پەیمانگای کاتۆ: بایدەن ناتوانێت بە بێ ڕەزامەندیی شەقامی ئەمریکی پشتگیریی کوردی سووریا بکات

بەشی جیهان- پەیمانگای کاتۆ پێشنیاری ئەوەی کردووە جۆبایدەن بۆ پشتگیری کردن لە کوردی سووریا لەگەڵ شەقامی ئەمریکی و دامەزراوە سیاسییەکان وەک ئەنجومەنی پیران ڕاوێژ بکات چوونکە ئەو بابەتە بابەتێکی هەستیارە و کاردانەوە بەدوای خۆیدا دێنێت.

ئەمریکا لە 2014وە و لە سەردەمی ئۆبامادا بە مەبەستی ئەو شتەی شەڕی داعش ناو دەبرا، هاوپەیمانێتیی لەگەڵ کوردەکانی سووریا کرد. ئەو هاوپەیمانێتییە بەقازانجی کورد دەرچوو بەڵام دەست بەردانی ترەمپ لە کوردەکان لە نیوەڕێدا زیاترین خەساری لە کورد دا و بەشێکی گەورەی ناوچەی ژێردەسەڵاتیان لە لایەن تورکیاوە داگیر کرا.

ئێستا ژمارەیێک لە میدیا ئەمریکییەکان لێدانەکانی بایدەن بۆ پشتگیری کردن لە کوردەکان دەهێننەوە یاد و لەو بڕوایەدان کە سەرۆکی نوێی ئەمریکا پشتگیریی کوردەکان و بەتایبەت کوردەکانی سووریا دەکات.

بەڵام پەیمانگای کاتۆ لە ئەمریکا ئاماژەی بە ئوپەراسیۆنەکانی تورکیا دژی کوردی سووریا کردووە و دەڵێت پشتگیری کردنی جۆبایدەن لە کوردی سووریا بابەتێکی هەستیارە و کاردانەوەی بەدواوە دەبێت چوونکە بە وتەی پەیمانگاکە دوور نیە کە پشتگیرییەکەی بایدەن لە کوردی سووریا بگاتە ئەو ئەنجامەی کوردەکان کیانی سەربەخۆ پێکبهێنن. بۆیە پەیمانگاکە لەبارەی لێکەوتەکانی ئەو پشتگیری کردنەوە هۆشداریی بە ئەمریکا داوە.

پەیمانگای کاتۆ ئەو پێشنیارەشی ئاراستەی بایدەن کردووە کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتی وا هەستیاردا -نەخوازەڵا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست- ڕەزامەندیی دامەزراوە سیاسییەکانی ئەمریکا و بەتایبەت ئەنجومەنی پیران و تەنانەت شەقامی ئەمریکییش وەربگرێت.

News Code 1342

Your Comment

You are replying to: .
captcha