بەغدا بەشە بوودجەی کوردستان وەکوو قەرەبوو بە کوەیت دەدات؛ بەڵام داوای لێبووردن لە خەڵکی هەڵەبجە ناکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- محەمەدی حاجی مەحموود سیاسەتوانی بەناوبانگی کوردی عێراقی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا بە توندی ڕەخنە لە ستراتێژیی بەغدا گرت هەمبەر هەڵەبجە و قوربانیانی کیمیابارن بەتایبەت قەرەبوو نەکردنەوەی بەرکەوتووان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەڵەبجە ئەمڕۆ پاش 33 ساڵ لە کیمیاباران بەدەست ئاوڕنەدانەوەی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، گەشەنەسەندن، بە فەرمی نەناساندنی وەکوو پارێزگا لەلایەن بەغداوە و قەرەبوو نەکردنەوەی برینداران و بەرکەوتووانی کیمیاباران هەروەهۆا قەرەبوو نەکردنەوەی کەس و کاری قوربانیان، دەناڵێنێت و ئەو ڕێزلێنان و بۆنە گرتنەی کە لەلایەن حکوومەت و حزبەکانەوە لە ساڵیادەکانی کیمیاباراندا بەڕێوە دەچێت ساڕێژی زامی ئەو خەڵکە ستەم لێکراوە ناکاتەوە و بەڵکوو تەنها ئێش و ئازەرەکەیان وەبیر دەخاتەوە.

نەبوونی ناوەندێکی دەرمانیی و پسپۆڕ لە هەڵەبجە بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی پاش سێ دەیە

محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی بارودۆخی خزمەتگوزاری پزیشکی و دابین کردنی پێداویستی پزیشکی بۆ بەرکەوتووان کیمیابارانی هەڵەبجە، ڕایگەیاند: دوای 33 ساڵ لە کیمیابارانی هەڵەبجە تا ئێستا وەکوو پێویست کاری خزمەتگوزاری لە هەڵەبجەدا نەکراوە؛ ڕاستە نەخۆشخانەیێک کراوەتەوە بەڵام تا ئێستا وەرنەگیراوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا تا ئێستا نەخۆشێکی کیمیایی لێدراو لەو نەخۆشخانەیەدا تیمار نەکراوە. تا ئێستا نە ئامێرەکانی و نە پێویستییەکان و نە هیچ شتێکی ئەو نەخۆشخانەیە وەکوو پێویست نییە. هیوارداین لەمبارەشەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی خەڵکی هەڵەبجە بکات بۆ ئەو جیهاز و ئەو دەزگا پێویستییانەی کە پێوەندیی بە هەناسە و کیمیاییەوە هەیە کە لە نەخۆشخانەکەدا جێگیر بکرێت و دکتۆرەکانی ئێران پێ لە هەڵەبجە نەبڕن.

بەغدا ئامادە نییە داوای لێبووردن لە خەڵکی هەڵەبجە بکات، بەڵام قەرەبووی کوەیت دەکاتەوە

مەحەمەدی حاجی مەحموود لەبارەی ئەوەی کە چاوەڕوانییەکان لە پەرلەمانتاران بە تایبەت لە پەرلەمانی عێراق بۆ قەرەبووی هەڵەبجە و قوربانیانی ئەم کارەساتە وتی: ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان لە پەرلەمانی عێراق بە گشتی و پەرلەمانتارنی کورد لە بەغدا بە تایبەتی ئەوەیە کە هەوڵی ئەوە بدەن کە حکوومەتی عێراق دوای زیاتر لە سی ساڵ داوای لێبووردن لە خەڵکی کیمیالێدراوی هەڵەبجە بکات، ئێمە نەمانگوتووە حکوومەتی عێراق ئەو کارەی ئەنجام داوە ڕەژیمی بەعس ئەو کارەی کردووە بەڵام جێگرەوەی ئەو ڕەژێمە دەبێت بۆ ساڕێژ کردنی برینەکان ئەو تاوانانە لە ئەستۆی خۆی بگرێت.

