ڕۆژنامەی مۆرنینگ ستار: بێدەنگیی مەسڵەحەتیی بەریتانیا لە بەرامبەر شێوەی مامەڵەکردنی تورکیا لەگەڵ کورد
بەشی جیهان- ڕۆژنامەی مۆرنینگ ستار دەڵێت ڕەفتاری دەوڵەتی بەریتانیا و زۆربەی میدیاکانی ئەو وڵاتە لەبارەی شوازی مامەڵەکردنی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ کورد دووچاوەکیی تێدایە.

کوردپرێس:

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی مۆرنینگ ستار، دەوڵەتی بەریتانیا و میدیاکانی ئەو وڵاتە لە مەسەلەی دەستبەسەرکرانی سەرکردەیێکی دژبەرانی ڕووسیا بە شێوەیێکی فراوان ئەو بابەتەیان ڕووماڵ کرد ئەوەش لە کاتێکدا کە دەوڵەتی بەریتانیا بە هۆی پێوەندیی ملیار پۆندیی لەگەڵ تورکیا سیاسەتی بێدەنگیی لەبارەی ڕەفتاری سەرکوتکەرانی ئەردۆغان دژی کوردەکان هەڵبژاردووە و میدیاکانی ئەو وڵاتەش ئەو سەرکوتە ڕووماڵ ناکەن.

ڕۆژنامەی مۆرنینگ ستار جەختی کردۆتەوە کە ئەگەر ڕەفتاری تورکیا دژی کورد لە شوێنێکی وەک چین و هۆنگ کۆنگ ڕووی دابا دەوڵەت و میدیاکانی بەریتانیا بە توندی کاردانەوەیان پیشان دەدا.

ئەو گۆڤارە بیریشی هێناوەتەوە کە دەوڵەتی بەریتانیا لە مەسەلەی هێرشی تورکیا دژی کوردی سووریا ئەو کارە بە بەرگری کردنی تورکیا لە خۆی زانی و پاساوی بۆ دروست کرد.

مۆرنینگ ستار داوای لە دامەزراوە مەدەنییە بەریتانییەکان و میدیاکانی ئەو وڵاتە کردووە کە بەرامبەر ڕەفتاری هێرشکەرانی دەوڵەتی تورکیا دژی کوردەکانی ئەو وڵاتە و هێرش کردنیان بۆ سەر کۆمەڵگە کوردییەکانی عێراق و سووریا بێدەنگ نەبن.