ژیانی سامناکی کوردەکانی عێراق لە ژێر بۆردومانی درۆنە تورکییەکان

بەشی جیهان- بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیەن و گۆڤاری شەڕە ئاسمانییەکان ژمارەی قوربانییانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بە هۆی بۆردومانی درۆنە تورکییەکان بە ڕێژەی بەرچاو زیادی کردووە و سام کردن لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ژیان و کاری خەڵکی مەدەنیی باکووری هەرێمی کوردستانی تێک داوە.

کوردپرێس:

سوپای تورکیا هاوکات لەگەڵ ئوپەراسیۆنەکانی 2018 و 2019ی خۆی دژی کوردەکانی سووریا ئوپەراسیۆنی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان زیاد کرد و پاساوی ئەو کارەشی ئەوە بوو کە پەکەکە لە خاکی هەرێمدایە و بە گوێرەی ڕاپۆرتی گۆڤاری شەڕە ئاسمانییەکان بەکارهێنانی درۆن دژی پەکەکە ژمارەیێکی زۆر لە هاووڵاتییانی مەدەنیی کوردی عێراقیشی کردۆتە قوربانی.

ڕۆژنامەی گاردیەن لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەی ئوپەراسیۆنی ئاسمانیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت ژمارەیێکی زۆر لە هاووڵاتییانی مەدەنی بە هۆی بۆردومانی درۆنەکانی تورکیاوە بوونەتە قوربانی و هۆشداریی ئەوەشی داوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ژیان و کاری کوردەکانی تێکداوە و ڕەوتی ژیانی ئاساییی هاووڵاتییانی مەدەنی تێک چووە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە هۆکاری پەرەسەندنی ئوپەراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت هۆکارەکە کەم بوونەوەی پێکدادانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیایە لە نێو خاکی ئەو وڵاتە و پەلکێش کردنی شەڕەکە بۆ ناوچەی کوێستانیی قەندیل لە باکووری عێراق. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە پێکدادانەکانی نێوخۆی تورکیا لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە و پەکەکە بە ڕێژەی 66 لە سەد دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە.

ڕۆژنامەی گاردیەن ئاماژەی بە کوژرانی سێ پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەی ئامێدی کردووە کە بە هۆی هێرشی درۆنە تورکییەکانەوە کوژران.

بەو حاڵەشەوە سەرچاوەیێک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە گفتوگۆی لەگەڵ گاردیەن کردووە و تێیدا ئیدعا دەکات کە ئوپەراسیۆنی ئاسمانیی تورکیا بە وردی ئەنجام دەدرێت و خەڵکی مەدەنیی هەرێمی کوردستان ناپێکێت.

بەڵام گۆڤاری شەڕە ئاسمانییەکان دەڵێت لە سەرەتای هێرشە نوێیەکانی تورکیاوە لە هەرێمی کوردستان تا ئەم کاتە نزیکەی 100 هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لە دەست داوە و ئەمەش ئیدعاکەی تورکیا ڕەت دەکاتەوە.

ئەو گۆڤارە کە شرۆڤەی شەڕە ئاسمانییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات دەڵێت تورکیا بە ڕێژەی فڕاوان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە بەرامبەر پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بەکار هێناوە و ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە ڕێژەی قوربانیانی مەدەنی هەڵکشانی بە خۆوە بینیوە.

گاردیەن ئاماژەی بەوەش کردووە کە زیاترین هێرشی تورکیا دژی پەکەکە لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ڕوو دەدات و ئەو پارتە باڵادەستەی هەرێمی کوردستان کاردانەوە و هەڵوێستی جیدیی بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا نەبووە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە پێوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا گەرمە.

ڕۆژنامەکە هەروەها باسی ئەوەشی کردووە کە هەرێمی کوردستانیش و تورکیا کەمتەرخەمن بەرامبەر بنەماڵەی قوربانییە مەدەنییەکان. ئەو بنەماڵانەی گاردیەن قسەی لەگەڵ کردووە دەڵێن هیچ دامەزراوەیێکی حکوومی یان سیاسەتوانێکی هەرێمی کوردستان تەنانەت هاوخەمیشیان لەگەڵ نەکردوون و قەرەبووش نەکراونەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی گاردیەن و گۆڤاری شەڕە ئاسمانییەکان ڕێژەی فراوانی بۆردومانەکانی تورکیا بۆتە هۆی چۆڵ بوونی 400 گوند و ئاوارەبوونی هەزاران کەش لە هاووڵاتییانی مەدەنیی کورد و زۆرینەشیان جووتیار و چێودارن و بە هۆی هێرشەکانی تورکیاوە کار و داهاتی خۆیان لە دەست داوە.

کری ڤوودز بەڕێوەبەری گۆڤاری شەڕە ئاسمانییەکان لەبارەی کەمتەرخەمیی تورکیا بەرامبەر کوژرانی هاووڵاتییانی مەدەنی بە هۆی هێرشەکانی ئەو وڵاتە دژی پەکەکە دەڵێت تورکیا وای دەنوێنێت کە ئاگای لە کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیلی هەرێم نیە و یان خود کوشتنی هێزە دژبەرەکانی ئەو وڵاتە لە خاکی عێراق ئەوەندە گرینگە کە کوژرانی هاووڵاتییانی مەدەنیش لەو ئوپەراسیۆنەدا جێی بایەخ نیە.

News Code 1492

Your Comment

You are replying to: .
captcha