گرفتە ناوخۆیی و بیانییەکانی کوردەکانی عێراق

بەشی جیهان- دکتۆر ئادریانۆ دیری، لێکۆڵەری مافی نێونەتەوەی لە زانسگای ڕۆم بە کوردپرێس دەڵێت: هەرێمی کوردستانی عێراق لە باکوور و باشوورەوە گوشاری خراوەتە سەر و لە نێوخۆیشدا یەکگرتوو نین.

دکتۆر ئادریانۆ دیری، لێکۆڵەری مافی نێونەتەوەی لە زانسگای ڕۆمی ئیتالیا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا چەند بابەتێکی لەبارەی کوردەکان بەتایبەت کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراق لێکدایەوە.

دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان

دکتۆر دیری دەڵێت دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانی عێراقی بەتایبەت لەبواری سیاسییەوە باش نییە و دەڵێت: هەرێمی کوردستانی عێراق لەنێوان دوو بنەماڵەدا دابەش کراوە.

ناوبراو زیاتر ئاماژەی دا بە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و وتی: ئەم ناوچەیە لە ئێستادا هەم لە باکوور و هەم لە باشوورەوە گوشاری خراوەتە سەر و دووبەرەکی لەنێوان کۆمەڵگای کوردەکانی عێراق، دەست بردنیان بۆ ڕیفراندۆم و کێشەی ژیئۆپۆلۆتیکی لە ڕیزی کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستاندایە.

ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی خواستی ژمارەیێک لە حزبە کوردەکان لە سلێمانی بۆ لامەرکەزیی زیاتر بە کوردپرێسی وت: داخوازیی بۆ لامەرکەزی لە سلێمانی تا ڕادەیێک گوماناویە. ئەگەر مەبەست لە لامەرکەزی لە سلێمانیدا، کردنی ئەو شارە بە پێتەختی ئەو حزبانەیە کە بنکەی سەرەکییان لەو پارێزگایەدایە، ئەم پرسە لەگەڵ ڕۆحی لامەرکەزیدا بە هیچ شێوەیێک یەک ناگرێتەوە.

ئامادەبوونی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان

دکتۆر دیری دەڵێت تورکیا مەبەستێکی تایبەتی لە ئامادەبوونی سەربازیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە و ئامانج لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت ئۆپەراسیۆنەکەی مانگی فێبریوێریی ڕابردوو زیاتر لە ڕووداوێکی ئاساییە. تورکیا بە ئاشکرا هەوڵ بۆ ئەوە دەات لە ناوچەکەدا ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت. ئەم پرسە سیاسەتی سەرەکیی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە لیبیەوە تا ئازەربایجان کە سەردەمێک ناوچەی ژێر کونترۆڵی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوون.

لێکۆڵەری مافی نێونەتەوەی لە زانسگای ڕۆمی ئیتالیا جەختی کردەوە کە تورکیا هیچ کاتێک دەست لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و دامەزراندنی بنکەی سەربازیی لەو ناوچەیەدا هەڵناگرێت.

ناوبراو لەبارەی کاردانەوەی حکوومەت و حزبەکانی هەرێمی کوردستان بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکەیان وتی: پرسێکی دیکە کە چ کەسێک بەرپرسە لە هاوردنی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان ئەمەیە کە لە بنەڕەتدا کوردەکانی عێراق یەکگرتوو نین و ئەمەش دەستی تورکیای کردۆتەوە بۆ فراون کردنی قەڵەمڕەو و ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە هەرێمی کوردستان. سەرەڕای ئەمەش زانین بە ڕاستیی بابەتەکە و ئەوەی کە چ کەسێک چ کارێک و بە چ ئامانجێک لەم ناوچەیەدا ئەنجام دەدات زۆر دژوارە.

جۆ بایدن و کوردەکان

دکتۆ دیری لەبارەی هەڵویستەکانی جۆبایدن هەمبەر پرسی کورد وتی: لە ڕوانینی یەکەمدا ڕەنگە جۆ بایدن، لەچاو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆمارێکی باشتر بێت بۆ کوردەکان بە تایبەت بۆ کوردی سووریا بەڵام مێژوو قەد دووپات نابێتەوە بەتایبەت لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە کە ئەکتەرەکانی و لە سەروویانەوە ڕووسیا بەدوای یاری کردن بە کارتی نوێدایە. قسە کردن لەبارەی فیدراڵیزم لە عێراق شوێن بە هیچ کوێ نابات و ئەوەش کە جۆ بایدن ساڵی 2006 لەبارەی دابەش کردنی عێراق بە سێ ناوچە وتی، لە ئێستادا بە جیدی نازانرێت. هەموو شتێک لەو کاتەوە تا ئێستا گۆڕدراوە. جۆ بایدن سێ مانگ بەرلە ئێستا وەکوو سەرۆکی ئەمریکا دیاری کرا و دۆسیەی عێراق و کوردستان جیاواز لە دیکەی حکوومەتەکانی پێشووی ئەمریکا بەڕێوە دەبات. هەروەهاش کە پێشتر جەختم کردەوە دەبێت دەقی یاسای بنەڕەتیی عێراق بەشێوەی جیدی جێبەجێ بکرێت پاشان دەتوانرێت باس لە هەرێمەکان، حکوومەت و گەشەسەندن لە عێراق بکرێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1517

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha