لە ئیدارەی ئەمریکادا شتێک بەناوی سیاسەتی کوردی بوونی نییە
بەشی جیهان- پرۆفیسۆر ژین باجەلان، مامۆستای زانکۆ میزۆری لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ڕایگەیاند ئەمریکا لەبارەی ژمارەیێک لە وڵاتان، لەوان تورکیا و عێراق و سووریا سیاسەتی تایبەتی هەیە بەڵام لە ئیدارەی ئەو وڵاتەدا شتێک لەژێر ناوی سیاسەتی کوردی بوونی نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەڵبژاردنی جۆ بایدن وەکوو سەرۆکی نوێی ئەمریکا هیوایێکی نوێی بەخشی بە سەرکردە کوردەکان لە عێراق و سووریا و تورکیا کە پشتیوانیی زیاتریان لێدەکرێت بەڵام پاش تێپەڕینی سێ مانگ لە بەدەستەوەگرتنی کورسیی سەرۆکایەتی کۆماری ئەمریکا؛ سیاسەتی ئەو وڵاتە هەمبەر کورد گۆڕانکاریی بەخۆوە نەبینیوە. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ئەم بابەتە دیمانەیێکی لەگەڵ پرۆفیسۆر ژین باجەلان، مامۆستای تۆژینەوە کوردییەکان لە زانستگای میزۆریی ئەمریکا ئەنجام داوە.

هەڵویستی جۆ بایدن لەبارەی کوردەکان

دکتۆر ژین باجەلان لەبارەی ڕێدۆزی جۆ بایدن هەمبەر کوردەکان دەڵێت: بە دڵنیاییەوە جۆ بایدن لایەنگریی زیاتر لە کوردەکان دەکات. بەمەیشەوە لەچاو 2006 کە ناوبراو خوازیاری دابەش کردنی عێراق بوو گۆڕانکاریی زۆر ڕوویداوە.

مامۆستای زانستگای میزۆریی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە کوردەکان لە هیچ ئیدارەیێکی ئەمریکادا لە ئەولەویەتدا نین و دەڵێت: ڕاستیەکەی ئەمەیە کە لە ئیدارەی ئەمریکادا شتێک لەژێر ناوی سیاسەتی کوردی بوونی نییە. ئەم وڵاتە سیاسەتی تورکیا، سووریا و عێراق پەیڕەو دەکات و کوردەکان هەمیشە لە پلەی دووهەمدان بۆ ئەمریکا.

گۆڕیانی هاوسەنگییەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە

دکتۆر باجەلان لەبارەی داهاتووی ڕەوتە ئۆپۆزیسیۆنەکان و ئەگەر زاڵ بوونیان بەسەر حکوومەتدا دەڵێت: من چاوەڕوانی ئەمە ناکەم کە گۆڕانکاریی زۆری ناوخۆیی لە هەرێمی کورستان ڕووبدات.

ناوبراو ئاماژەی دا بە زاڵ بوونی دوو حزبی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەر هەرێمی کوردستاندا بۆ ماوەی نزیک لە 30 ساڵ و زیادی کرد: پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکان و ئابووری ئەم ناوچەیان بەدەستۆیە. جگە لەمەش بە ئاوڕدانەوە لە دۆخی دژواری ژیئۆپۆلۆتیکی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەم دوو حزبە دەتوانن هەر چەشنە دژایەتیێک سەرکوت بکەن بەپاساوی ئەوەی کە دژایەتییەکان ڕێگا بۆ گەڕانەوەی بەغدا و زیاتر بوونی نفووز لە هەرێمی کوردستان خۆش دەکەن.

هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان

مامۆستای زانستگای میزۆریی ئەمریکا لەبارەی نفووزی تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی: بە ئەگەری زۆرەوە تورکیا بەرەبەرە دەست بۆ داگیر کردنی خاکی هەرێمی کوردستان دەبات. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تەنها سەنگی سەربازییان بۆ تورکیا نییە بەڵکوو لەبارەی سیاسیشەوە کەڵکی لێوەردەگرێت.

ناوبراو ئاماژەی دا بە بێدەنگیی پارتی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان هەمبەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و وتی: ئەم حزبە چارەیێکی نییە جگە لە قبووڵ کردنی بوونی سەربازیی تورکیا لە ناوچەکانیدا چوونکە پارتی هەم لەباری سیاسی و هەم لەباری ئابوورییەوە وابەستەی تورکیایە.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113