مەسروور بارزانى: گرووپە چەکدارە نافەرمییەکان دەبێت دەستبەجێ لە سنووری هەرێم بکشێنەوە
‏بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسروور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێم رایگەیاند، خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی پشت ئەم هێرشەی ئەمشەو، باجی کردەوەکانیان دەدەن.

کوردپرێس:

‏لە چەند تویتێکى جیادا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیى تویتەر مەسروور بارزانى رایگەیاند،‏بە توندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەی سەربازی تورکیا لە باشیک و ئەو گرووپە تیرۆریستییەی لە پشت ئەم کارەوەن دەکەم، ‏هێرشەکانی ئەم دواییە هەوڵێکی زۆر دیار و ئاشکران بۆ تێکدانی ئارامیی و ئاسایشی ئێمە و هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

سەرۆکى حکوومەت دەشڵێت، هەر گرووپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت، دەبێت دەستبەجێ لەسنووری هەرێمی کوردستان بکشێنەوە.

ئاماژەى بەوەش کردووە، لە ڕۆژانی داهاتوودا لەگەڵ هاوبەشانیان لە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆ لەسەر ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە دەکات.

هەروەها ڕوونیشی کردوە کە هەر ‏ئەمشەو لەگەڵ سەرۆک وەزیران مستەفا کازمى و محەمەد حەلبوسى سەرۆکی پەرلەمان قسەی کردوە بۆ جەختکردنەوە و دووپات کردنەوەی هەماهەنگییان دەربارەی ئامانجی هاوبەشیان بۆ لێپرسینەوە لەو گرووپە نایاساییانە.