وانەی سێزدەهەمی ڕێنووسی کوردی: هەڵەی ڕێنووسیی "ێ" نەناس
بەشی فەرهەنگ- لە وانەی سێزدەهەمی ڕێنووسی کوردیی ئارامیدا تیشک دەخەینە سەر هەڵەیێکی باوی ڕێنووسی کوردی کە تایبەتە بە باسی "ێک-ێ"ی نەناس.

کوردپرێس:

هەموو زمانێکی ناسراو و دانپێدانراوی جیهان خاوەنی ڕێزمان و یاسا زمانییەکانی تایبەت بە خۆیەتی و هەندێک لە یاسا زمانییەکانیش وەکوو ڕێزمانێکی گشتی بۆ ئەوە دەشێت کە بۆ هەموو یان لانی کەم زۆربەی زمانەکان بەکار بهێنرێن.

یەک لە تەوەرە ڕێزمانییەکانی زمان کە یاسایێکی گشتی دێتە ئەژمار باسی ناسراو و نەناس و یاساکانی تایبەت بەم خاڵە ڕێزمانییەیە.

وەکوو پێناسەیێکی گشتی ئەو ناوانەی کە باس لە بوونێکی ناسراو دەکەن و بێژەر و بیسەر هەردووک تا ڕادەیێکی زۆر دەزانن کە باس لە چ ناوێک دەکرێت ئەو ناوە ناوی "ناسراو"ە و بە پێچەوانەشەوە ئەگەر بێژەر و بیسەری وتە زانیارییان سەبارەت بەو ناوە نەبێت کە باسی لێدەکرێت ئەوە پێی دەڵێن "نەناس".

ئەم دوو وشەیە لە عەرەبیدا بە "معرفە و نکرە" ناویان لێبراوە و ڕاست بە هەمان شێوەش هاتۆتە زمانی فارسییەوە.

نیشانەی نەناس لە زمانی عەرەبیدا "تنوین"ە و لە سێ حاڵەتی ئیعرابیی کەسر و فەتح و جەڕدا بێت یان خود لە ناوە "غیرمنصرف"ەکانیشدا بێت ئەو تەنوینە وەردەگرێت و نەکیرە یان نەناس کردنی "ناو" ڕوو دەدات. لە زمانی فارسیشدا دوو نیشانە بۆ نەناس کردن هەیە: یەکەمیان لکانی "ی" نەناس بە کۆتاییی وشەوە و دووهەمیان هێنانی ڕەقەمی "یەک پێش وشەی نەناسە. لە زمانی ئینگلیزیشدا نیشانی "the" بۆ مەعریفە کردن هەیە و وشە نەناسەکان زۆربەیان پیتی "a" لە سەرەتاوە وەردەگرن. لە زمانی کوردیشدا نیشانەی نەناس لکانی "ێ- ێک" بە کۆتای وشە و هێنانی ڕەقەمی "یەک" لە سەرەتای وشەیە.

نموونە:

اشتریتُ کتاباً

کتابی خریدم (یک کتاب خریدم)

کتێبێکم کڕی

I bought a book

لێرەدا "کتاباً- کتابی- کتێبێک و a book" نەناس کراوە و بێژەر زانیاریی تەواوی لەباەری کتێبەکەوە نەخستۆتە ڕوو و تەنها دەڵێت کتێبێکم کڕی. بۆیە بیسەر لەم ڕستەیەدا بۆی دەرناکەوێت ئەو کتێبە ناوی چیە، کامە کتێبە، چەند لاپەڕەیە، نووسەری کێیە، تەوەری کتبێبەکە چیە و ...

بەڵام لەم ڕستەیەی خوارەوەدا دەرەجاتێک لە تەعریف (مەعریفە کردن یان ناساندن) دەبینرێت:

اشتریتُ الکتابَ العربیەِ

کتاب عربی را خریدم

کتێبی عەرەبییەکەم کڕی.

I bought the Arabic book

لەم ڕستەیەدا دەرهێنانی وشە لە نەناسراوی بە یەک پلە ئەنجام دراوە. ئێستا سەرنجی ڕستەی ژێرەوە بدەین:

اشتریتُ الکتاب العربیەِ الذی قدمە الاستاذُ

کتاب عربی را کە استاد معرفی کردە بود خریدم

ئەو کتێبە عەرەبییەم کڕی کە مامۆستا دەستنیشانی کردبوو

I bought the Arabic book that the master had introduced

لەم ڕستانەی سەرەوەدا دەرەجاتی "تەعریف" و دەهێنانی وشەی "کتێب" لە نەناس بوون، زیاترە و بێژەر زانیاریی زیاتری لەبارەی کتێبەکەوە ئاشکرا کردووە و بیسەریش بە بیستنی ئەم ڕستەیە باشتر دەزانێت کە ئەو کتێبە کامە کتبێە.

