گرفتەکانی کوردی سووریا
بەشی جیهان- جۆزەف داهر دەڵێت تورکیا کار بۆ دابەزاندنی پێگە و دەسەڵاتی کورد دەکات و لایەنی موعارەزەی سووریا کوردی پێ قبووڵ نیە و دەوڵەتی ناوەندییش بە هیچ شێوەیێک مل نادات بۆ دامەزرانی ئیدارەی خۆسەری کوردی لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا.

کوردپرێس:

جۆزەف داهر توێژەری کاروباری سوریا بە بۆنەی دەیەمین ساڵوەگەڕی قەیرانی سووریا چاوێکی خشاندووە بە سەر ئاقاری ئەو وڵاتە کە پاش 10 ساڵ لە تێپەڕبوونی قەیران و شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە گەشتۆتە چ ئاستێک. ئەو توێژەرەی کاروباری سووریا لە یادداشتێکی گۆڤاری نەشناڵ ڤیۆپۆینتدا دۆخی کوردەکانی سووریا لێک دەداتەوە.

ئەو توێژەرە یەک لە هۆکارەکانی دابەزینی پێگەی کوردەکانی سووریا و بچووک بوونەوەی ڕووبەری ژێردەسەڵاتی کوردەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی یەکڕیزی و تەبایی لە نێو لایەنە کوردییەکانی سووریا و خاڵی دووهەمی ئەو هۆکارەش دەبەستێتەوە بەوەوە کە تورکیا ڕژدە لەوەی ڕێگری بکات لە دامەزرانی ئیدارەی خۆسەری بەتایبەت ئەگەر ئەو ئیدارەیە بە سەرۆکایەتیی پارتی کوردیی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و هێزە کورد و عەرەبەکانی سووریا ناسراو بە هێزەکانی سووریای دیموکرات بێت.

ئەو توێژەرەی کاروباری سووریا یەکێکی تر لە کێشەکانی کوردی سووریا دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە کوردەکان لە لایەن ئوپۆزسیۆنی سووریاوە قبووڵ ناکرێن. هەڵبەت ئەو توێژەرە ئەوەشی بیر هێناوەتەوە کە بەشداری پێنەکرانی کورد لە لایەن ئوپۆزسیۆنی سووریاوە ناتوانێت یارمەتیی قەیرانی ئەو وڵاتە بدات.

جۆزەف داهر یەکێکیتر لە کێشەکانی کوردی سووریا بە ڕێکنەکەوتنی کورد و دەوڵەتی ناوەندی دەزانێت. هەڵبەت ناوبراو جەختیشی کردۆتەوە کە هۆکاری سەرەکیی درێژەپێدانی ناکۆکییەکان دژایەتی کردنی دەوڵەتی ناوەندییە لەگەڵ پێدانی خۆسەری بە کوردەکان.

ناوبراو دەشڵێت ڕژدبوونی تورکیا لە سەر لەناوبردنی ناوچەی ژێردەسەڵاتی کورد و ئیدارەی خۆسەری کوردی مەترسیدارترین هەڕەشەیە بەرامبەر ئەو دامەزراوەیە. لەو بارەیەوە ناوبراو دەشڵێت: تورکیا سەرباری ئەنجامدانی دوو ئوپەراسیۆنی گەورە دژی کوردەکانی سووریا ئێستاش بەردەوامە لە جووڵەی سەربازی بۆ لەناوبردنی ئیدارەی خۆسەری کوردی لە باکووری سووریا.

جۆزەف داهر پێی وایە کە کوردەکانی خاوەن دەسەڵات لە پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) لە دابەزینی پێگەی کوردی سووریا دەور دەبینن. لە هەمان کاتدا ئەو حیزبەش لە دامەزرانی ئیدارەی خۆسەری کوردی خاوەن قورسایی بووە بەڵام بە ڕای ئەو توێژەرە تاکڕەویی پەیەدە و دوورخستنەوەی لایەنە کوردییەکانی تر و بەشداری پێنەکردنیان لە ئیدارەی خۆسەر بۆتە هۆی دابەزینی پێگەی کوردەکان.

ئەو توێژەرە لە کۆتاییدا جەختی کردۆتەوە هەموو جۆرە ڕێگاچارێک بۆ قەیرانی سووریا پێویستە دۆزی کوردەکانیش ڕەچاو بکات.