لە ئەمریکا ململانێ لە سەر مەشقی تایبەت بە هێزە کوردییەکان هەیە

بەشی جیهان- چەند میدیایێکی ئەمریکی ئاماژە بە مەشق کردنی تایبەتی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بە هێزە کوردییەکانی سووریا لە یەکەی JTAC دەکەن و ئەو شێوە مەشقە سەربازییە بە هێزی نادەوڵەتی لە ئاستی جیهان بە شتێکی تازە دەزانن کە نموونەی پێشووتری نیە لە پەنتاگۆن و ئەوەش دوور نیە کە لێکەوتەی هەبێت.

کوردپرێس:

گۆڤاری ئەیرفۆرس تایمز لە بابەتێکدا نووسیی یەکەی ناسراو بە کۆنتڕڵ کردنی ترمیناڵی هاوبەشی هێرش بردن یان JTAC سەر بە هێزی ئاسمانیی ئەمریکایە و مانگی ڕابردوو ژمارەیێکی لە هێزرە کورد و عەرەبەکانی سووریا ناسراو بە هێزەکانی سووریای دیموکراتی لە ڕاڤەیێکی سەربازی و مەشقێکی هێرشی ئاسمانیی کۆپتەرە ئاپاچییەکاندا بەشداری پێکردووە و فێری کردوون کە چۆن پشتگیریی ئاسمانی دەکرێت.

بە گوێرەی نووسراوی ئەو گۆڤارە بابەتەکە شتێکی تازەیە لە هاوکاریی سەربازیی ئەمریکا لەگەڵ هێزە کوردییەکانی سووریا کە پێشتر باسی نەکراوە. ژمارەیێک لە لایەنە ئەمریکییەکان ئەو هاوکارییە نوێیەی ئەمریکا لەگەڵ هێزە کوردییەکانی سووریا بە خاڵێکی جێ ناکۆک دەزانن و دەڵێن نیشانەی ئەوەیە کە میتۆدێکی نوێیە کە ئەمریکا بۆ جەنگەکانی داهاتوو دەیگرێتە بەر.

بەو حاڵەشەوە ژمارەیێک لە بەرپرسانی سەربازی و بەتایبەت ڤی بریانت ئەفسەری خانەنشینکراوی هێزی ئوپەراسیۆنی تایبەتی سەر بە JTAC لە کتێبێکدا لەبارەی ئەو جۆرە ئوپەراسیۆنە لە سووریا بە ناوی "ڕاوکردنی حەلیفە" نووسیویەتی خاڵی ئیجابیی ئەو مەشقانە ئەوەیە کە ژمارەی کوژراوان لە هێزی خۆیی و دۆست و خەڵکی مەدەنی کەم دەکاتەوە.

واین مارۆتۆ وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانیی دژەداعش لەبارەی مەشقی تایبەت بە هێزە کوردییەکانی سووریا کە ئەرکی بۆردومانە ئاسمانییەکانی شەڕ دەگرێتە ئەستۆ و وێنە مەشقکردنەکەش لە ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگری بڵاو کراوەتەوە ڕوونکردنەوەیئەوتۆی لەو بارەیەوە نەدا بەڵام بە ئەیرفۆرسی وتووە ئەو بابەتە زیاتر بۆ دەستەبەرکردنی متمانەی زیاتری هێزەکانی سووریای دیموکراتە بە هێزی ئەمریکی.

بەڵام نیکۆلاس هراس شرۆڤەکاری باڵای کاروباری ئەمنی لەبارەی بەشداری کردنی هێزە کوردییەکان لە مەشقی هەماهەنگی و سەرۆکایەتی کردنی بۆردومانە ئاسمانییەکان بەو گۆڤارەی وتووە فەرمانبەرانی هێزی سووریای دیموکرات لەبارەی ئازادکردنی شاری شەدادی سووریا ئاگادار کرانەوە و یارمەتیی گەورەیان بۆ هەماهەنگی و سەرۆکایەتی کردنی هێرشە ئاسمانییەکان داین.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەکارهێنانی هێزە کوردییەکانی سووریا بۆ دەستەبەرکردنی هەماهەنگی لە هێرشە ئاسمانییەکان لە ئوپەراسیۆنی ئازادکردنی ڕەقە و منبەجیشدا دووپات بوویەوە. نزیکەی 10 کەس لە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی مانگی ڕابردووی ئەمریکا بەشدارییان پێکراوە و لەبارەی هەماهەنگی کردن و سەرۆکایەتی کردنی هێرشە ئاسمانییەکان مەشقیان پێکراوە. ئەوان مەشقیان پێکراوە بۆ ئەوەی لە سەرۆکایەتی کردنی ئوپەراسیۆنە ئاسمانییەکاندا لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان کار بکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەیرفۆرس تایمز لە وێنەیێکدا کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بڵاوی کردۆتەوە هێزێکی سووریای دیموکرات دەبینرێت کە بە ئامێری گەیاندنی ڕادیۆیی بە ناوی پی سی ئاڕ 148 ئوپەراسیۆنی تەقەکردنی کۆپتەری ئاپاچی ئی ئێچ 64 لە سەر زەوییەوە هەماهەنگ دەکات.

نیکۆلاس هراس لەبارەی ئامانجی ئەمریکا لە بڵاوکردنەوە وێنەی مەشقی سەربازی بە هێزە کوردییەکانی سووریا لە بواری سەرۆکایەتی کردنی ئوپەراسیۆنە ئاسمانییەکان دەڵێت: ئەمریکا نیازیەتی بڵێت کە شەڕی دژبە داعش لە سووریا هێشتا کۆتایی نەهاتووە و هاوکاری لەگەڵ هێزە کوردییەکان بەردەوامە و هەروەها ئەو کارەش هۆشدارێکە بۆ هێزە ڕووسییەکان کە بڵێن: "ئێمە تاقی نەکەنەوە".

News Code 1509

Your Comment

You are replying to: .
captcha