رێککەوتنی ژێربەژێر لەنێوان پارتی و سەدریەکان هەیە و یەکێتیش بەدوای پارتیدا رۆشتووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت لەبەرئەوەی رێککەوتنێکی ژێربەژێر لەنێوان پارتی و سەدریەکان هەیە، یەکێتیش بەدوای پارتیدا رۆشتووە.

کوردپرێس: کاوە محەمەد، ئەندامی هاوپەیمانی هیوا لە پەرلەمانی عێراق بە شارپرێسی راگەیاندووە: کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر بودجەی عێراق تائێستا نەکراوە، لەبەرئەوەی گرفت لەبەردەم تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکە زۆرە، بەشێکی پەیوەندی بە لایەنە شیعەکانەوە هەیە بەشێک لەو لایەنانەی دژی هەڵبژاردنی پێشوەختەن نایانەوێت پرۆژە یاساکە تێپەڕێت، پێیان وایە ئەگەر پرۆژە یاساکە تێپەڕێت هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکرێت، بۆیە بیانوی تر دێننەوە وەک ئەوەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار وەک خۆی لێبکرێتەوە، کۆمەڵێک شتی تریش باس دەکەن، بەڵام مەبەستیانە پرۆژەکە تێنەپەڕێت، دەوڵەتی یاسا و فەزیلەو بەشێک لە فەتح نایانەوێت پرۆژە یاسای بودجە پەسەندبکرێت، لەگەل ئەوە نین بەوشێوەیە پەسەندبکرێت، لەبەرئەوەی تائێتسا نیساب تەواو نەبووە و کۆبونەوە نەکراوە.

وتیشی، ئەوەی کە پەیوەندی بە بەشە بودجەی هەرێمەوە هەیە ئەمڕۆ لە لیژنەی دارای لایەنە شیعەکان بڕگەیەکیان زیادکردووە بۆ ئەو رێککەوتنەی 19ی مانگی وەفدی هەرێم و لایەنە شیعەکان، کە دەڵێت ئەگەر هەرێم پابەندی بڕگەکانی رێککەوتنەکە نەبێت ئەوا حکومەتی عێراقیش هیچ بڕەپارەیەک بۆ هەرێم نانێرێت.

کاوە محەمەد وتیشی تەسلیم کردنی داهاتی نەوت بە نرخی سۆمۆ تەنها خۆڵکردنە چاوی خەڵکە ئەگینا بۆئەوە نیە پێوەی پابەند بن و موچەی خەڵکی پێ چارەسەر بکەن، بەپێی ئەو بڕگەیەی کە زیادکراوە هەرێم نایەوێت پابەندی یاساکە بێت، لەبەرئەوەی هەرێم رازی بووە بەو بڕگەیە و نوێنەرەکانیان کە پارتی و یەکێتین لە لیژنەی دارایی دەنگیان بەو بڕگەیە داوە.

لەبارەی هۆکاری رازی بونی هەرێم بەو بڕگەی کە زیادکراوە وتی، هەرێم بۆیە رازی بووە دەیەوێت نەوت رادەستی بەغدا نەکات، بۆئەوەی سیاسەتی نەوتی خۆیان نەگۆڕن و شەرعیەت بدەن بە هەرزانفرۆشکردنی نەوتی هەرێم بەو شێوەیەی کە پێشتر بووە، بۆئەوەی بەردەوام دەست بەسەر نەوتی هەرێمدا بگرن بەو گرێبەستانەی کردویانە بیفرۆشن و موچە بەلێبڕینەوە دابەش بکەن، هەرێم بەوە رازی بووە کە نرخی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ بدات بە بەغدا، ئەمەش بۆئەوەیە دەقەکە جێبەجێ نەکرێت.

ئەوەشی وت، ئەگەر حکومەتی هەرێم نەوتەکەی بدایە ئەوا بودجەیەکی زۆر دەهات کە بە زیادەوە بەشی موچەی خەڵکی دەکرد لەکاتی و خۆیدا و بەبێ لێبڕین بدرایە، بەڵام بەپێی ئێستا نرخەکەی دەدات، ئەگەر هەرێم بەرمیلێک نەوت بە 45 دۆلار بفرۆشێت دەبێت نۆ دۆلار بخاتە سەری ئەوسا دەگات بە نرخی سۆمۆ، ئەمانە ئەگەر بازرگانیشبن بازرگانێکی شکستخواردوون.

پێیشی وایە، ئەو بڕگەیە زیادکراوە جارێکی تر وەک یاسای بودجەی 2019 بەشێوەی مەقاسە لە پارەی هەرێم نەبڕدرێت و ئەوەی دەمایەوە عێراق دەینارد، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت هیچ پارەیەک لە بەغداوە نانێردرێت، لەبەرئەوەی هەردولا مەبەستیان نیە دەقێک بێت جێبەجێب کرێت و لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت.

دەشڵێت، بەداخەوە نوێنەرانی یەکێتی و پارتی لە لیژنەی دارایی دەنگیان بەو بڕگەیەدا و تەنانەت بەرگرییان لە رێککەوتنی 19ی مانگ نەکرد کە شانازییان پێوە دەکرد، لەبەرئەوەی رێککەوتنێکی ژێربەژێر لەنێوان لاینە سیاسییەکان بەتایبەتی پارتی و سەدریەکان هەیە، یەکێتیش بەدوای پارتیدا رۆشتووە و ئەو رێککەوتنەیان پێباشە.

کاوە محەمەد باسی لە هەوڵەکانی نوێنەرانی هاوپەیمانی هیواکرد لە لیژنەی دارای و وتی، وەک هاوپەیمانی هیوا کۆمەڵێک بڕگەمان چەسپاندووە لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمە لەوانە هەر پارەیەک لە بەغداوە بنێردرێت بەشێوەی سەرەکی بۆ موچە بێت، دەبێت لیستی موچە خۆرانی هەرێم تاکۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵ رادەستی بەغدا بکرێت بە شەفافیەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا مووچە و میلاکی فەرمانگە ئیتیحادییەکانی هەرێم هەمووی بخرێتە سەر بەغدا.

سەبارەت بە کۆبونەوەی ئەمشەوی پەرلەمان ئاماژەی بەوەکرد، قسەیەک هەیە بۆ کاتژمێر 1ی ئەمشەو کۆبونەوەی پەرلەمان دواخراوە، بەڵام لەراستیدازەحمەتە ئەوکاتە بکرێت لەبەرئەوەی بەرە بەرە پەرلەمانتارەکان رۆشتونەتەوە و ژمارەیان کەمبوەتەوە و زەحمەتە بکرێت، ئەمشەویش نەکرێت ئەوە سەرۆکایەتی پەرلەمانە و کوتلە سیاسیەکانە بڕیار لەسەر دیاری کردنی کاتێکی تر دەدەن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1439

Your Comment

You are replying to: .
captcha