دادگاکانی تورکیا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت دەکەن
بەشی تورکیا- یاساناس و سیاسەتوانی کوردی تورکیا بە کوردپرێسی وت: بڕیاری دادگاکانی تورکیا دژی دژبەرانی دەوڵەت یاسایی نیە و بڕیاری سیاسین و خزمەت بە بەرژەوەندیی لایەنی دەسەڵاتدار دەکەن.

کوردپرێس:

سدقی زیلان یاساناس و سیاسەتوانی کوردی تورکیا لەبارەی گوشاری هاوپەیمانیی دەوڵەت و پارتی نەتەوەپەرستی تورک بۆ هەڵوەشانەوەی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) بە کوردپرێسی گوت: هاوپەیمانیی ئاکپارتی و پارتی نەتەوەپەرستی تورک لە ساڵی 2015شدا بۆ هەڵوەشانەوەی هەدەپە پێکهێنرا. هەدەپە پارتێکی خاوەن قوراسیی کوردە لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا و بەو بۆنەیەشەوە گوشارەکانی سەر ئەو پارتە زیادی کردووە. لە ئێستادا ژمارەیێکی زۆر لە ئەندامان و کادیرەکان و سەرۆکەکانی ئەو پارتە لە زینداندان.

ناوبراو گوتیشی لەبارە ئەم بابەتەوە ئەم دەوڵەت باخچەلی کە سەرۆکایەتیی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا دەکات بە ئاشکرا گوتی کە هەدەپە دەبێت هەڵبوەشێتەوە و لەو ڕێگایەوە کار بۆ نەوعێک گوشاری سیاسی دەکات و دادگاکانی تورکیاش خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت و هاوپەیمانێتیی نێوان ئاکپارتی و مەهەپە دەکات.

ئەو یاساناسە کوردە زیادی کرد: ئەم ڕەفتارەی دەوڵەت و قۆرخ کردنی دەسەڵات نەم هەر لە نێوخۆی تورکیا بۆتە هۆی ناڕەزایی بەڵکوو لە دامەزراوە یاسایییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە جیهانیش ناڕەزایی بەرامبەر ئەو بابەتە دەربڕدراوە. لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا تورکیا هەوڵی داوە خۆی بگەیێنێتە ئاستی ستانداردەکانی یەکێتیی ئەورووپا و لە سەرەتای دەوڵەتی ئاکپارتیشدا ئەو هەوڵانە دەبینران بەڵام تا دێت دۆخەکە خراپتر دەبێت و بەرامبەر مەسەلەی کورد ئاقارێکی قەیراناوی دەخولقێت.

ناوبراو ئاشکراشی کرد دەوڵەت لە ساڵانی ڕابردوودا سیاسەتەکانی سەرکەوتوو نەبوون و ئاڕشتەی دەوڵەت بەرەو ڕووخان چوو هەر بۆیەش ناچار بوو لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرستی تورکدا هاوپەیمانێتی بکات لە ڕاستیدا دەوڵەت ڕێگای دەربازبوونی خۆی بە هاوپەیمانێتی کردن لەگەڵ مەهەپە بینییەوە.

سدقی زیلان دووپاتی کردەوە هەدەپە پارتێکی خاوەن قورساییە و هەتا زیاتر خۆی وەک پارتێک بۆ تورکیا بناسێنێت بەڵام لە گۆڕەپانی سیاسییە کرودستانیش و لە سەرتاسەری تورکیاش کارتێکەریی فراوانی هەیە و لایەنگر و بەردەنگی ئەو پارتە کوردەکانن.

ئەو سیاسەتوانە کوردەی کوردستانی تورکیا لەبارەی ئەگەری هەڵوەشانەوەی هەدەپە و ڕێکارە سیاسییەکان بۆ پاش ئەو هەڵوەشانەوەیە گوتی: ئێستاش دیار نیە هەدەپە چیی بەسەر دێت. ئایا هەڵدەوەشێتەوە و کادیرەکانی پارتێکی تر دادەمەزرێنن یان خود دەچنە هاوپەیمانێتی لەگەڵ حیزبێکی تر.

ناوبراو گوتیشی ئەگەر دەوڵەت بەردەوام بێت لە هەڵوەشانەوەی هەدەپە یان خود یارمەتیی داراییی هەدەپە ببڕێت لە باری یاسایییەوە هەدەپە قەدەغە دەکات بۆ ئەوەی کەشی سیاسیی دڵخوازی خۆی لە هەڵبژاردنەکاندا دەستەبەر بکات.

سدقی ززیلان لە کۆتایی بیریشی هێنایەوە کە دەوڵەت باخچەللی بە بێ هەماهەنگی لەگەڵ ئاکپارتی ئەو قسانە ناکات و بە دڵنیایییەوە ئەردۆغان و پارتی دادو گەشەپێدانیش پشتگیریی ئەو بابەتە دەکات و خوازیاری دەرکردنی هەدەدپەیە. ئەگەرچی ئەو ڕەفتارانە دژی پەیڕەوەکانی مافی مرۆڤە بەڵام لایەنی دەسەڵاتدار هەموو شتێک دەکات بۆ سڕینەوەی دژبەران و کوردەکان.