ئەمڕۆ سەدەمین ساڵیادی لە دایکبوونی مامۆستا «هەژار موکریانی» کیمیاگەری ئەدەبی کوردییە

بەشی فەرهەنگ- ئەمڕۆ سەدەمین ساڵیادی لە دایکبوونی مامۆستا عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی ناسراو بە «هەژار» شاعێر، نووسەر، وەرگێڕ، فەرهەنگ نووس، وشەناس، لێکۆڵەر و وێنەگری کوردە.

کوردپرێس:

عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی کوڕی حاجی مەلا محەمەد (لە دایکبووی 25ی خاکەلێوەی 1300 لە مەهاباد و کۆچ کردووی 2 ڕەشەمەی 1369 لە کەرەج) بە نازناوی "هەژار" شاعێر، نووسەر، وەرگێڕ، فەرهەنگ نووسی کوردە و و شیعرەکانی ئەحمەدی خانی ،وەفایی و مەلای جزیری کاریگەری لەسەر ھەستی بووە.

مامۆستا هەژار لە حوجرەی خانەقا و مزگەوتەکاندا فێری ئەلف و بێی نووسین دەبێ تا ئەوەی کە بەو ئاڵووگۆڕیانەی کە لەم سەردەمەدا دێنە ئاراوە پەڕیوەی کوردستانی گەرمێن و عێراق و سووریا دەبێت و لەم چەند ساڵەی‌ ئاوارەیی‌دا ئەزمونێکی باش لە بواری ڕۆژنامەگەری، پتەو کردنی زمانی عەرەبی و بوونە ئەندام لە کۆڕی زانیاری کورد بۆخۆی وەدەست دەهێنێت.

ئەوەی کە دەبێ لەسەر کەسایەتی مامۆستا هەژار دانی پێدا بندریت ئەوەیە کە هەژار بە نیسبەت ئەدیبان و نووسەرانی سەردەمی خۆی گەڕیدەترە و سەری بە زۆر شوێن و باژێراندا کردووە و ئەوە بۆتە هۆی ئەوەی کە هەژار بە زۆربەی زاراوەکانی کوردی ئاشنا بێت و هەر بە زاراوەی سۆرانی و بن‌زاراوەی موکریانی قەناعەت نەکات. کاتێک کە لە نووسراوە و وەرگێڕانەکانی ناوبراو دەخوێنێوە بە جوانی ئەو شتە خۆی نیشان دەدات.

ژیانی مامۆستا هەژار بە گشتی بە سێ قۆناغ دابەش دەبێ، یەکەم قۆناغ ئەدەبییە کە نووسینی شێعر و نووسراوە لە گۆڤارەکانی ساڵانی ٢٢ – ٢٥ی هەتاوی و ٤٣ – ٤٦ی زایینی تا دوایی دەگرێتەوە. دووهەم قۆناغی ژیانی ناوبراو چوونە ناو دونیای خەباتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بووە و سێهەم قۆناغی ژیانی موکریانی ڕاپەڕاندنی کارە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی بووە کە لە ساڵی ١٣٥٤ بۆ سەرێ دەگەڕێتەوە کە بە ماوەی ١٥ ساڵان باشترین خەرمانی فەرهەنگی و ئەدەبی بەرهەم هێنا.

عەبدوڵڕەحمان شەڕەفکەندی کەسایەتییەکە کە لە بواری نووسین، شێعر و وەرگێڕان‌دا کاری کردووە و لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان‌دا قەڵەمی لێداوە و بابەتی جۆراوجۆری لێ بڵاو بۆتەوە و لەو شوێنانەی کە لێی نیشتەجێ بووە هاوکاری زۆر یەک لە بڵاوکراوە و بلاڤۆکەکانی کردووە. موکریانی نزیکەی ١٩ کتێبی چاپ کراوی هەیە.

کتێبەکانی مامۆستا هەژار بە سێ بەشی نووستن (تالیف)، شێعر و وەرگێڕان (ترجمە) دابەش دەبن کە بریتین لە:

شێعر: ئاڵەکۆک، بۆ کوردستان، بەیتی سەرەمەڕ (چیرۆکە شێعر).

وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی: مەم و زین، ڕوباعیاتی حەکیم عومەر خەیامی نەیشابووری، شەڕەفنامە، هۆزی لە بیر کراوی گاوان، ئارێ برا! وا ڕابرا، دایە باوە کێ خراوە، عیرفان/ بەرامبەری/ ئازادی، یەک لە پەنای خاڵ و سیفری بێ بڕانەوە، پێنج ئەنگست دەبنە یەک مست، قورئانی پیرۆز، مێژووی ئەردەڵان (لێکدانەوە و وەرگێڕان)، شەرحی دیوانی شێعری شێخ ئەحمەد جەزیری بە کوردی سۆرانی (لێکدانەوە و وەرگێڕان).

وەرگێڕان بۆ سەر زمانی فارسی: قانون در طب، آثار البلاد و اخبار العباد

نووسراوە: چێشتی مجێور، هەنبانە بۆرینە،

بڵاو نەکراوەکان: تاریخ سلیمانییە (وەرگێڕان بۆ سەر زمانی فارسی)، روابط فرهنگی ایران و مصر (وەرگێڕان بۆ سەر زمانی فارسی)، فەرهەنگی وشەی فارسی (وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی)

هەر وەک ئاماژەی پێدرا هەژار مامۆستایێکی زمان‌زان و زمان‌ناسی هەڵکەوتە بوو کە جێ دەستی لە "کۆڕی زانیاری کورد" لە بەغدا دیار بوو. بۆ کەسێک کە جارێک کتێبەکانی قوڕئانی پیرۆز، شەرحی خەیام و شەڕەفنامەی خوێندبێتەوە، ئەم خاڵە بەهێزەی مامۆستا هەژاری بۆ دیار دەکەوێت، جا لە نەسرەکەی شەرەفنامە ڕا بگرە تا شێعرە وەرگێڕاوەکەی خەیام.

یەکێک لە گرینگترین وەرگێڕانەکانی‌تر قوڕئانی پیرۆزە کە موکریانی بە زمانێکی بێ گرێ و گۆڵ بۆ سەر زمانی کوردی وەریگێڕاوەتەوە. لە بەشی وەرگێڕانی فارسی‌شدا کتێبی قانون در طبی ئێبنەسینا کە لە ڕاستیدا کاری گرووپێکی زانستگایە کە شەڕەفکەندی بەو لێهاتووییەی کە لەسەر زمانی عەڕەبی هەیبوو توانی بە زمانێکی ڕەوان بۆ سەر زمانی فارسی وەریگێڕێتەوە و ئەم پڕۆژە گەورەیە بە ئاکام بگەیەنێ.

موکریانی بە کارەکانی توانی کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند کات و بە وشەی قەڵەمی و بیر و هزری کوردانەی توانی ڕێچکەیەکی تایبەتی وەرگێڕان بۆخۆی ساز بکات و لەسەر ئەم ڕێچکەیە خەرمانێکی پڕ بەرەکەت بۆ نەوەی داهاتوو بەدی بهێنێت کە هەر شایانی خوێندنەوە و بەهرە وەرگرتن بێ. هەژار کەسایەتییەکە کە هەموو کوردێک شانازی پێوە دەکات.

سەرچاوەکان:

چێشتی مجێور

تاریخی مەشاهیری کورد

هاژە

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1607

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha