وانەی دوازدەهەمی ڕێنووسی کوردی: هەڵە ڕێنووسییەکان (1)
بەشی فەرهەنگ- لە وانەی دوازدەهەمەوە دەچینە نێو باسی ئەو هەڵانەی کە لە میدیا و چاپەمەنییە کوردییەکاندا بوون بە هەڵەی باو و لەباری ڕێنووسییەوە ئیهمال دەکرێن.

کوردپرێس:

لە یازدە وانەی پێشوودا بە شێوەی نووسراوە هەوڵمان دا ئەلفبێی کوردی پیشان بدەین و پاشان بە جیاکردنەوەی دەنگدار و بێدەنگ، هەروەها بزوێن و نەبزوێن ژمارەی پیتەکانی هەر یەکە لەو واچانە باس بکەین.

چوارچێوەی گشتیی باسی ڕێنووسی کوردی لەو 11 وانەیەی پێشوودا باس کراوە و بە ڕەچاوکردنی ئەو بابەتانە دەتوانین بە کوردیی دروست بنووسین. بەڵام لە زماندا تێکەڵبوونی یەکە زمانییەکان لەگەڵ یەکتر و دروست کردنی مانا شێواز و حاڵەتی زۆر بەخۆوە دەبینێت و هەندێک جار لای یەک کەوتنی بزوین و نەبزوێنەکان پێویستیان بە ڕوونکردنەوە و باسی زانستی هەیە.

لە نووسینی کوردیدا باسی ڕێنووس لە لایەن دەزگا یان ناوەندێکی چاودێری و ڕۆشنبیریی تایبەت ڕاست نەکراوەتەوە کە خاوەنی کارتێکەریی ئەوتۆ فراوان بێت کە هەموو میدیا و ناوەندەکانی دەرکردنی چاپەمەنی پێبەندی بن. هەر بۆیەش ڕاجیاوازی و شپرزەیی لە نووسینی کوردیدا بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت و ئەوەش پێویستی بە ڕاستکردنەوە و ساغ‌کردنەوەی زانستییانە هەیە کە ئەرکی ناوەندە ئاکادیمییەکانە.

لێرەدا تەنها وەکوو هەست کردن بە ئەرکێکی نیشتمانی و فەرهەنگی، دەستەی نووسەرانی بەشی کوردیی کوردپرێس هەوڵیان داوە کۆمەڵێک لەو هەڵە ڕێنووسییانەی بخەنە بەر باس کە لە میدیا و چاپەمەنییە کوردییەکاندا ڕۆژانە دووپات و چەندین پات دەبنەوە و کەس خۆی لەو هەڵانە نابوێرێت و ڕەنگە تەنانەت ئەگەر شێوازە ڕاستەکەشیان پێ بڵێیت لێت وەرنەگرن.

هەندێک لەو کێشانە بریتین لەمانەی خوارەوە:

کێشەی "ێ" یان"ێک"ی نەناس

کێشەی "ی"ی پێوەندیی نێوان وشەکان کە لە فارسیدا بە "کسرە اضافە" ناسراوە

کێشەی "ی" جێگری بکەری کار کە بە بەرکار و کارەوە دەلێکت

کێشەی "وو" (واوی جووت) ئەو کاتەی کە بە پیتی بێدەنگی "و"وە دەلێکت.

کێشەی جیانووسین یان پێکەوەنووسینی وشە لێکدراوەکان و ئەو وشانەی هەڵگری پاشگرن

کێشەی جیانووسین یان پێکەوەنووسینی چاوگەکان بۆ جیاکردنەوەیان لە کردار

لە وانەی داهاتووەوە دەست دەکەین بە شی‌کردنەوەی کێشەکان و هەوڵ دەدەین لە چەند باسدا ڕوونیان بکەینەوە.