ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا خاوەنی بڕیارەکانی خۆی نییە
بەشی سووریا- نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت: لە ئێستادا دانوستانی نێوان لایەنە کوردیەکانی سووریا ڕاگیراوە.

«هۆشەنگ دەروێش» نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە پڕۆسەی دانوستانەکانی نێوان ڕەوتە کوردییەکان لە سووریا و وتی: دانوستانی کوردی-کوردی لە ئێستادا ڕاگیراوە. پاش قۆناخی یەکەم و دووهەمی دانوستانەکان کە سەرکەوتووانە بوون لە ئێستادا بەهۆی گوتاری توندی بەرپرسانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد ڕاگیراوە.

ناوبراو درێژەی دا لە ئێستادا نوێنەری ئەمریکا دەستی کردووە بە گفتوگۆ لەگەڵ دوو لایەنەکەدا تاکوو بۆ سەر مێژی گفتوگۆ بگەڕێنەوە و هەروەها ژەنراڵ کۆبانی داوای لە هەروو لایەنەکە کردوو دەست بە دانوستان بکەنەوە.

هۆشەنگ دەروێش وتیشی: ئێمە وەکوو حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (PYNK) ئامادەین بەبێ مەرج دانیان دانوستانەکان دەست پێبکەینەوە بەڵام ئەنەکەسە خاوەنی بڕیاری سیاسی نییە و بەهۆی ئامادەبوونی هاوپەیمانیی ئەخوانی-تورکی نەیارانی سووریا ناتوانێت لەبارەی دانوستانی کوردی-کوردی بڕیاری سەربەخۆ بدات.

نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستانی عێراق وتیشی: بەرپرسانی ئەنجومەنی نیشتمانی لە وتەکانیاندا حزبەکانی یەکێتیی بە تاوانبار وەسف دەکەن بەڵام لە ڕاستیدا پرسەکە وا نییە و ئەنەکەسە لەژێر کاریگەریی گرووپەکانی تردایە و ئەمریکییەکانیش ئەم ڕاستیە دەزانن.

هۆشەنگ دەروێش وەبیری هێنایەوە: گرینگ ئەمەیە کە ئێمە وەکوو حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی بڕوامان بە گفتوگۆیە و ئامادەین بۆ داهاتووی خەڵکەکەمان لە کوردستانی سووریا، دانوستان بکەین و ئەنجومەنی نیشتمانی ئەگەر داخوازیێکی هەیە پێویستە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113