واباشترە لەپێناو دەسەڵات قوربانی بەخۆتان نەدەن، لەم هەڵبژاردنەدا دەسەڵات دەگۆڕێت

بەشی تورکیا- سه‌لاحه‌دین دەمیرتاش، بۆیەکەمجار لەدوای بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ ئازاد کردنی، لەبەردەم دادگا ئامادە بوو، له‌و دانیشتنه‌ى دادگادا دەمیرتاش هێرشی كرده‌ سه‌ر دادوەرەکان ‌و پێی وتن: ئێوە ئەوە دەکەن کە لایەنی دەسەڵاتی دەیەوێت. واباشترە لەپێناو دەسەڵات قوربانی بەخۆتان نەدەن، لەم هەڵبژاردنەدا دەسەڵات دەگۆڕێت.

کوردپرێس:

سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوی پارتی دیموکراتی گەلان (هه‌ده‌په‌) کە لەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2016وه‌ لەزینداندایە لەکاتی ئامادەبوونی لەبەردەم دادگای باڵای تاوانەکانی ئەنکەرە کە لەڕێگای ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە بەڕێوەچوو، لەبەرامبەر پێشێلکردنی دەستوور و یاساکانی تورکیا هۆشداریدایە دادوەرانی دادگاکەو هەڕەشەی ئەوەی لێکردن کە لەبەردەم پەڕلەمان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

لەدانیشتنەکەدا جگە لەپارێزەرانی دەمیرتاش، هەریەک لەپەڕلەمانتارانی هەدەپە سێربێل کەمالبای، سەروهان ئۆلوچ، کەمال بێکوزی، حوسێن گەشما، زیلیحە گولوم، مەحموود تۆگرۆل، دۆغان ئێرباخ‌ و بەرپرس ‌و ئەندامانی هەدەپە و ڕۆژنامەنووسان ئامادە بوون.

لەدانیشتنی دادگادا، مەحسون کرمان پارێزەری دەمیرتاش ئاماژەی بەبڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کرد کە لە22ى دیسەمبەری 2020 دەرچوەو تێیدا داوای ئازادکردنی دەمیرتاش دەکات، لەوبارەیەوە بەدادوەرانی دادگاکەی وت: "ئێوە وا هەڵسوکەوت دەکەن وەک ئەوەی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆتان گرنگ نه‌بێت، بۆیە بێگوێدانە بڕیاری دادگا ئەوروپییەکە بەردەوامی ده‌ده‌ن بەبەڕێوەبردنی دانیشتنی دادگای تایبەت بەگوێگرتن لە تۆمەتبار".

لەدانیشتنەکەدا دەمیرتاش هێرشی کردە سەر دادوەرانی دادگاکە و پێی وتن:"ئێوە کاری سیاسیی دەکەن‌و دەتانەوێت ئەو پارتەی پشتیوانیی دەکەن بگاتە دەسەڵات، ئێوە یارمەتیی ئەردۆغانتان دا لەوەی سیستەمی سیاسیی وڵات بگۆڕێت، یارمەتیدەر بوون لەوەی دیکتاتۆرییەتی تاکەکەسی لە تورکیادا دروست بێت".

لەبەشێکی تری قسەکانیدا دەمیرتاش هۆشداریدایە دەستەی دادوەران‌و وتی:"ئێوە دەڵێن گوێ بەیاسا و دەستوور و بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا نادەین، ئێوە ئەوە دەکەن کە ئەردۆغان ‌و باخچەلی ‌و سۆیڵو دەیانەوێت، واباشترە لەپێناو دەسەڵات قوربانی بەخۆتان نەدەن، لەم هەڵبژاردنەدا لە99%ى دەسەڵات دەگۆڕێت، ئەوکات بانگ دەکرێنە لیژنەی یاساییی پەڕلەمان‌ و لەسەر دۆسیەکەمان لێپرسینەوەتان لەگەڵدا دەکرێت".

لەنۆڤەرمبەری 2016وه‌ سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەستگیر کراوە و تۆمەتی پەیوەندی بە كه‌جه‌كه‌ى دراوە تەپاڵ، هەرچەندە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دووجار داوای ئازاد کردنی دەمیرتاشی کردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا ئازاد کردنی ڕەت دەکەنەوە.

News Code 1345

Your Comment

You are replying to: .
captcha