وانەی چواردەهەمی ڕێنووسی کوردی: کێشەی «ی» وەکوو پێوەندیدەری نێوان وشەکان

بەشی فەرهەنگ- لە درێژەی باسی هەڵە ڕێنووسییەکاندا تیشک دەخەینە سەر باسی "ی" کە کاری پێوەندیدانی نێوان دوو وشە ئەنجام دەدات و لە فارسیدا بە "کسرە اضافە" ناسراوە.

لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی «of» و پیتی «s» لە حاڵەتی جێگری میلکیی سێهەم کەسدا وەکوو ئامێر و نیشانەی پێوەندیی نێوان وشەکانی زمان دیاری کراوە. نموونە:

university of Kurdistan, Iran’s flag

هەندێک جاریش لە نێوان ئاوەڵناو و ناو یان خود لە نێوان دوو ناودا هیچ پیت یان نیشانەیێک نانووسرێت و بە پێی یاسای زمان دوو وشەکە پێوەندییان لەگەڵ یەک دەبێت. نموونە: Kurdistan university

لە زمانی فارسی و عەرەبییشدا نیشانەی پێوەندی بە «کسره اضافه» ناوی لێبراوە و دەنگی ژێرە دەدات.

بۆ نموونە: پرچمِ ایران، دانشگاەِ کردستان

دیارە لە ڕێنووسی فارسیشدا ئەو نیشانەیە نانووسرێتەوە و بە حوکمی یاسا ڕێزمانییەکان و پێوەندیی نێوان وشەکان لە کاتی وتنەوەدا دەنگیلەی ژێرەکە دەردەکەوێت. وەکوو: کشور ایران، دولت مستقل، شاعر کرد

لە زمانی عەرەبیدا نیشانەی پێوەندییەکە دەنووسرێت و بە زۆری لە ڕستەدا دەبینین کە ئیعرابی وشەکان نووسراوەتەوە: آمنو بالیومِ الآخرِ- کلِ شیئِ

لە زمانی کوردیشدا نیشانەی پێوەندیی وشە لە ڕێنووسی ئارامیدا پیتی دەنگداری «ی»یە کە دەلکێت بە وشەوە. بۆ نموونە:

رئیس اقلیم کردستان: سەرۆکی هەرێمی کوردستان

شهردار سنندج: شارەوانی سنە

استاندار کردستان: پارێزگاری کوردستان

لەو وشانەدا کە بە پیتی دەنگداری «ی» تەواو دەبن پێویستە هەردووک «ی» لە کۆتاییی وشەکەدا بنووسرێت. بۆ نموونە:

ریاست اقلیم کردستان: سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

شهرداری سنندج: شارەوانیی سنە

استانداری کردستان: پارێزگاریی کوردستان

لە زاراوەی کرمانجیدا دیسان پیتی پێوەندیدەر دەپارێزرێت و لە هەموو وشە پێوەندیدارەکاندا دەنووسرێتەوە و بە گوێرەی ڕەگەز ئەگەر مێیینە بوو نیشانەی a, ya و ئەگەر نێرینە بوو نیشانەی ê و بەکار دەهێنرێت. وەکوو:

Serokê Herêmê

Şaredarê Sineyê

Serokatiya Herêmê

Mamoste/a Zankoyê

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە هەر وشەیێک بە بێدەنگەوە تەواو بووبێت بۆ ڕەگەزی مێیینە «a» و بۆ ڕەگەزی نێرینە «ê» بەکار دەهێنرێت بۆ پێوەندی دانی وشەکان بە یەکترەوە. وەکوو:

Serokê Herêmê

بەڵام هەر وشەیێک بە دەنگدارەوە تەواو بێت بۆ ڕەگەزی مێیینە «ya» و بۆ ڕەگەزی نێرینە «» بەکار دەهێنرێت. وەکوو:

Serokatiya Herêmê

Mamoste Zankoyê

لە هەورامیشدا نیشانەی پێوەندی «و» و «وو»ە. واتا ئەگەر وشە بە پیتی بێدەنگەوە تەواو بووبێت ئەوا نیشانەی پێوەندی «وو» دەبێت و ئەگەر بە پیتی دەنگدارەوە تەواو بووبێت نیشانەی پێوەندی «و» دەبێت و دەلکێت بە وشەکەوە. بۆ نموونە:

سەرۆکی هەرێم: سەرۆکوو هەرێمی

شارەداری پاوە: شارەداروو پاوەی

سەرۆکایەتیی هەرێم: سەرۆکایەتیو هەرێمی

پارێزگاریی کوردستان: پارێزگاریو کوردستانی

News Code 1510

Your Comment

You are replying to: .
captcha