ئەحمەد دڵزاری شاعیر لە تەمەنی 101 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

بەشی فەرهەنگ- ئەحمەد دڵزار، شاعیری بەناوبانگی کورد لە تەمەنی 101 ساڵیدا لە هەولێر کۆچی دوایی کرد. 

کوردپرێس:

ئەحمەد مستەفا محەممەد ناسراو بە دڵزار، لەدایکبووی 1920، شاعیر و سەربازێکی کوردی بەشداربووی جەنگی جیھانیی دووەمە.

ژیانی سەرەتایی

دڵزار کە ناوی تەواوی، ئەحمەد مستەفا محەممەد ئاغای حەوێزییە، لە ساڵی 1920 لە شاری کۆیە و لە بنەماڵەیەکی ناسراو، بەڵام دەستکورت لە دایک بووە، کە ئەوکات تازە جەنگی جیھانیی یەکەم کۆتایی پێھاتووە و گرانییەکی سەیر ڕووی لە کوردستان کردووە. دایکی ناوی عائیشە عەبدول عەزیزی نەوەی کاکی زێوە بووە.

باوکی ھەمیشە شیعری فارسی بۆ کردوونەتەوە کوردی، ھاوکات داستانی جوانیشی بۆ خوێندوونەتەوە، لەوانە شانامەی فیردۆسی، کە کاریگەری لەسەری ھەبووە، ھاوکات ئەوەش دەڵێ، کە لە تەمەنی حەوت ساڵیدا باوکی ڕادەستی مەلا ئەسعەدی کردووە و فێری نووسین و خوێندنەوە بووە، ماوەی دوو ساڵێک لە حوجرەی مزگەوت خوێندوویەتی.

لە ساڵی 1929 و لە تەمەنی نۆ ساڵیدا دەچێتە بەر خوێندنی سەرەتایی لە کۆیە، دوای ئەوەی لە ساڵی 1937 بۆ یەکەمجار قوتابخانەی ناوەندی لە کۆیەدا دەکرێتەوە، ئەویش دەچێتە ناوەندی و دواتر دەست لە خوێندن ھەڵدەگرێت، دواتر لە 28ی شوباتی 1943 دەبێتە سەرباز.

ژیانی سەربازی

دڵزار سەربازێکی سوپای لیڤی عێراقی بوو کەوا لەلایەن بەڕیتانیاوە سەرپەرشتی دەکرا و لە کورد، ئاشووری و تورکمان پێکھاتبوون. لە ساڵی ١٩٤٣ لە کۆیە بێ کاربووە، لەوێ پەیوەندی بە سوپای لیڤییەوە کرد و لە ١٩٤٣ تاوەکو ١٩٤٤. سەرەتا لە حەبانییە، بەغدا و بەسڕە لە عێراق ماونەتەوە بۆ ڕاھێانی سەربازی، دواتر لەڕێگەی سوریاوە چوونەتە فەڵەستین لە کانوونی یەکەمی 1944. بە گوتەی دڵزار، سوپای لیڤی زیاتر لە هەشت ھەزار سەربازی کوردی لەخۆ گرتبوو.

دڵزار و ھاوڕێکانی تا بەکۆتا ھاتنی جەنگ لە حەیفا ماونەتەوە. بە گوتەی دڵزار، نزیکەی ٤٠ سەربازی کورد لە ڕیزەکانی پێشەوە جەنگاون، بەتایبەتیش لە ناوچەی باکووری ئیتاڵیا، و ناوی کەریم عەبدولواحید حاجی عەزیزی ھاوڕێی بەتایبەت ھێناوە و دەڵێ دوو جار لەڕێگەی پەڕەشوتەوە خۆی گەیاندووەتە بەرەکانی جەنگ.

ژیانی دوای جەنگ

ساڵی 1959 بە ئەندامی یەکێتی ئەدیبانی عیراق وەرگیراوە. لە ساڵی 1970ش بە ئەندامی یەکەم دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتی نوسەرانی کورد ھەڵبژێردرا.

لەنێوان ساڵانی 1974 بۆ ساڵی 1979 نوێنەری بەرەی نیشتیمانی بووە لە لیژنەی ھەولێردا، لەپاڵ ئەمەدا ئەندامی دەورەی یەکەمی ئەنجومەنی یاسا دانان بووە لە ھەرێمی کوردستان. لە ساڵی 1975دا بە ئەندامی ئەنجومەنی ھاوکاری عێراقی ئاشتی وەرگیرا. دواتر کوردستانی جێھێشتووە تا ئێستاش لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە.

شیعرێک دەربارەی ژیانی خۆی

ھەشتی یەکی ھەزار و نۆسەد و نەوەت و دوو

حەفتا و دوو ساڵی ڕەبەق لە تەمەنم تەواو بوو

وەک کەسانێکی ئازاد، ژینی ئاسایی نەژیاین

دوای بەندی و پارتیزانی ئێستاش وا لە غوربەتاین

بەڵام ئەوەی کە مایەی سەبەرزی و شانازییە

سەرشۆرنەکردنمان و خەبات و گیانبازییە

News Code 1547

Your Comment

You are replying to: .
captcha