گۆڤاری ئێکۆنۆمیست تایمز: ئەردۆغان بۆ هەمیشە کوردەکانی تورکیا لە دەست دا

بەشی تورکیا- گۆڤاری ئێکۆنۆمیست تایمز لە بابەتێکدا نووسیی: ئەردۆغان مومکینە بۆ هەمیشە دەنگی کوردەکانی تورکیا لە دەست بدات و بە هەڵوەشانەوەی پارتی کوردیخوازی دیموکراتیکی گەلانیش دەنگی کوردەکان دەچێتە سەبەتەی لایەنی موعارەزەوە.

کوردپرێس:

گۆڤاری ئێکۆنۆمیست تایمز لە بابەتێکی شرۆڤەییدا نووسیویەتی پێوەندییەکانی ئێستای پارتی باڵادەست واتا ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە خراپترین حاڵەتی خۆیدایە و هۆشداریی ئەوەشی داوە کە نابێت ئەردۆغان چیتر چاوەڕوان بێت دەنگدەری کورد پاڵپشتیی لێبکات چوونکە پێ دەچێت بۆ هەمیشە دەنگی کوردەکانی لەدەست دابێت.

ئەو گۆڤارە دەشڵێت هاووڵاتییانی تورکیا بەشێوەی نیوە بە نیوە پاڵپشتی ئەردۆغان و پاڵپشتی دژبەرانی ئەون بەڵام جەختیشی کردۆتەوە کە ئەوە کوردە دەستنیشانی دەکات کامە لایەن براوە بێت.

ئێکۆنۆمیست تایمۆ هۆشداریی بە ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا داوە کە قەدەغەکردنی پارتی کوردیخوازی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) ناتوانێت بە واتای ئەوە بێت کە کورد بەرەو لای ئەردۆغان بکشێن بەڵکوو ئەگەری ئەوە هەیە کە دەنگی پێکهاتەی کورد بچێتە سەبەتەی لایەنی ئوپۆزسیۆنەوە کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا ئەو شتە ڕووی دا و دەنگی کورد لە دوو گەورەشاری ئەنقەرە و ئەستەنبۆڵ دەنگی یەکلاکەرەوە دەبێت.

وۆهاب کاسکان شرۆڤەکار دانیشتووی دیاربەکرە کە شارێکی ناسراوی کوردنشینی تورکیایە و لە پشتڕاستکردنەوەی ئەم بابەتەدا بە ئێکۆنۆمیست تایمزی وتووە ئەگەر کەسێک نیازی بێت لە تورکیا دەسەڵات وەربگرێت پێویستە ڕەچاوی قورساییی کورد بکات و بە وریایییەوە مامەڵە لەگەڵ کورد بکات.

بەڵام باشاک دەمیرتاش هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاس هاوسەرۆکی پێشوو و بەندکراوی پارتی کوردیخوازی دیموکراتیکی گەلان لەو بڕوایەدایە کە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان بۆتە هۆی تێکچوونی باڵانی ژیانی هاووڵاتییانی تورکیا.

ناوبراو بە ئێکۆنۆمیست تایمزی وتووە ئێستا تورکەکان و کوردەکان لە تورکیا ناتوانن بەشێوەی یەکسان لەگەڵ یەکتر بژین. نوێنەرانی کورد دەستبەسەر دەکرێن و دەنگدەری کورد پەراوێز خراوە.

بەگوێرەی نووسراوی ئێکۆنۆمیست تایمز، ئەردۆغان کە لە کورد بێهیوا بووە بۆ ڕاکێشانی دەنگی نەتەوەخوازەکان و پارتی بزاڤی نەتەوەپەرستیش بووبێت لە مەڕ سڕینەوەی ڕەوتی سیاسیی دەستووری لە تورکیا ئیرادەی خۆی نواندووە و ڕژدە لەو کارە و پێ دەچێت بۆ قەدەغەکردنی چالاکیی سیاسەتوانانی نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلان ماوەی 5 ساڵ چالاکییەکانیان قەدەغە بکات و بینای نووسینگەی هەدەپەش دابخات.

News Code 1571

Your Comment

You are replying to: .
captcha