ئاقاری سیاسیی سووریا ناگەڕێتەوە بۆ پێش 2011/ ئەمریکا حەز بە یەکڕیزیی کوردی سووریا دەکات

بەشی سووریا- بەرپرسی ڕاگەیاندن لە شەپێلا ئازادیا کوردستان (ŞAK) لە سووریا بە کوردپرێسی گوت: سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر کوردی سووریا ڕوون نابێت مەگەر ئەوەی ڕێککەوتنی کوردی کوردی لە نێوان کوردەکانی سووریا دەستەبەر ببێت.

کوردپرێس:

عەبدوڵڵا ئیمام بەرپرسی ڕاگەیاندن لە شەپێلا ئازادیا کوردستان (ŞAK) لە سووریا ئاماژەی بە هۆکاری ڕوون نەبوونەوەی سیاسەتی ئەمریکا لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کوردەکانی سووریا بە تایبەتی، بە کوردپرێسی گوت: تا ئەم کاتەش هیچ زانیارییێک لەبارەی سیاسەتی ئەمریکا و بەتایبەتی سیاسەتی ئیدارەی بایدەن بەرامبەر کوردەکان دەست نەکەوتووە و دیار نیە ئەمریکا چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

ناوبراو گوتیشی:"پێویستە بۆ تاوتوێی زیاتری ئەو مەسەلەیە سەرنجی شێوازی مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی بدەین بۆ ئەوەی بەگوێرەی ئەو سیاسەتە دەرک بە ڕەفتاری ئەمریکا بەرامبەر کوردەکان بکەین. بە گشتی سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر چەند بنەمایێک دامەزراوە. یەک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەو سیاسەتە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و ڕێککەوتنی نوێ لە چوارچێوەی دانوستانەکانی ڕابردووە. تەوەری دووهەم ئاسایشی ئیسترائیل و دەستەبەرکردنی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبییە. ئەمەیان سیاسەتی ترەمپ بوو بەڵام لە ئیدارەکەی بایدەنیشیدا درێژەی پێدەدرێت.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: تەوەرێکی دیکەش شەڕی یەمەن و لیبیایە و هەوڵ بۆ کۆتاییهێنانی ئەو شەڕانەیە. تەوەرێکی دیکە مانەوەی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ڕاستە ئەمریکا هەوڵ دەدات شەڕەکان لە ناوچەکە کۆتایی پێبهێنێت بەڵام هێزەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکشێنێتەوە و لە ڕێگای هێزەکانیەوە گوشار دەخاتە سەر وڵاتانی هەرێمی بۆ ئەوەی شەڕەکە کۆتایی پێبهێنن.

بەرپرسی ڕاگەیاندن لە شەپێلا ئازادیا کوردستان (ŞAK) لە سووریا گوتیشی: بابەتێکی دیکەش بوونی ئەمریکا لە شەڕی دژبە تیرۆر و شەڕی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە کوردەکان بەشێکن لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژەداعش.

عەبدوڵڵا ئیمام لە بارەی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر تورکیا لە ئیدارەکەی بایدەن دەڵێت: سیاسەتی ئەمریکا لە سەردەمی بایدەن و ترەمپدا سیاسەتێکی جیاواز دەبێت و تورکیا هەوڵ دەدات لەگەڵ ئەو وڵاتانەی پێوەندیی باشیان لەگەڵ ئەمریکا نیە پێوەندییەکانی کەم بکاتەوە بەتایبەت پێوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و کڕینی کەڕەستەی سەربازی لەو وڵاتە کەم دەبێتەوە و تورکیا بەو سیاسەتەی خۆیدا دەچێتەوە.

ناوبراو جەختیشی کردەوە: هەروەها لەبارەی دەستوەردانی تورکیا لە لیبیا، بە دڵنیایییەوە ئەمریکا و ئەورووپا گوشار دەخەنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی پاش یەکلابوونەوەی چارەنووسی لیبیا، ئەنقەرە هێزەکانی خۆی لەو وڵاتە بکشێنێتەوە.

ناوبراو دووپاتی کردەوە کە لە سەردەمی بایدەندا پێوەندیی ئەمریکا و ئەورووپا دەگەڕێتەوە بۆ پێوەندییەکەی زووتر و ئەورووپییەکان وەک سەردەمی ترەمپ تەنازول بۆ سیاسەتەکانی تورکیا ناکەن و بەدڵنیاییەوە تورکیا ئەوەی پێ خۆش نابێت.