ناوبراو جەختی کردەوە ڕەژیمی سەدام لە کەویتی داوە و کویەتی وێران کرد بەڵام هەر ئەم حکوومەتەی ئێستای عێراق داوای لێبووردنی لە کوەیت کرد، ئێستا پارەی خەڵکی کوردستان و هەڵەبجەیە کە وەکوو قەرەبوو بە کوەیت دەدرێتەوە؛ کە وایە بۆ لە وڵاتەکەی خۆی داوای لێبووردن ناکات و قەرەبووی ناکاتەوە.

پێم وایە ئەوە کارێکی ئاسایی و یاسایی و واجیبێکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە کە حکوومەت بیکات بەرامبەر بە هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان و پەرلەمانیش بەتایبەتی پێویستە کوتلە لایەنە کوردییەکان ئەم کەیسە بجووڵێنن و بەدواداچوونی بۆ بکەن.

گرینگایەتیی بەدواداچوون بۆ ئەنجامدەران و و دادگایی کردنی ئەو کەسانەی چەکی کیمیاییان بە سەدام داوە لە دادگا نێونەتەوەییەکاندا

ناوبراو لەبارەی دادگایی کردنی ئەو کەس و کۆمپانیایانە که چەکی کیمیاییان بە بەعس دا و بەشداری ئەو تاوانە بوون و ئەوەی کە دۆسیەکان بە کوێ گەیشتن بە کوردپرێسی وت: لە ڕاستیدا پرسی کەیسی هەڵەبجە، هەموومان دەزانین کاتێک کە شەڕی ئێران و عێراق بوو و هەڵەبجە کیمیاباران کرا و خەڵکی کوردستان قەڵاچۆ دەکرا و لەناو ئەبرا وڵاتانی دونیا خەریکی بازرگانیی چەکی کۆکوژ بوون لەگەڵ عێراق و ڕەژێمی سەدام حسێن و هەموو ڕۆژێک هاتوچۆ و چاوشارکێیان بوو لەگەڵیا. بەتەئکید چەکی کیمیایی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و لە موستەشارەکانی ئەوان و بە دەست نیشان کردنی ئەو وڵاتانەوە و بە فڕۆکەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە خەڵکی هەڵەبجە دراوە و ئەو چەکە قەدەغەکراوە لە خەڵکی بێ دەسەڵاتی هەڵەبجە درا و لە چاوترووکانێکدا 5000 شەهید و 20000 برینداری لێکەوتەوە و دەیان تاوانی دیکە بەرمبەریان ئەنجام دراوە. ئەوانەی کە ئێستا خۆیان بە فریشتە و پارێزەری مافی مرۆڤ دەزانن ئەوانە ئەو تاوانەیان کردووە.

محەمەدی حاجی مەحموود جەختی کردەوە ئەو کەیسە وەکوو پێویست کورد بەدواداچوونی بۆ نەکردووە و لە دادگای لاهە و شوێنەکانی تر دۆسیەکەی نەجووڵاندووە و نەیکردۆتە کەیسێکی جیهانی و پشتیوانی وڵاتانی بۆ پەیدا بکات و قەناعەت بە دادگاکانیش بکات کە دادگاکان تا ئێستا بەدواداچوونیان بۆ نەکردووە، ئەمانە هەمووی ماونەتەوە؛ بەڵام ئێمە پێمان وایە بۆ قەزیەیێکی ئاوەها گەورە درەنگ نییە و پێویستە بەردەوام بین لێی.

ئێران درێژە بە پشتگیریی پزیشکی لە بەرکەوتووانی کیمیایی هەڵەبجە بدات

لەم ڕۆژانەدا گرووپێکی پزیشکی ئێرانی سەردانی هەڵەبجەیان کرد بۆ چاڕەسەریی پزیشکی و خزمەت بە بەرکەوتووەکان. سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لەمبارەوە وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەڵەبجە و نەخۆشەکانی هەڵەبجە و بەرکەوتووانی کیمیابارانی ئەو شارە درێخیی نەکردووە و هەر لەسەرەتای دەرمان کردنیان و بردنیان بۆ نەخۆشخانەکانی ئێران و هەروەها بردنیان بۆ مەجموعەیێک لە وڵاتانی ئەورووپی وەکوو بەریتانیا ئەڵمانیا؛ لەم ڕێگەیەوە دەنگی کورد گەیشت بە دونیا کە هەڵەبجە کیمیایی لێدراوە.