بۆیە تا ئێرە کەس لاریی لەوەدا نیە کە نەناس و ناسراو هەڵگری یاسای تایبەت بە خۆیانن و بە هێنانەوەی نموونە لە چوار زمانی عەرەبی و فارسی و کوردی و ئینگلیزی بۆمان دەردەکەوێت کە نەناس لە هەر چوار زمانەکەدا هەڵگری نیشانەی زمانیی تایبەت بە خۆیەتی و بە لکاندنی پیت یان دەنگێک بە کۆتا یان سەرەتای وشەوە کاری نەناس کردن ڕوو دەدات. ئەو نیشانەیەش وەک باس کرا لە کوردیدا "ێ-ێک" لە کۆتاییی وشەوە و هێنانی ڕەقەمی "یەک"ە لە سەرەتای وشەوە. وەکوو:

کچ + ێک = کچێک

شار + ێک = شارێک

کوڕ + ێک = کوڕێک

کتێب + ێک= کتێبێک

ئەگەر سەرنجی دوو وانەی دەیەم و یازدەهەمی ڕێنووسی کوردی لەم ماڵپەڕەی کوردپرێس بدەین و چاوێک بە سەر یاسا فۆنیمییەکان و دەرکەوتنی بزوێن و نەبزوێن لە بڕگەکاندا بخشێنن بۆمان دەردەکەوێت کە کۆی ئەم وشانەی سەرەوە بە بێدەنگ کۆتایی هاتوون. واتا پیتی کۆتایی لەو چوار وشەی سەرەوە پیتی نەبزوێنن.

نیشانەی نەناس (ێک-ێ) بە دەنگ یان بزوێن دەست پێدەکات. بۆیە لکانی بزوێن بە نەبزوێنەوە بەگوێرەی یاسا فۆنیمییەکان هیچ کێشەیێکی تێدا نیە. بەڵام هەندێک وشە هەن کە بە پیتی دەنگدار یان بزوێن کۆتایی دێن وەک: دێ، گرێ، کۆبوونەوە، کێشە، تارا، خەسوو و ...

دیارە لەو وشانەدا کە بە دەنگدار یان بزوێن کۆتایی دێن، پیتی دەنگدار یان بزوێنی "ێک-ێ"ی نەناس ڕاستەوخۆ بە وشەوە نالکێن لەبەر ئەوەی هەرگیز دوو پیتی بزوێن بەدوای یەکدا نایەن و پێویستمان بە پیتێکی ناوبەند هەیە کە لە فارسیدا پێی دەڵێن پیتی "میانجی". ئەو پیتە ناوبەند یان نێوەندگیرە کە پێش نیشانەی نەناس بە پیتە بزوێنەکەی وشەوە دەلکێت لە زمانی کوردیدا "ی"ی بێدەنگ یان نەبزوێنە. واتا لەو وشانەی سەرەوە کە بە نموونە هێنراونەتەوە نەناس کردن بەم شێوەیە دەبێت:

دێ + ی ناوبەند + ێک نەناس = دێیێک

گرێ + ی ناوبەند + ێک نەناس = گرێیێک

کۆبوونەوە + ی ناوبەند + ێک نەناس = کۆبوونەوەیێک

کێشە + ی ناوبەند + ێک نەناس = کێشەیێک

تارا + ی ناوبەند + ێک نەناس = تارایێک

خەسوو + ی ناوبەند + ێک نەناس = خەسوویێک

وەک ئاشکرا بوو نەناس کردن هەڵگری یاسای تایبەت بە خۆیەتی بەڵام بەداخەوە لە میدیا و ڕۆژنامە و چاپەمەنییە کوردییەکاندا ئەم یاسا زمانییە ڕەچاو ناکرێت و لە زۆربەی نووسراوەکاندا ئەو وشانەی بە بزوێن کۆتایی دێن بە "یەک" لە کۆتای وشەوە نەناس کراون و ئەم شێوازە هەڵەیە بەکار دەچێت. نموونە: کۆبوونەوەیەک، کێشەیەک، تارایەک، خەسوویەک، دێیەک، گرێیەک و ...

لێرەدا بە کەڵک وەرگرتن لە دوو تەوەری زانستیی زمانناسانە سەلماندمان کە نەناس کردن یاسایێکی ڕێزمانیی تایبەت بە خۆی هەیە و لادان لەو یاسایەش بە بێ هێنانەوەی پاساوی زانستی و تەنها لەبەر خواست و ئارەزوو یان لاسایی کردنەوەی ئاخێوەران و نووسەران شتێکی هەڵەیە و پێویستە ئەگەر خەمخۆری زمانەکەمانین ئەم خاڵە زانستییانە ڕەچاو بکەین.