وانەی زانکۆکانی کوردستانی سووریا ئایدیۆلۆژیک نین/ باوەڕمان بە فەلسەفەی میللەت دیموکراتیکە

بەشی سووریا- جێگری هاوسەرۆکی زانستگای کۆبانی ڕایگەیاند: خوازیاری ئەوەین فەلسەفەی میللەت دیموکراتیک ببێتە هزرێکی جیهانی.

«شروان موسلیم» لە وەڵامی پرسیاری کوردپرێسدا لەباەری دۆخی زانستگاکانی کوردستانی سووریا وتی: لە کوردستانی سووریا سێ زانکۆ کراوەتەوە. زانستگای "ڕۆژاوا" لە قامیشلۆ، زانستگای کۆبانی و زانستگای عەفرین سێ زانستگای سەرەکین لە کوردستانی سووریا کە لە ئێستادا زانستگاکەی عەفرین بەهۆی داگیر کرانی ئەو شارەوە بۆ ناوچەی شەهبا گواستراوەتەوە.

ناوبراو درێژەی دا قۆناخەکانی خوێندن لە زانکۆکانی کوردستانی سووریا هاوشێوەی دیکەی زانستگاکانی دونیایە و قوتابیانی دوای تێپەڕاندنی قۆناخی سەرەتایی و ناوەندی دەگەنە کۆلێج. لەبواری کارگێڕیشەوە «کۆردیناسیۆن» یان بەڕێوەبەریی جێبەجێ کردن ڕاهێنان هەیە کە پەیوەندیی نێوان زانکۆکان ڕێکدەخات.

شروان موسلیم زیاتر وتی: ئەو مامۆستایانەی کە لە زانکۆکاندا وانە دەڵێنەوە بڕوانامەی دکتۆری و ماستەرییان هەیە و لە هەموو پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و سریانییان تێدایە و لێرەدا جەخت لە پسپۆڕ بوونی شەخس ئەکرێتەوە.

جێگری هاوسەرۆکی زانستگای کۆبانی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا لە زانکۆکاندا چ سەرچاوەیێک بۆ خوێندن پێش بینی کراوە ڕایگەیاند: سەرچاوەکانی خوێندن بەپێی ستاندارە جیهانییەکان دانراون و لە زانستە سروشتییەکان تا زانستی مرۆیی تێدایە. وانەکان لە زانکۆکانی ئێمەدا ئایدیۆلۆژیک نین و زانکۆکانمان هیچ ئایدۆلۆژیێک ناڵێنەوە چوونکە لە کوردستانی سووریا حزبی جیاوز بە بیر و ڕای جیاوازەوە بوونیان هەیە و زانکۆ بۆی نییە ئایدۆلۆژیک بێت. زانکۆکان لێرەدا تەرکیزیان لەسەر زانست و زانیارییە.

شروان موسلیم وەبیری هێنایەوە: لە پرسی زانستە ئینسانییەکاندا مەکتەبی فراوان هەیە کە بە درێژایی مێژوو سەرچاوە بوون و ئەمڕۆ لە زانکۆکانی کوردستانی سووریادا دەوترێنەوە. ئێمە هەم لەبارەی کاپیتالیزم و لیبرالیزم دەخوێنێن هەم لەبارەی سووسیالیزم و مارکسیزم.

ناوبراو وتیشی: وانەکان لە هەر وڵاتێکدا نزیکن لە بیر و باوەڕ و ئەندێشەی خۆیان. هەندێک وڵات زیاتر جەخت لە ئایین دەکەن و هەندێکیش لە لیبرالیزم بەڵام ئێمە لە کوردستانی سووریا بڕوامان بە "میللەت دیموکراتیک"ە.

ناوبراو زیادی کرد: کۆمەڵگا لەباری کارگێڕی و سەربازییەوە لەسەر ئەم فەلسەفە دامەزراوە و بۆ پەروەردەیش ئەم فەلسەفەیە لەبەرچاو دەگیردرێت.

جێگری هاوسەرۆکی زانستگای کۆبانی جەختی کردەوە ئێمە بڕوامان وایە کێشەکانی ناوچەکە لەسەر بنەمای ئەم فەلسەفەیە چارە دەکرێن. ئیتر بە هزری کۆنەوە ناکرێت کێشەکانی ئەمڕۆ چار بکرێن.

ناوبراو وتیشی: ئێمە دەمانەوێت فەلسەفەی میللەت دیموکراتیک ببێتە هزرێکی جیهانی.

جێگری هاوسەرۆکی زانستگای کۆبانی جەختی کردەوە: لە فەلسەفەی میللەت دیموکراتیکدا چیدی نەتەوەپەرستی بوونی نییە و میللەتەکان و هەموو قەومەکان دەتوانن خۆیان جێگیر بکەن و هەرکەس بەپێی فام وبیر و دینی خۆی دەتوانێت ئامادە ببێت. لەم ڕوانگەیەدا ژن جەوهەری سەرەکییە و چیدی ناخرێتە پەراوێزەوە. هەروەها کە دەبینن سیتەمی هاوسەرۆکیی جێگیر کراوە و ئەمڕۆ لە زانکۆکانیشدا جێبەجێ دەکرێت.

شروان موسلیم وتیشی: لە زانکۆکانی ئێمەدا زانست زیندوو نییە و زانست ناکەوێتە خزمەتی نەتەوە پەرستییەوە و زانست بە ستراتێژیێکی مۆراڵیەوە دەخرێتە خزمەتی مرۆڤ.مۆراڵ و زانست دەبێت پێکەوە بن و هیچ کام بەبێ ئەوی تر بوونی نییە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 151

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha