بەرپرسێکی کوردی عێراقی: نەبوونی مکانیزمی ئەمنیی نێوان هەولێر و بەغدا بۆتە هۆی بەهێزبوونەوەی داعش
بەشی جیهان- بەپرسی پێوەندییەکانی دەرەوە لە دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت هۆکاری دەسەڵات گرتنەوەی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان نەبوونی مکانیزمێکی ئەمنیی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانە.

کوردپرێس:

نیاز بارزانی سەرکی کاروباری دەرەوە و دبڵۆماسی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێی وایە کێشەی سەرەکیی ئێستا لەبارەی جموجووڵی داعش لە عێراق پەیوەستە بە خۆنواندنی ئەو گرووپە لە ناوچە جێناکۆکەکان.

نیاز بارزانی بە گۆڤاری نەشناڵ ئینتەرسەتی ئەمریکیی گوتووە کێشەی پەیوەست بە داعش لە عێراق، بوونی ئەو گرووپەیە لە ناوچەی جێناکۆکی عێراق و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە مکانیزمێکی ئەمنیی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لەو ناوچەیە بوونی نیە.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و نیاز بارزانی گوتویانە پشتگیرییەکانی هاوپەیمانیی دژەداعش بۆ پێشمەرگە لە شەڕی دژبەو گرووپەدا بەردەوامە و بە نەشناڵ ئینتەرسەتیان وتووە هاوپەیمانی ئێستاش پێبەندە بە درێژەدانی هاوکارییەکانی لەگەڵ هێزە کوردەکانی عێراق.