بەرپرسی ڕاگەیاندن لە شەپێلا ئازادیا کوردستان (ŞAK) لە سووریا ئاماژەی بە شێوازی مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ عێراق کرد و گوتی: ئەمریکا هێزی خۆی لە عێراق ناباتە دەرەوە. بایدەن پێشتر و پێش ئەوەی ببێتە سەرۆککۆمار چەندین جار لەبارەی دابەش کردنی عێراق بۆ سێ دەوڵەتی کوردی و سونە و شیعە قسەی کردبوو و بەڕێز مەسعوود بارزانی لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت بایدەن پێی گوتووە کە لە ژیانی خۆیدا وڵاتی کوردستان دەبینێت.

عەبدوڵڵا ئیمام دەشڵێت: ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە لە سەردەمی بایدەندا سیاسەتی ئەمریکا لەبارەی کوردەکان تا ڕادەیێک باشتر دەبێت و بایدەن هەوڵ دەدات نفووزی ئێران لە عێراق تا ڕادەیێک کەم بکاتەوە.

ناوبراو درێژەی پێدا: لە سەردەمی بایدەندا کاتێک سەرنجی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر وڵاتانی ناوچەکە دەدەین سیاسەتی دژەکوردی تێدا نابینین و بەو بۆنەیەشەوە کوردەکان خۆیان لە قۆناغێکی نوێی سیاسیدا دەبیننەوە.

بەرپرسی ڕاگەیاندن لە شەپێلا ئازادیا کوردستان (ŞAK) لە سووریا لەبارەی سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا دەڵێت: ئەمریکا بۆ ئەوەی هەموو خاکی سووریا نەبێتە گۆڕەپانی یاریی ڕووسیا، هەوڵ دەدات نفووزی خۆی لە سووریا پەرەپێبدات.

ناوبراو زیادی کرد: سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر سووریا دژایەتی کردن لەگەڵ دەوڵەتی بەشار ئەسەدە و ئەوەش بە لێدوانەکانی بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپپیدا دەردەکەوێت.

ناوبراو لەبارەی شێوازی مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ کوردی سووریا بە کوردپرێسی گوت: تا ئەو کاتە ڕێککەوتنێکی کوردی-کوردی نەگاتە ئەنجام، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر کوردی سووریا ڕوون نابێتەوە.

ناوبراو زیادی کرد: ئەمریکییەکان دەیانەوێت دانوستانی کوردی کۆتاییی پێبێت و کوردەکان ببنە دۆستی ئەمریکا بەو مەرجەی کوردەکان لە نێو خۆیاندا بگەن بە یەکڕیزی.

عەبدوڵڵا ئیمام زیادیشی کرد: دۆخی سووریا دژوارتر دەبێت و گوشاری ئابووریی ئەمریکا دژی دەوڵەتی بەشار ئەسەد زیاد دەکات و ئەگەری ڕووخانی دەوڵەتی سووریاش لە ئارادایە.

ناوبراو گوتیشی: ئەمریکا و ئیسرائیل دژی مانەوەی ئێران لە سووریان و هەوڵ دەدەن ئێران لە سووریا دەربکەن و هەروەها بە گوشارخستنە سەر ڕووسیا هەوڵ دەدەن ڕێگری بکەن لە بەردەوام بوونی مۆسکۆ بۆ پشتگیری کردنی دەوڵەتی سووریا.

بەرپرسی ڕاگەیاندن لە شەپێلا ئازادیا کوردستان (ŞAK) لە سووریا ڕوونیشی کردەوە: پەرلەمانی ئەورووپا لە بەیاننامەیێکدا تانەی لە بوونی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا دا و داوای لە تورکیا کرد لەو وڵاتە بکشێتەوە. ئەمە سیاسەتی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپایە و ئەگەر سیاسەتەکانی ئەمریکاش هاوتەریب بێت لەگەڵ سیاسەتی ئەورووپا و تورکیا لە خاکی کوردستانی سووریا دەربکرێت هیواکان دەگەشێنەوە بۆ ئەوەی ناوچە داگیرکراوە کوردستانییەکان دیسان بکەوێتەوە کۆنتڕۆڵی کوردەکان.

عەبدوڵڵا ئیمام لە کۆتاییدا گوتیشی: من لەو بڕوایەدا نیم کە دۆخی سووریا بگەڕێتەوە پێش 2011 و دەوڵەتێکی یەکگرتوو لە سووریا ببینینەوە. هیچ دوورنواڕێک لەبارەی مەسەلەی سووریاوە نیە. ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی 2254ی نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە کە چارەسەری سیاسیی سووریا موتابەعە دەکات بەڵام هەلومەرجەکە لە ئەرزی واقیعدا شتێکی ترە.

News Code 1404

Your Comment

You are replying to: .
captcha