتی ئەنفال کورد دەستی دایە یەخە برای خۆی و شەڕی ناوخۆی ھەڵگرساند کە جگە لە شەرمەزارییەکی گەورە ھیچی تری لێ سەوز نەبوو و پاش ٢٩ ساڵ حوکمی خۆماڵی تا ئێستاش پەندمان لە جینۆساید کردنی خەڵکی کوردستان وەرنەگرتووە.

کارەساتەکانی ئەنفال و کیمیا باران کردن گەر بەسەر ھەر نەتەوەیەکی دیکە بھاتنایە ئێستا دۆزەکەی لە جێگەیەکی تر دەبوو بەڵام بە ھۆی شەڕی ناوخۆ و یەکتر قبوڵنەکردن و پەرتەوازەییەوە کورد ھەر لە جێگەی خۆی ماوەتەوە یان باشتر بڵێم وەک یاری مار و پەیژە یە کە لە لووتکەوە دامان دەبەزێنێتە خوارەوە.

لە ئێستاشدا کورد زۆر پەرتەوازەیە بە تایبەت لە بەغدا، نازانم ئەو کەسانەی نوێنەرایەتی کورد دەکەن لە بەغدا ھەڵەبجە و کارەساتی ئەنفالیان لە بیر کردووە! ئایا ھاوپەیمانی ھیوا ھیوا دەگەڕێنێتەوە بۆ ھەڵەبجە؟ یان ھیوای ئەم نەتەوەیە لە گۆڕ دەنێت! ئایا گەڕانەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی عێراق چ پێناسەیەک ھەڵدەگرێت؟! دەپرسم گرووپی ھیوا و پۆستە حکومییەکانی تر لە بەغدا ھەڵەبجە و ئەنفالیان بیر ماوە؟! ئایا لەو ماوەیەی کە لە بەغدا بوون چەند جار باسیان لە ھەڵەبجە و کیمیاباران کردنی کردووە لە پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی وەزیران، ھەرچەندە دڵنیام جگە لە باس کردنی ئیمتیازاتی خۆیان و حزبەکانیان سوودێکی تریان بۆ کورد نەبووە...

لە کۆتایدا دەڵێم، دەبا ناکۆکیەکان وەلا بنێین دەبا بە کردار ھەڵەبجە بکەینە سومبول و ڕەمزی نەتەوایەتی دەبا ئیتر بەس ئازاری دڵی دایکی شەھیدان بدەین ... بۆیە دەڵێین تەنھا یەکڕیزی و یەکتر قبوڵکردن زامنی سەرکەوتنە.

News Code 1330

Your Comment

You are replying to: .
captcha