یەکەم کاروانی ڤاکسینی فایزەر گەیشتە هەرێمی کوردستان
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- یەکەم کاروانی ڤاکسینی فایزەر گەیشتە هەرێمی کوردستان و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیێکی کورتدا بەسەر ناوەندە تەندروستییەکاندا دابەش بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌کۆنگره‌یێکى ڕۆژنامه‌وانیدا، سامان به‌رزنجى وه‌زیرى ته‌ندروستى حکوومه‌تى هه‌رێم ئاشکرای کرد، ئه‌مشه‌و بڕى 2070 ژه‌مه‌ ڤاکسینى ڤایزه‌ر گه‌یشته‌ هه‌رێمى کوردستان‌ و سبه‌ینێش 20 هه‌زار له ‌ڤاکسینه‌ چینیه‌که‌ ده‌گاته‌ هه‌رێم.

له‌ په‌یامێکیشدا داواى له ‌هاوڵاتیان کرد په‌له‌ بکه‌ن له‌ ناونووسینیان به‌شێوه‌ى ئۆنلاین بۆ ئه‌وه‌ى ژه‌مه‌ ڤاکسینه‌کان وه‌ربگرن، جه‌ختیشی کرده‌وه‌، "به‌شداربوونى هاوڵاتیان له‌خۆ تۆمارکردنیان به‌شێوه‌یه‌ى به‌رچاوه‌".

ئاشکراشی کرد، شێوازى پێدانى ڤاکسینى ڤایزه‌ر جیاوازه‌ له‌ ڤاکسینه‌کانى دیکه‌، "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سێ سه‌نته‌ر له ‌سلێمانى ‌و سیانیش له‌ هه‌ولێر و دوانیش له‌ دهۆک تایبه‌ت کراون به‌به‌کارهێنانى ڤاکسینى ڤایزه‌ر".

پێشتریش لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی تەندروستی هیواى خواستبوو‌، هاوڵاتیان خۆیان تۆماربکەن لە سیستەمی ئۆنڵاین ‌و دەستبەجێ ڤاکسین وەربگرن.

پێشتر وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی‌ و ژینگه‌ی عێراق ڕایگه‌یاندبوو، ئاماده‌کاری ته‌واویان کردوه‌ بۆ وه‌رگرتنی ڤاکسینی "فایزه‌ر بایۆنتیک"، بۆئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌ست به‌دابه‌ش کردنی بکرێت، هه‌روه‌ها به‌شی هه‌رێمی کوردستانیش ڕه‌وانه‌ بکرێت.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی‌ و ژینگه‌ی عێراق ئه‌وه‌شی خستبوە‌ڕوو، "له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ بڕی زیاتر هه‌شت ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا ته‌رخان کراوه‌، بۆ گرێبه‌ستیش له‌گه‌ڵ کۆمپانیای فایزه‌ر سێ ملیۆن دۆلار دیاری کراوه‌ که‌ هه‌ر ڤاکسینێک به‌دوو دۆلار ده‌کڕدرێت، بڕیاریشه‌ ملیۆنێک و 500 هه‌زار ژه‌مه‌ ڤاکسینی فایزه‌ر بگاته‌ عێراق".

له‌ماوه‌ی ڕابردوشدا ڤاکسینی "ئه‌سترازینکا"ی به‌ریتانی، "سینۆفارما"ی چینی ڕه‌وانه‌ی عێراق ‌و هه‌رێم کران ‌و به‌سه‌ر بنکه‌ ته‌ندروستیه‌کان دابه‌ش کران.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113