هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەی باشماخەوە بۆ ماوەی دوو هەفتەی تر درێژ کرایەوە
بەشی کوردستان- لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کوردستان، بەهمەن مورادنیا ڕایگەیاند هاتوچۆی گەشتیاری لە سنووری باشماخ بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکەش درێژ کرایەوە.

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشەمە 26ی ڕەشەمەی 1399 بەهمەن مورادنیا پارێزگاری کوردستان لە کۆبوونەوەی ژووری کۆنتڕۆڵ کردنی کۆرۆنا لە ئەنجومەنی پارێزگای کوردستان ڕایگەیاند بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا بۆتە مەترسیی جیدی و هەر بەو هۆیەش بڕیار درا هاتوچۆی گەشتیاران لە دەروازەی سنووری باشماخەوە بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکەش درێژ بکرێتەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی کوردستان ئاماژەی بە ئاهەنگەکانی سەری ساڵ و ئاهەنگی نەورۆز کرد و ڕایگەیاند هەڕەشەی جیدی بۆ سەر مەریوان و سنە هەیە لە بەر ئەوەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز لەو دوو شارە و لە گوندەکانیان بڕیارە بەڕێوە بچێت.

مورادنیا پارێزگاری کوردستانیش لەو بارەیەوە ئاماژەی بەو بابەتە کرد کە ئەوان خۆیان هاندەری هاووڵاتییانن بۆ شایی و دڵخۆشی بەڵام لەم دۆخەدا کە پەتای کۆرۆنا بۆتە هەڕەشەی جیدی، هیچ مۆڵەتێکی فەرمی بۆ بەڕێوەچوونی ئاهەنگ لە گوندەکان دەرنەکراوە.