محەمەدی حاجی مەحموود جەختی کردەوە لەو کاتەوە تا ئێستاش ماوەی سی ساڵە بەیناوبەین دکتۆر لە ئێرانەوە بۆ هەڵەبجە هاتووە و ئەمە یەکەمجار نییە. ئەم تیمەی ئێستا و لەم ڕۆژانەدا لە هەڵەبجە بوون زیاتر لە 900 بەرکەوتووی کیمیایی ئەم شارەیان تیمار کردووە هەر ئەم دکتۆرانە چەند ساڵێک پێش ئێستایش کە پێکهاتوون لە باشترین دکتۆرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەسانێک وەکوو دکتۆر قانعی و دکتۆر نادری لە پسپۆڕرترین دکتۆرەکانن لە بواری خۆیاندا و لە پرسی چەکی کیمیایی و لەسەر بوارەکانی تری نەخۆشەکانی هەڵەبجە.

ناوبراو وتیشی: من پێم وایە ئەمە هەنگاوێکی گرینگە و خزمەتێکی گەورە بووە لە باتی ئەوەی کە تەنها بە قسە کردن پشتیوانی بکەن، لە کاتێک کە سنوورەکان گیراون و کۆرۆنا لە دونیا بڵاو بووەتەوە و خۆپارێزی هەیە و شەپۆلی کۆرۆنا لە کوردستان و هەموو دونیا هەیە و سنوورەکان بەسراون لەم کاتەدا دکتۆرە بەتوانا و پسپۆڕەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتوون و چەند ڕۆژێک لە هەڵەبجە خزمەتی خەڵک دەکەن و زیاتر لە 900 بەرکەوتووی کیمیاییان بینی کە ئەمە هەنگاوێکی مرۆڤانەیە و هەنگاوێکی دراوسێییە و هەنگاوێکی شەراکەتی فەرهەنگە و هاوبەشیێکە بۆ شەهیدانی ئەو شەڕە هەروەها بە فریاهاتنی خەڵکی شاری کیمیالێدراوی شاری هەڵەبجەیە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە ئەمەش بە وتە و قسە ناتوانین تەعبیر لەو هەموو هاوکارییە بکەین کە بەرامبەر بە هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان کراوە.

سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە کۆتاییدا وتیشی هیوادارم کۆماری ئیسلامیی ئێران پێ لە هەڵەبجە نەبڕێت چوونکە هەروەها کە خۆتان دەزانن هەڵەبجە باجی شەڕی داسەپاوی سەدام و حکوومەتی عێراقی بەسەر کۆماریی ئیسلامیی ئێرانی داوە. کە واتە هەم ئێمە و هەم ئێرانییەکان قەرزاری خەڵکی هەڵەبجەین بۆیە پێویستە ئەو هاوکارییە و بەدواداچوون بۆ پاشماوەی بەرکەوتووان لەلایەن کۆماریی ئیسلامییەوە درێژەی بێت و بە دەڵەمەند کردنی ئەو نەخۆشخانەی کە بەرکەوتووانی کیمیایی کراوەتەوە و چە لە پێشوازی کردن لە بەرکەوتووان ئەمانە هەموو واجبێکی گەورەی دراوسێیەتی و مرۆڤانە و ئیسلامییە. بۆیە هیوادارم بەردەوام بێت و بۆ خەڵکی هەڵەبجە و ناوچەی هەورامان و شارەزوور و هەموو ئەو ناوچەی کە بەناوی هەڵەبجەوە کراوە.

دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

News Code 1337

Your Comment

You are replying to: .
captcha