وانەی پانزدەهەمی ڕێنووسی کوردی: کێشەی "ی" وەک جێناوی بکەری کار
بەشی فەرهەنگ- لە وانەی پانزدەهەمی ڕێنووسی کوردیی ئارامیدا تیشک دەخەینە سەر هەڵەیێکی دیکەی ڕێنووسی کە بەشێوەی باو لە میدیا و ڕۆژنامە و چاپەمەنییە کوردییەکاندا بەکار دەچێت و خاڵێکی گرینگی ڕێزمانیی تێدا پەراوێز خراوە.

کوردپرێس:

هەندێک وشەی کار لە زمانی کوردیدا کاری لێکدراون هەندێکی دیکەش کاری ناتەواون. واتا کارەکە تەواوکەر (متمم)ی لەگەڵ دەبێت.

بۆ نموونە کاری ناتەواوی «کردن» پێویستی بە تەواوکەر هەیە و لە ڕێژەی ڕابردوودا جێناوی کار دەلکێت بە بەرکار (مفعول)ەوە: داوای یارمەتیم کرد.

وەک لە خشتەکەدا دەردەکەوێت وشەی یارمەتی کە بەرکارە بە پیتی دەنگدار یان بزوێنی "ی" تەواو دەبێت و لکانی "ی"ی جێناوی سێهەم کەسی تاک و "یان"ی جێناوی سێهەم کەسی کۆ زەرووەرەتێکە و پێویستە لە نووسیندا ڕەچاو بکرێت.

یەکەم کەسی تاک

داوای یارمەتیم کرد

یەکەم کەسی کۆ

داوای یارمەتیمان کرد

دووهەم کەسی تاک

داوای یارمەتیت کرد

دووهەم کەسی کۆ

داوای یارمەتیتان کرد

سێهەم کەسی تاک

داوای یارمەتیی کرد

سێهەم کەسی کۆ

داوای یارمەتییان کرد

 

 

 

 

 

 

خاڵێکی دیکەی هەڵەی ڕێنووسی لە بارەی «ی»وە وەکوو جێناوی بکەری کردار دەگەڕێتەوە بۆ ڕێژەی سێهەم کەسی ڕابردوو و ناڕابردوو (موزارع)ی کاری ناتەواو. لەو حاڵەتەشدا هەر کاتێک بەرکاری کردارەکە بە پیتی دەنگداری «ی»وە تەواو بووبێت پێویستە هەر دووک «ی»ی وشەکە و «ی»ی جێناوی بکەری کرداریش بنووسرێت بۆ نموونە:

دەقە کوردییەکان هەڵە و ناڕێکیی تێدایە.

یان:

ئەو گرووپە پڕۆسەی ئاشتیی تێک دا

یەکەم کەسی تاک

پڕۆسەی ئاشتیم تێکدا

یەکەم کەسی کۆ

پڕۆسەی ئاشتیمان تێکدا

دووهەم کەسی تاک

پڕۆسەی ئاشتیت تێکدا

دووهەم کەسی کۆ

پڕۆسەی ئاشتیتان تێکدا

سێهەم کەسی تاک

پڕۆسەی ئاشتیی تێکدا

سێهەم کەسی کۆ

پڕۆسەی ئاشتییان تێکدا

 

 

 

 

 

 

هەندێک وشەی "کار" هەن کە بە دەنگ یان بزوێنی "ی" کۆتایی دێن. ئەم وشانەش لە نووسیندا زۆر جار بە هەڵە دەنووسرێن. واتا لە حاڵەتی سێهەم کەسی تاک و کۆدا کە جێناوە لکاوەکان وەک بکەری کارەکە بە کارەوە دەلکێن پیتی "ی"یان تێدا ڕەچاو ناکرێت و ئەمەش هەڵەیە. نموونە: کاری نووسین بۆ شەش کەسی تاک و کۆ لە حاڵەتی ڕابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

یەکەم کەسی تاک

من نووسیم

یەکەم کەسی کۆ

ئێمە نووسیمان

دووهەم کەسی تاک

تۆ نووسیت

دووهەم کەسی کۆ

ئێوە نووسیتان

سێهەم کەسی تاک

ئەو نووسیی

سێهەم کەسی کۆ

ئەوان نووسییان

 

 

 

 

 

 

دیارە شەش جێناوی لکاوی کوردی کە بە کارەوە دەلکێن بریتین لە م-ت-ی-مان-تان-یان. پێویستە ئاخێوەرانی زمان لە کاتی نووسیندا ئەم جێناوانە ڕەچاو بکەن و وەک لە گوتندا دەردەکەوێت لە نووسینەکەشدا پێویستە بنووسرێن.